ئەنجومەنی وەزیران لەسەر دوو پرس کۆدەبێتەوە

ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا دوو پرس تاووتوێ دەکات

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند،
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10 ـی کانوونی دووەمی 2024، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆ دەبێتەوە و دوو بابەت گفتوگۆ دەکەن.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەكە تایبەتە بە دەرەنجامی سەردانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و ئابووری، تایبەت بە گفتوگۆکردن لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەمواری یاسای گشتیی بودجەی فیدڕالی و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و خستنەڕووی پرۆژە و پێشنیارەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان كە لەسەر ئەم پرسانە پێشکەشی حكومەتی فیدڕالی کردووە.

بڕگەی دووەمی كۆبوونەوە بریتییە لە بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە ڕێكاری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان تایبەت بە جێبەجێكردنی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (222) لە 7-6-2023 تایبەت بە دەستنیشانكردنی قەدەغەكراویی ڕێگا گشتییەكان، بۆ لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر ڕێگا و شەقام و شوێنە گشتییەكان.