لە هەولێر ژمارەیەک گەڕەک کەمتر لە 51 هەزار دینار پارەی کارەبایان بۆ هاتووەتەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: چوار گەڕەکی هەولێر بۆ مانگی نیسان، کەمتر لە 51 هەزار دینار پارەی کارەبایان بۆ هاتووەتەوە.

شەممە 10ـی ئایاری 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەر یەکە لە گەڕەکەکانی: سەربەستی، بەختیاری، نازناز و شادی، کە پرۆژەی ڕووناکیان پێ گەیشتووە بۆ مانگی نیسانی ئەم ساڵ، بەبێ نرخی پاڵپشتیکراو کەمتر لە 51 هەزار دینار پارەی کارەباین بۆ هاتووەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پرۆژەی ڕووناکی، تا ئێستا  لە هەولێر 530 هەزار، لە سلێمانی 40 هەزار و لە دهۆک 30 هەزار هاوبەش هەن.
سێشەممە 6ـی ئایاری 2025، پرۆژەی ڕووناکی ڕایگەیاند، کوژاندنەوەی 729 موەلیدەی کارەبای گەڕەکەکان کە دەکاتە %10ـی سەرجەم موەلیدەکانی تەواوی گەڕەکەکانی کوردستان، پاش گەیاندنی پرۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 کاتژمێری بەو گەڕەکانە، وەک ئەوە وایە 120 هەزار ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگاکان لادەن کە دووانە ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدەن.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پرۆژەی گرنگیی خزمەتگوزاریی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خستووەتە جێبەجێکردن، لە نێویاندا کارەبای 24 کاتژمێری، کە بە پرۆژەی ڕووناکی ناسراوە، پرۆژەکە سەرەتا لە هەولێر جێبەجێ کرا دواتر گەیشتە هەر یەکە لە پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و بەمزووانەش دەگاتە هەڵەبجە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button