وەزارەتى خوێندنى باڵا ماوەى (زانکۆلاین) بۆ ٤٨ کاتژمێرى داهاتوو درێژدەکاتەوە
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕاگەیەنراوێکدا رایدەگەیەنێت: لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین) یان پڕنەکردۆتەوە یان تەواویان نەکردوە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین (٤٨) کاتژمێری دیکە واتە تا سەعات (١٢)ی شەوى رۆژى پێنجشەمە رێکەوتى (٢٠٢٣/٩/١٤) بۆ دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئاماەیی درێژبکرێتەوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا راشیدەگەیەنێت لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى ئەمساڵ، کە بەهەر هۆکاربێت نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتەو فۆرمى زانکۆلاین تەواو بکەن، هەروەها دەرچوانى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانیش بەهەمان شێوە دەتوانن سود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەو ٤٨ کاتژمێرەدا فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە.
ڕاشیدەگەیەنێت: دەرچووانى ساڵانى ڕابردووش بەتایبەت ئەو دەرچووانەی پێش ساڵی ٢٠١٤ کە ژمارەیان (٧١٩) دەرچوە و ناوی خۆیان لە وەزارەتی پەروەردە تۆمارکردوە و داتاکانیان ئەپلۆدی زانکۆلاین کراوە بەمەبەستی پێشکەش کردنییان بۆ خوێندنی ئێواران، بەهەمان شێوە دەتوانن سود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەماوەى ئەم ٤٨ کاتژمێرەدا فۆڕمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا راشیدەگەیەنێت: ئەمە دواین دەرفەتەو چیتر ماوەى زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچووانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆڕمى زانکۆلاین یان پڕنەکردۆتەوە، پێویستە لەماوەى ئەو ٤٨ کاتژمێرەدا پەلەبکەن و تەواوى هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوەو تەواوکردنى فۆرمى زانکۆلاین.