بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی جووتیارانی عەنکاوە قەرەبوو دەکرێنەوە

بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی جووتیارانی عەنکاوە قەرەبوو دەکرێنەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی حوزەیرانی 2025، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە یاوەری ئەسیل مەقدەسی، بەرپرسی لێژنە ناوچەی عەنکاوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی شارەوانی عەنکاوە ئاری غەریب، زیاد سەلمان حوسێنی، بەرپرسی کۆمەڵەی مارعۆدای کشتوکاڵی، لەگەڵ نوێنەرانی زەوییەکانی ئەبرەشیەی هەولێر و ئەوانەی پەیوەستن بە وەرگرتنی زەوی کشتوکاڵی و زیندانیانی سیاسی، سەردانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ساسان عەونی و پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناویان کرد، بۆ بەدواداچوونی بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی تایبەت بە شارۆچکەی عەنکاوە و خەڵکەکەی کە داویانە.
لەو سەردانەدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕێکارەکانی جیىەجێکردنی بڕیارەکانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی کرا کە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی، وەک ڕاگەیەندراوە، ئەو بڕیارانە دوای هەوڵێکی سێ ساڵە بەدی هاتووە، بۆیە بڕیارەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە بڕیاری مێژوویی وەسف دەکرێت.
پرۆژەی نیشتەجێبوونی حەدیاب پێکهاتووە لە 720 شوقەی ئامادەکراو بە هەموو خزمەتگوزارییەکان بۆ گەنجانی عەنکاوە، لەگەڵ پرۆژەی باخچەی بابل بۆ خێزانەکانی عەنکاوە کە لەسەر ڕووبەری100 هەزار مەتر چوارگۆشە دروست دەکرێت.
تەواوی ئەو پرۆژانەش لە شارۆچکەی عەنکاوە، پرۆژەی گرنگ و پڕ بایەخی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن کە لەڕێگەوە هەوڵ دەدرێت شارۆچکەکە جوانتر و ئاوەدانتر بکرێتەوە