مەحموود سەنگاوی لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانییەوە حەسر کراوە و دەست بەسەر هێزەکەیدا گیراوە
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی لە سلێمانی بە (بازمیدیا)ی راگەیاند؛ مەحموود سەنگاوی كه له ئێستادا تەنها بەڕووکەش بەرپرسی میحوەری یەکی گەرمەسێرە ، لەهەمان کاتدا فەوجێکی هەبوو لەلایەن کوڕانی تاڵەبانییەوە دەستی بەسەردا گیراوە، ئێستا تەنیا ٢٠٠ کەسی لەگەڵ دا ماوە، وەک فەرماندەیەکی بێ دەسەڵات بێ چەکە، هاوشێوەی پێشتر کاریگەری نەماوە.
سەبارەت بەوەی چۆن مەحموود سەنگاوی لە لوتکەی دەسەڵاتدا ئاوا بە ئاسانی خۆی ڕادەست کردووە، ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێ؛ سەنگاوی لە ژێر فشاردا فەوجەکەی لەدەست داوە، هەشت بۆ نۆ مانگە جۆرەها فشاری لەسەر بوو، بۆیە بە ناچاری ملی بەم دۆخە داوە، چونکە هیچ بژاردەیەکی تری نەبوو.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە گوایە کوڕانی تاڵەبانی لە ڕێی پاسەوانێکی تایبەتییەوە هەوڵی کوشتنی سەنگاویان داوە، ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ (بازمیدیا) گوتیشی؛ ئەوەم نەبیستووە، پاسەوانەکانی هەمووی کەسی نزیک و خزمی خۆیەتی، جگە لەوە ئێستا جوڵەی زۆر کەمە، کە سەردانێک دەکات بۆ شوێنێک بە نزیکەی ٥٠ پاسەوان لەگەڵ خۆی دەبات، چونکە زۆر بەحەزەرە و زۆر ئاگای لە خۆیەتی.
ئەوەشی خستە روو کە مەحموود سەنگاوی بەتەنیا گۆشەگیر نەکراوە، بەڵکو عەدنانی حەمەی مینای خەڵکی گەرمیان و نزیکترین کەسی سەنگاوی یەکێکی دیکەیە لە کەسە بەهێزەکانی گەرمیان بەهەمان شێوە لە گۆشەگیرکردنیدان، بەتایبەت لەگەڵ قوباد تاڵەبانی نێوانیان زۆر ئاڵۆزە و لە ڕوانگە و دیدی خۆیان جێگای ئەم دوو سەرکردە و فەرماندە سەربازیە مەترسین بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی، بەتایبەت قوباد تاڵەبانی زۆر فۆکسی لەسەر ئەم دوو کەسەیە وەک دژبەری خۆی دەیانبینێت، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتیان دەدات، بەڵام لەبەر هەبوونی گرووپێکی گەورەی ناو سەرکردایەتی کە نزیکن لێیان هەروەها عەشیرەتێکی گەورەی وەک جاف لە پشتی ئەم دوو بەرپرسەی یەکێتی کە عەدنان و سەنگاوییە، تۆزێک ئەستمە هەروا بە ئاسانی بیانخەنە دەرەوەی هاوکێشەکان و بەیەکجاری لاواز و ڕابگیرێن.