بەهۆی ئەمریكاوە كێشە كەوتە نێوان شیاع سوودانی و حەشدی شەعبییەوە

بەپێی راپۆرتێكی ڕۆژنامەی (العربي الجديد)، ئەو هێرشەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەمریكا كردوویەتیە سەر هێزێكی حەشدی شەعبی لە نزیك كەركووك، بە ئاگاداریی حكوومەتی فیدڕاڵی بووە. لەمبارەیەشەوە ئالینا رۆمانۆسكی، باڵوێزی ئەمریكا لە بەغدا تویتێكی لە تۆڕی (X) بڵاو كردۆتەوە و رای گەیاندووە كە بەپێی زانیاریی ورد هێرشەكە ئەنجام دراوە و هێرشەكەشی بە ”بەرگری لەخۆكردن“ لەقەڵەم داوە.

هەمان ڕۆژنامە لە زاری دوو سەرچاوەی سیاسیی نزیك لە ناوەندی بڕیار لە بەغداوە بڵاوی كردۆتەوە، پێش هێرشەكە، حكوومەتی فیدڕاڵی میلیشیا چەكدارەكانی بە گشتی و میلیشیای (نوجەبا)ی بە تایبەتی ئاگادار كردۆتەوە لەوەی ئەگەر هەیە هێرشیان بكرێتە سەر، بەڵام ئەو میلیشیایە ”وەڵامی هۆشدارییەكانی نەداوەتەوە و بە دەمیەوە نەهاتووە.“

هاوكات لە زاری یەكێك لەو سەرچاوانە كە ناوی نەهێناوە، ئاشكرای كردووە: ”هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی لەنێو خۆیاندا دابەش بوون بەسەر لایەنگرانی بەردەوامیدان بە هێرشكردنە سەر ئەمریكییەكان و لایەنگرانی هێوركردنەوەی دۆخەكە، بۆیە نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێك. بەڵام زۆرینەی ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی دژی ئەوەن كە چەكدارانی نوجەبا دەیكەن، لەگەڵ ئەوەشدا كاریگەریی ئێران وایكردووە نەهێڵێت هیچ ڕێوشوێنێك لە دژی ئەو هێزە بگرنە بەر یان وەها مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن كە گرووپێكی یاخین لە فەرمانەكانی دەوڵەت.“
ڕۆژنامەكە ئەوەشی دركاندووە كە لە چەند هەفتەی رابردوودا، پەیوەندیی نێوان محەمەد شیاع سوودانی و میلیشیاكانی عێراق خراپ بووە، بە دیاریكراویش كێشە كەوتۆتە نێوان سوودانی و میلیشیاكانی (كەتائب سەید شوهەدا، حزبوڵای عێراقی و نوجەبا)، بەڵام بەپێی راپۆرتەكە، میلیشیاكانی عەسایب ئەهلی هەق كە قەیس خزعەلی فەرماندەكەیانە، لەگەڵ ئەوەدان مامەڵەیەكی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریكا بكرێت و چەك بەكار نەهێندرێت، ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی ئینشیقاق لەنێو هەڵوێستی بەرەی مقاوەمە.