بارزان عەلی حەمە: بۆچی ئەگەر تاوانبار یەکێتی بێت نابێت کەس بچێت بەلایدا و باسی بکات؟ ئەگەر پارتیش بێ دونیای بەسەر کاول دەکەن.
بارزان عەلی حەمە لەبارەی دەستگیرکردنی تاوانبارانی ئاگرکەوتنەوەی هەولێر و دهۆک و کەرکووک نووسیویەتی، من لەگەڵ ئەوە نەبووم ناوی یەکەی حەفتا بهێنرێت، ئەوێ دامەزراوەیەکی ئاسایی و لاوەکییە، پڕی پێشمەرگەی ڕەشوڕووت و نەگبەتە! ئەشێت ئەوێ لەبار بێت کە بێ پارەیی و هەژاری وا لە پێشمەرگەیەک بکات، لەبەرامبەر بڕە پارەیەکی ناچیزە هەر تاوانێک بکات!
بەڵام حەتمەن دەبێت ناوی دژەتیر*ۆر بە چڕ و پڕی بهێنرێت، جا شوێنەکە سەر بە هەر حیزبێکە! ئەوێ دەزگایەکی هەستیارە، کارمەندەکانی ئیمتیاز و مووچەیان زۆر باشە. خوێن و ماڵ و ئەمنیەتی میللەتێکیان لە ئەستۆیە، کاتێک کەسێک لەوان لە تاوان و خراپکارییەکەوە دەگلێت، یان بە قەولی باو، (تەجنید) کراوە، ئەوە دەلالەتی فشەڵی و بێ متمانەیی و لێکهەڵوەشاوەیی و بێ ئاگایی دەزگاکە دەگەیەنێت! وەها دەزگایەک چیتر نابێت پشتی پێ ببەسترێت و دەبێت سەرلەبەریان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان لەبارەوە بکرێت. تۆ کە چاودێریت لەسەر کارمەندێکی خۆت نەبووبێت و موخابەراتێکی تر پێت بڵێت کارمەندێکت ئەوەیە! چۆن دەیسەلمێنیت کە ئاگاداری جموجوڵی داع/ش و تیر/ۆر بوویت؟
ئەگەر حیزبێک لە شاخەوە، جوندییەکی تۆی (وەک خۆت دەڵێی!) تەجنید کردبێ، دەی چۆن دڵنیایی دەدەیت کە ئیتڵاعات و میت و موخابەراتی حەشد و جيهازی ئەمنی مۆریتانی و مۆزەمبیقیش، ئەفسەرەکانی تۆی تەجنید نەکردبێت؟
ئەگەر موخابەراتی عێراقی بیوتایە یەکێک لە دەستگیرکراوەکان ئەندامی (لقیش نا!) ناوچەیەکی دوورە دەستی پارتییە، ئێوە چۆن قسەتان لەبارەیەوە دەکرد و چۆن تەحلیلتان دەکرد؟
بۆچی دەبێت هەر تاوانبارێک کە سەر بە یەکێتی بێت، دەبێ ناو و شکۆ و سومعە و ناوبانگی ئەو شوێنە مەحفوز بێت و کەس نەچێت بەلایدا؟ بەڵام ئەگەر کادرێکی لاوەکیی پارتی بووایە، هەر خۆیان دنیایان بە تەحلیلات کاول دەکرد؟!
ئەگەر وڵاتی قانوونیش کە نا، بەڵام هەر یەک تۆز سەرۆکی یەکێتی لە ئەمنیەت و هەواڵگریی بزانیبایە، دەبوو ئێستا وەهاب و جێگر و سکرتێر و هەموو دەوروبەرەکەشی لە کارەکەی کەنا، (خۆ ئەوان کار ناکەن!) لە پۆستەکەی دوور بخستایەتەوە! دەی ئەوان لە یەک بینا ئاگایان لە جموجوڵی جوندییەکانیان نییە، چۆن لە ئاگایان لە جموجوڵی ئیرها/بە لە هەرێمێک؟!