هانا چۆمانی: بەهۆی خیانەتی سیاسییەكی ناوخۆیی، خەریكە كێشە بۆ دەروازەی سێمێلكا دروست دەبێت

🔶 هانا چۆمانی: بەهۆی خیانەتی سیاسییەكی ناوخۆیی، خەریكە كێشە بۆ دەروازەی سێمێلكا دروست دەبێت

ڕۆژنامەنووسێکی دیاری کوردستان ئاشکرای دەکات، ” فشارێكی زۆری نێودەوڵەتی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ توندكردن و كۆنتڕۆڵكردنی دەروازەی سێمێلكا، كە خەڵكی باشووری كوردستان و هاوكارییەكان نەتوانن بگەیەندرێتە ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوەشی بە خیانەتی سیاسییەكی ناوخۆیی .

هانا چۆمانی، ڕۆژنامەنووس، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووک) لەسەر دۆخ و پەیوەندیی ئێستای نێوان ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان، نووسیوویەتی: “سێمێلكا مەکەنە بەڕەڵایی! فشارێکی توند لەسەر حکومەتی هەرێم هەیە.”

​هەروەها نووسیوویەتی: “هەر کەسێک هەڵدەستێت، دەڵێت، دەچمە ڕۆژئاوا و کیلۆیەک شەکر، فەردەیەک برنج و قوتوویەک دۆشاوی تەماتەم پێیە. یا دەڵێت دەچم شەڕ دەکەم، بەبێ ئەوەی بزانێت دۆخەکە چۆنە یان ڕێگای چوون چۆنە، چونکە نازانێت ئەمە وەک شەڕی دا.عش نییە و حیساباتی سیاسیی توندی لەسەرە. ​من سوپاسی هەر کەسێک دەکەم کە هاوکاریی ڕۆژئاوای كوردستان بکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان شوێنی تایبەت و کەمپین هەیە، بڕۆ بیدە بەوان و مەڵێ (خۆم دەیبەم) تەنها بۆ ئەوەی بچیت لەوێ وێنەی پێوە بگریت.”

​دەشڵێ، “ئێستا بەهۆی خیانەتی ناوخۆی سیاسییەک (کە دەیەوێت لە دەرەوە خۆی شیرین بکات)، چونکە بەو هەڵمەتە کوردایەتییەی هەیە. ڕێگای بەغدا لێ کردووەتە دۆزەخ، خەریکە کێشە بۆ سێمێلكا دروست دەبێت. جەزیرەی کەزاب و میدیا عەرەبییەکان هێرشێکی میدیایی توندیان دەست پێکردووە بۆ سەر دەروازەی سێمێلكا، گوایە بووەتە دەروازەیەکی جیهانی بۆ هەسەدە، تا چە.ک و چەکداری ئەورووپی و کورد و بیانی ڕوو لە ڕۆژئاوا بکەن.”

​ئەوەشی خستووەتەڕوو، كە “ئێستا قەتەر، سعوودیە و تورکیا بە پشتیوانیی ئەمریکا، فشارێکی زۆر گەورەیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە بەوەی دەبێت دەروازەکە توند بکات و کۆنتڕۆڵی بکات. تا ئێستا حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە، سەرۆکی حکومەت گوتوویەتی: ئێمە کارێکی نایاساییمان نەکردووە، تەنها کەلوپەل و پێداویستیی مرۆیی بۆ خەڵک دەڕوات وەک ئەرکێکی مرۆیی و کوردایەتی.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button