كارەكانی پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێ تەواو بووە و بەمزووانە دەكرێتەوە
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،
كارەكانی پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێ لە شاری هەولێر لە قۆناغی كۆتاییدایە و لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بۆرییە نوێكە بە بۆرییە كۆنەكە دەبەسترێتەوە و گرفتی شكانی بۆرییەكە چارەسەر دەبێت.
وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاندووە ، پڕۆژەی پاراستنی بۆڕیی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر لە قۆناغی کۆتاییدایە و کارەکانی دروستکردنی box culvert و کارەکانی پاراستنی کاثۆدی بۆ بۆڕییەکە تەواو بووە، هاوكات گشت پێداویستییەکانی بەستنەوەی بۆڕیی کۆن و نوێ گەیشتووەتە شوێنی کار و کاری دانانی بۆیی و لەحیمکردن و داپۆشینی بۆرییەکەش تەواو بووە.
هەروەها دەڵێت ، کارەکانی دروستکردنی مەنهۆڵ بۆ قوفلە هەوایییەکان لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە چەند كاتژمێری داهاتووشدا هاووڵاتییان ئاگادار دەكرێنەوە لە كاتی بەستنەوەی بۆرییە نوێكە بە بۆرییە كۆنەكە و پرۆژەكە بە كۆتا دێت.
دەشڵێت ، ئەو پرۆژەیە لە چوارچێوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە و بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر جێبەجێ دەكرێت بۆ چارەسەركردنی گرفتی شكانی بۆریی ئیفراز سێی هەولێر كە كاریگەری تەواوی لەسەر باشتركردنی پرۆسەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ بەشێكی زۆری دانیشتووانی شاری هەولێر دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە ، شایەنی بەبیرهێنانەوەیە، پێشتر ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گوژمەی پێویستی بۆ پرۆژەكە تەرخانكرد و دواتر دەستبەكاری گۆڕینی بۆرییەكە كرا و ئێستاش كارەكانی بە كۆتا هاتووە و لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بۆرییە كۆنەكە بە بۆرییە نوێكە دەبەسترێتەوە و لە ڕێگەی بۆرییە نوێكەوە ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر دابین دەكرێت.