هێمن میرانی: بەناوکردنی ئۆتۆمبیل بە ئەلیکترۆنی دەکرێت

هێمن میرانی: بەناوکردنی ئۆتۆمبیل بە ئەلیکترۆنی دەکرێت
بازمیدیا ـ هەواڵی ناوخۆیی
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە پرۆسەی ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکانی ئۆتۆمبیل لە هەولێر دەستی پێکردووە و لە قۆناغی یەکەمدا تەنها بەشی بارهەڵگر لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لەخۆ دەگرێت.
میرانی گوتی ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ژێرخانی تایبەت و سیستەمی ئەلیکترۆنی هەیە و ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی لە سلێمانی، هەڵەبجە، زاخۆ، سۆران و ڕاپەڕین بەردەوامە.
بەپێی ڕوونکردنەوەکانی، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پرۆسەکە کاراکردنی پۆرتاڵێکی دیجیتاڵە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بەشێک لە مامەڵەکانی تۆمارکردن، دەرهێنان و گواستنەوەی خاوەنداریەتی ئۆتۆمبیل لە ماڵەوە ئەنجام بدەن.
هەروەها ساڵیانەی نوێی ئۆتۆمبیل بە شێوەی کارتێکی بچووک و بە ستانداردی ئەمنی و کوالێتیی جیهانی دیزاین کراوە و بە سیستەمی نوێ پەیوەست دەبێت.
هێمن میرانی جەختی کردەوە کە سیستەمی نوێ دەبێتە هۆی پتەوکردنی خاوەنداریەتی ئۆتۆمبیل و ڕێگری لە ساختەکاری لە گواستنەوەی خاوەنداریەتی.
لە هەمان کاتدا، ماوەی گواستنەوەی خاوەنداریەتی ئۆتۆمبیل لە 60 ڕۆژەوە بۆ 90 ڕۆژ درێژکراوەتەوە و لە هاووڵاتییان داواکراوە لە ماوەی دیاریکراودا خاوەنداریەتی ئۆتۆمبیلەکەیان بگوازنەوە، بۆ ئەوەی کێشەی یاسایی و میراتی بۆیان دروست نەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بۆ گرنگی ئەم بابەتە ئاماژەی بە حاڵەتێکی پێشووتر کرد و گوتی، 1280 ئۆتۆمبیل بەناوی یەک کەس تۆمارکرابوون و دوای کۆچی دوایی ئەو کەسە، کێشەی میرات بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبیلەکان دروست بووە.



