مەسرور بارزانی بەردی بناغەی چەندین پڕۆژەی بازرگانی و گەشتیاری لە زاخۆ دادەنێت

مەسرور بارزانی بەردی بناغەی چەندین پڕۆژەی بازرگانی و گەشتیاری لە زاخۆ دادەنێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانێک بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەشداری لە کردنەوەی چەند پڕۆژەی بازرگانی و دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری دەکات.

لە بەشی یەکەمی سەردانەکەیدا، لقی کۆمپانیای نیسان و چەند پڕۆژەیەکی بازرگانی بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران دەکرێنەوە؛ هەنگاوێک کە ئامانجی فراوانکردنی چاڵاکییە بازرگانییەکان، دروستکردنی دەرفەتی کاری نوێ و پشتگیریکردنی جوڵەی ئابووری لە ناوچەکەدایە.

هەروەها، مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری «مارمۆنتانا» لە گەلیی زاخۆ دادەنێت. ئەم پڕۆژەیە کە گوژمەی وەبەرهێنانەکەی نزیکەی ١٢٠ ملیۆن دۆلارە، یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت و کۆمەڵێک هۆتێل، مۆتێل، نەخۆشخانە و شوێنی گەشتیاریی سەردەمیانە لەخۆدەگرێت.

بەپێی زانیارییەکان، رووبەری پڕۆژەکە هەشت هێندەی کۆڕنیشی زاخۆ دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری و زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران لە ناوچەکەدا بگێڕێت.

بەپێی پلانەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران بۆ دوو ملیۆن کەس لە ساڵێکدا.

لە بەشی دیکەی سەردانەکەیدا، سەرۆکوەزیران لە خوانی نیوەڕۆ لەگەڵ خەڵک و کەسایەتییەکانی ناوچەکە بەشدار دەبێت و پاشنیوەڕۆش سەردانی مەیدانیی کۆڕنیشی زاخۆ و پڕۆژەی وەبەرهێنانی «تۆگا پۆرتۆ مارینا» دەکات؛ پڕۆژەیەک کە کۆمەڵێک کافێ و چێشتخانەی براندی جیهانی لەخۆدەگرێت و لە قۆناخەکانی کۆتایی جێبەجێکردندایە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button