ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوکرایەوە

*ئەنجومەنی وەزیران جەخت دەکاتەوە کە نابێت ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، بە شێوەی ئێستای بخرێتە دەنگدان بەڵکوو دەبێت پێداچوونەوەی وردی بۆ بکرێت و مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا دەستەبەر بکرێت*
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی دوا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەبارەت بە ماددەی (10)ی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی2027، خستەڕوو.
هەروەها گفتوگۆ لەبارەی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی فیدراڵ، بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بۆ کاروباری وزە و بەشداری وەزیرانی نەوت و کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان و ئەنجامی گفتوگۆکانیان سەبارەت بە دۆسێکانی نەوت و وزە لە چوارچێوەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ کرا.
دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامی کۆبوونەوەکان، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵییە و ماف و دەسەڵات و شایستە داراییەکانی بە دەستوور پارێزراون. بۆیە پێویستە بودجەی گشتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، دادپەروەری و هاوبەشیی ڕاستەقینە ئامادە بکرێت، نەک بە بڕیار و ڕێکاری تاکلایەنەی حکومەتی فیدراڵی.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، دەبێت لەسەر بنەمای ڕێژەی (14.14٪)ی دانیشتووان و بەپێی ئەنجامی دوا سەرژمێری گشتی، دیاری بکرێت و هەموو ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم مسۆگەر بکرێن.
ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە نادەستووریبوون و نادروستیی ئەو بڕگە و خشتانەی ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2027، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە، ئامادە کراوە و ماف و شایستەکانی هەرێم پێشێل دەکەن، ڕوون بکاتەوە و لەگەڵ پێشنیارە جێگرەوەکانی هەرێم و هەموو بەڵگە دەستووری، یاسایی و داراییەکان، ئاڕاستەی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکانی کابینەی فیدراڵی بکات، بۆ پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی ڕەشنووسەکە.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات، ڕێگە نەدات ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ، بە شێوەی ئێستای بخرێتە بەر گفتوگۆ و دەنگدان، پێش ئەوەی پێداچوونەوەی ورد و پێویستی بۆ بکرێت و ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێم تێیدا مسۆگەر بکرێن.
ئەنجومەنی وەزیران، جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2027، لە سەردەمی کابینەی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، ببێتە دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕیشەیی و دەستووری بۆ کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەت، نەک ئەوەی لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ساڵانی ڕابردوو، هەمان کێشە و ناکۆکییەکان لە ساڵی داهاتووش دووبارە ببنەوە.
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، کە حکومەتی هەرێم، پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستووری و یاساییەکانی، بەڵام لە هەمان کاتدا پێداگرە لەسەر زامنکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم و هاووڵاتیانی و دەستبەرداری ئەو مافانە نابێت.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران، جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم بە ڕوونی و شەفافی هەموو زانیاری و داتا پەیوەندیدارەکانی، خستووەتە بەردەستی حکومەتی فیدراڵ و بەردەوام لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەردوو حکومەتەوە، وردبینی و پێداچوونەوەی هاوبەشی مانگانە و وەرزی ئەنجام دەدرێت. بۆیە ناکرێت پشت بە زانیاری و بانگەشەی بێ بنەما و بێ بەڵگە ببەسترێت و بڕیار و مەرجی تاکلایەنە، لە بودجەدا بسەپێنرێت.
لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران، پشتیوانی خۆی بۆ شاندی دانوستانکاری دووپات کردەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردەوە، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و بنەماکانی شەراکەتی فیدراڵیی پتەوتر بکات.



