سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای کار لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای کار لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند : دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم کە ئەمڕۆ بە کۆی دەنگ، (پڕۆژەی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان)ی پەسەند کرد.
دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەت :
دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم کە ئەمڕۆ بە کۆی دەنگ، (پڕۆژەی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان)ی پەسەند کرد. هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە یاسا گرنگە و پێشکەشکردنی بە پەرلەمانی کوردستان.
پیرۆزبایی لە کرێکارانی کوردستان دەکەم کە ئەم یاسایە، ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە پاراستنی مافەکانی کرێکاران بەگشتی و بەتایبەتی دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکارانی ئافرەت و نەهێشتنی هەموو جۆرە کارێکی زۆرەملێ و سنووردانان بۆ هەموو ستەم و چەوساندنەوەیەکی کرێکاران و نەهێشتنی کارکردنی منداڵان .
هەروەها ئەم یاسایە، هەموو مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و مافە یاساییەکانی کرێکاران دابین دەکات. ئەم یاسایە یارمەتی خاوەنکارانیش دەدات بۆ دۆزینەوەی کرێکاری گونجاو و ڕێکخستنەوەی هەلومەرجەکانی کارکردن و پەیوەندییەکانی کرێکاران و خاوەنکاران، لە سەر بنەمایەکی تەندروست و دادپەوەرانە.
پاراستنی مافي کرێکارانی کوردستان، بە تایبەتی ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن ، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە پێناو پاراستنی مافە یاساییەکانیان و دابینکردنی داهاتووی کرێکارانی کوردستان.
بەم بۆنەیە ، پابەندبوونی خۆمان بە بەردەوامبوون لە سەر پاراستنی مافی کرێکاران و کارکردن لە پێناو باشترکردنی دۆخی ژیانیان دووپات دەکەینەوە.