بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان ئەمڕۆ هەینی لەبارەی چەند جۆرە دەرمانێکەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕیکلامی بۆ دەکرێت هۆشداری دا و ڕای گەیاند دەرمانەکە مەترسیدارە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دوکانەکانی فرۆشتنی بەناو گیادەرمان، بەردەوام بانگەشەی هەڵە و چەواشەکارانە بۆ مەبەستی چارەسەرکردن، کەمکردنەوە یان رێگریکردن لە نەخۆشیی بۆ کۆمـەڵێک بەرهەم دەکرێت، لە کاتێکـدا ئەو بەرهەمانە بەپێی پێوەرە زانستییەکانی رێکخستنە دەرمانسازییەکان، رێگەپێدراو نین، هاوکات بەردەوام ریکلام و بانگەشەی پەسەند نەکراو و درۆیینەی وەک؛ چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە، قەڵەوی، کێشکەمی، گەورەکردنی ئەندامەکانی جەستەی ئافرەتان، لاوازیی سێکسی، رەپنەبوونی چووک و گەورەکردنی چووکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دەکرێت.
بەپێی راپۆرتی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی دامەزراوە گەورەکانی دەرمان، ئەو بەرهەمانە مەترسیدارن، چونکە ماددە و دەرمانی شاراوە یان قەدەغەکراویان بە بڕی زۆر تێدایە، سەرجەمیشیان لێکەوتی مەترسیداری تەندروستیی لەسەر ئەندامەکانی لەش وەک؛ ئێسکەکان، گورچیلەکان، جگەر، گەدە، مێشک و دڵ، جێدەهێڵن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە کە هاووڵاتییان پێویستە ئاگادار بن کە ئەو بەرهەمە ساختانە رەنگە لە رێگای کەناڵە جیاوازەکانەوە بۆ فرۆشتن پێشکەشبکرێن، لەوانە؛ ئینتەرنێت، بازاڕە گەورەکانی ئۆنلاین، سۆشیال میدیا، ئیمێڵ، پۆست، ساڵۆن، دەرمانخانە، دووکانی گیادەرمانی، بەهاراتفرۆشەکان و کۆگای خۆراک.
هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە بەرهەمی دەرمانسازی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی لە رێگای راوێژی پزیشکی پسپۆڕ وەربگرن و دەرمانیش دوای راوێژی دەرمانساز لە دەرمانخانەکان بکڕن، تەنها ئەو دەرمانانە بەکاربهێنن کە ستیکەری کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لەسەرە.