گەندەڵیەکی دیکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرا کرا

گەندەڵیەکی دیکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرا کرا

بەهۆی هەموارکردنەوەی گرێبەستێکی نەوت لەگەڵ دوو کۆمپانیای نەوتی بەریتانی و چینی، عێراق لە ماوەی 25 ساڵدا 825 ملیار دۆلار زیانی پێدەگات.

بە گوێرەی بڕگەی (ز)ی ناو ڕاپۆرتێكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ژمارە (ن – 14 – 28 – 10 –  5798) بەھۆی ھەمواركردنی دوو گرێبەستی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ ھەریەك لە كۆمپانیای بریتیش پەترلیۆم و پەترۆ چاینا، بۆ گەشەپێدانی كێڵگەی نەوتی ڕومەیلە بڕی 825 ملیار و 520 ملیۆن و 500 ھەزار دۆلار زیانی دارایی بەر عێراق كەوتووە، بەشی كۆمپانیای سۆمۆی عێراق لەو گرێبەستە، لە لەسەدا 19وە ھێنراوەتە خوارەوە بۆ لەسەدا 6

بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتەی دیوانی چاودێری لە کاتێکدا رای گشتیی عێراق بە ئابڕووچوونی دزینی 3 ترلیۆن و 700 ملیار دیناری سپاردەکانی دەستەی گشتیی باجەکان سەرقاڵە، ئابڕووچوونێکی گەورەتر و قورستر هەیە و کەسی یەکەمیشی وەزیری نەوتی حکومەتی مستەفا کازمی “ئیحسان عەبدولجەبار” و بەڕێوەبەرانی گشتیین لە وەزارەتی نەوت.

بەپێی راپۆرتێکی وردبینی میدیاکانی عێراق: ئەو ھەموارکردنەوەیە گەورەترین زیان بە عێراق دەگەیێنێت لە ساڵی 2003ـەوە ، بۆیە داوای لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت و سەرۆک وەزیران و ئەو کەسانەش دەکرێت کە کەمتەرخەمبوونە.

ھەر بەپێی ڕاپۆرتەکە ، عێراق لەماوەی 25 ساڵدا زیانێکی زۆری دارایی بەردەکەوێت کە بە زیاتر لە 825 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

یەکێک لە بڕگەکانی هەموارکردنەوەی گرێبەستەکەش بریتییە لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە بڕی 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button