ئەو کەسانەی باس لە هاتنی میلیشیاکان دەکەن دیارە پردێ و سحێلایان بیرخۆیان بردۆتەوە و لوتیان ئەشکێتەوە

د.محەمەد خورشید یاریدەدەری مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک گەرمیان-پارتی، بۆ بازمیدیا:
ئەو کەسانەی باس لە هاتنی میلیشیاکان دەکەن دیارە پردێ و سحێلایان بیرخۆیان بردۆتەوە و لوتیان ئەشکێتەوە
یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک و گەرمیانی پارتی، رایگەیاند: “بەداخەوە ئەو بارودۆخەی هاوتووەتە پێشەوە لای هەموومان نەخوازراوە، یەکێتی نیشتمانی نەک تەنیا لەسەر هەڵە یەک لەدوای یەکەکانی بەردەوامە، بەڵکو خەریکە هەڵەکردنی لا زۆر ئاسایی دەبێت و رێچکەی چەند جار خیانەت دوبارە دەکەنەوە، بۆیە پێموایە هەندێک لەو کەسانەی ناو یەکێتی کە قسە دەکەن، وەک قەترەی تکاو بەردەوام دەبن”.
بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: “ئەوەی تایبەتە بە هەڵبژاردن، پارتی ناچێتە هەڵبژاردنێکەوە کە لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵک بێت، ئەوانەشی دەیانەوێ بێ پارتی هەڵبژاردن بکەن خۆ کەس رێی لێ نەگرتوون”.
د.محەمەد خورشید ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو کەسانەی باس لە هاتنی میلیشاکان دەکەن، دیارە رۆژی 20ی ئۆکتۆبەری 2017ی پردێ و 26ی ئۆکتۆبەری سحێلایان لە بیری خۆیان بردووەتەوە، هیچ هێزێک ناتوانێ شت بەزەبر بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنێت، ئەوانەی ویستیان بەهێز شت بەسەر خەڵکی کوردستان بسەپێنن دەرنجامیان شکان بوو، ئێستاش لوتیان دەشکێ ئەگەر ویستێکی وایان هەبێت.
ئایا یەکێتی ئاگاداری پیلانێکە بۆیە بەو ئاراستەیە قسە دەکات، بەرپرسانی باس لە هاتنی میلیشیا بۆ کوردستان دەکەن؟، د.محەمەد خورشید گوتی:”بابەتی دەنگ پێدان بە یەکێتی هەموومان و کەرکووکیەکانیش دەزانین، هەڵبژاردنی مانگی 12ی 2023ی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەو دەنگ پێدانە بە یەکێتی لای هەموو خەڵک روونە، کە ئەو حزبە پاداشتی کارەکانی لە 16ی ئۆکتۆبەر وەرگرت، بەڵێنیان پێدراوە لە هەڵبژاردنی کوردستانیش بەتایبەت بازنەی سلێمانی و هەولێریش هەمان دەنگەکانی کەرکووک و موسڵیان پێبدرێت، بەداخەوە خۆیان دەنگ ناهێنن، خۆزگە دەنگیان بهێنایە و ئەوەندە ناچاری ئەملا و ئەو لا نەبونایە، بەڵام دۆخی جەماوەری و حزبیان زۆر باش نییە”.