ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕاگرایەتیی كۆلێژی یاسای سەر بە زانكۆی سەڵاحەددین، ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لە دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى کۆتایی ساڵ (خولى یەکەم)، چەند قوتابییەک دەستکاریی کارتە ئەلیکترۆنییەکانی خۆیان كردووە و ئەنجامى هەڵسەنگاندنەکانیان لە وانەکان گۆڕیوە، پاشان لە هەژماری خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاویان كردووەتەوە، لێرەوە پێتان ڕادەگەیەنین، کە ئەو کارتانە لە کۆلێژەکەماندا بەو شێوەیە دەرنەچوونە، بەڵكوو کارتى ڕاست و دروستى قوتابییان لە سەرەتاوە چۆن بڵاو کراوەتەوە، هەر بەو شێوەیەیە کە لە کۆلێژیش لەلامان هەیە.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو: “بۆیە ئەو قوتابییانە خۆیان بەرپرسن لەو جۆرە هەڵسوکەوتانە، جا هەر مەبەستێکیان لە ئەنجامدانى ئەو کارە هەبێت، لە گرتنەبەرى هەر ڕێکارێکى یاسایی لە بەرامبەریان لەلایەن کۆلێژەوە، خۆیان بەرپرسن.”
ڕاگرایەتیی كۆلێژی یاسای سەر بە زانكۆی سەڵاحەددین داوا لە قوتابییان دەكات، بە هەموو شێوەیەک خۆیان “لەو جۆرە هەڵسوکەوتانە” بەدوور بگرن.