ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیى لە هەوڵەکانی لابردنی ئەو کۆت و بەندانەی یاسای بودجەی فیدراڵ دەکات

ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیى لە هەوڵەکانی لابردنی ئەو کۆت و بەندانەی یاسای بودجەی فیدراڵ دەکات کە ڕێگرن لە بەرانبەر خەرجکردنی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە 1/10، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمدا، ئەنجامی سەردانی ئەم حەفتەیەی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە لایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری ئابووری و دارایی و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لە سەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەمواری یاسای بودجەی فیدرال و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و خستنەڕووی پڕۆژە و پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵ کراوە.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ هەوڵەکانیان لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی زانیاری پێویست و واڵاکردنی تۆمارەکانی دامەزراوەکانی هەرێم بۆ دەستە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی لە بواری میلاکی وەزیفیی و نەوت و داهات وخەرجیە نەوتیی و نانەوتییەکان، لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران خۆشحاڵی دەربڕی لەبەرامبەر تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی حکومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێشچوونەکان بە ئاراستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و لابردنی ئەو کۆت وبەندانەی یاساکە کە ڕێگرن لە بەرامبەر خەرجکردنی بەشە بودجە ومووچەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش مووچە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرە و دەبێت تێکەڵی کێشە و بابەتەکانی دیکە نەکرێت.

سەبارەت بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆرانیش، ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەکات کە حکومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشمان لە حکومەتی فیدڕاڵە کە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، لەم ڕووەوە بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هێنانەکایەی ڕێكکەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی بابەتی مووچە و بەرجەستەکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە ناو هەمواری یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ. ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە وەک پابەندییەکانی، بەجێ گەیەندراوە و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگیی و هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لە بارەی ڕێکاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە دەستنیشانکردنی قەدەخەکراویی ڕێگە گشتییەکان بۆ لابردنی زیادەڕۆیی لە سەر ڕێگە و شەقام و شوێنە گشتییەکان کرا کە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.

سەرەتا سەرۆک وەزیران وێڕای ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی ڕێگا و شەقام و شوێنە گشتیيەکان وەک موڵکی گشتیی لە هەر زێدەڕۆییەک کە زیان بە بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیيان بگەیەنێت بە گوێرەی ئەو ڕێکار و میکانیزمانەی لە ناو یاسای پاراستنی ڕێگا گشتیەکان هاتوون.لە هەمانکاتدا داواشی کرد لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ زێدەڕۆییەکان بکرێت .لەم ڕووەوە ئەنجومەنی وەزیران، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد موڵکیی گشتی و ڕێگا و شەقامەکان لە هەر زێدەڕۆییەک بپارێزن کە دژ بە بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتیيانە.