پارێزگاری هەولێر؛لە هاوینی ئەمساڵدا، ئاو دەگاتە گەڕەكەكان، بەوەش كێشەی كەمئاوی نامێنێت.

پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە، كە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر زۆرینەی كارەكانی تەواو بووە و لە هاوینی ئەمساڵدا، ئاو دەگاتە گەڕەكەكان، بەوەش كێشەی كەمئاوی نامێنێت.
ئەمڕۆ شەممە 10ی 5ی 2025، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: “پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاتژمێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40٪ـەکەی دیکەش لە ڕێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.”
ئەوەشی خستە ڕوو، كە “تاوەکوو کۆتایی ئەم ساڵ هەموو پڕۆژەکە تەواو دەبێت و تاوەکوو سەرەتای مانگی 7یش یەک هێڵی پڕۆژەکە تەواو دەبێت و دەتوانێت ئاو بنێرێت بۆ ژمارەیەک گەڕەکی نێو هەولێر.”
ئاماژەی بەوەش كرد، كە “پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت و کۆتایی مانگی شەش یان سەرەتای مانگی حەوت، ئاوی هێڵی یەکەمی پڕۆژەکە دەگاتە گەڕەکانی هەشتی حەسارۆک، دارەتوو، قەتەوی، بنەسڵاوە، باغڵومنارە و ژیان، بە گشتی گەڕەکەکانی سنووری شارەوانی چوار، پێنج و شەش ئاویان پێدەگات.”
پارێزگای هەولێر دەشڵێت: “بڕیارە بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، کێشەی چەند ساڵەی کەمیی ئاو لە هەولێر کۆتایی بێت.”
باسی لەوەش كرد، كە “کارەکان زۆرباش بەڕێوە دەچن، کاری شارستانیی 90%ـی تەواو بووە، کاری میکانیکی و کارەباییش زۆر بەخێرایی بەڕێوە دەچن و زۆرینەی ئامێرە پێویستییەکان کڕدراون.”
ئاماژەی بەوەش داوە، كە “پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە ڕەوانەی هەولێر دەکرێت، كە هێڵی یەکەم لە شەقامی 150 لە نزیک گەزنەوە دەست پێدەکات تاوەکوو ڕێگەی کەسنەزان، هێڵەکانی دوو، سێ و چوار بۆ نێو شارە، نێو شەقامی 120 مەتری و دەرەوەی شەقامەکەش.”
بەشێکی هەولێر ساڵانە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی بۆ دروست دەبێت، بۆ بنبڕکردنی کێشەکەش، لە 8ی 9ی 2024دا، مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان بهردى بناخهى پڕۆژهى فرياگوزاریی خێراى ئاوى ههولێری دانا، كە “ئێستا جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت و بڕیارە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، زۆرینەی بیرەکان دابخرێن.”