راگەیاندكارێكی یەكێتی: نەوتەکە لای خۆمان بوایە دۆخەكە باشتر دەبوو

راگەیاندكارێكی یەكێتی:

نەوتەکە لای خۆمان بوایە دۆخەكە باشتر دەبوو

پاش ئەوەی چەندان ساڵە یەكێتی و بەشێك لە حزب و بەناو چالاكوان و ڕۆژنامەنووس و كەمپینچییەكانی سلێمانی داوا لە هەرێمی كوردستان دەكەن، هەموو شتێك ڕادەستی بەغدا بكات، كەچی بەغدا لە یەكەمین تاقیكردنەوەدا شكستی هێنا و سەلماندی بە ڕادەستكردنەوەی هەموو شتێك بە بەغدا، دۆخی خەڵكی كوردستان خراپتر دەبێت، پەیتا پەیتا یەكێتییەكان دەگەنە ئەو باوەڕەی كە رادەستكردنی ئهەموو شتێك بە بەغدا، دۆخی كوردستان خراپتر دەكات.

لەمبارەیەوە ئادەم ئاودەڵ، ڕاگەیاندكاری یەكێتی لە ڕانیە كە یەكێكە لەوانەی بەردەوام بەرگریی لە سیاسەتی خۆبەدەستەوەدانی حزبەكەی دەكات، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردۆتەوە: ”بەغدا ئامادە نییە 598 ملیاریش بۆ هەرێم بنێرێت، دەیەوێ زۆر کەمتر لەو رێژەیە دیاری بکات. ئەوان بە حەز و ویستی خۆیان تەفسیر بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەکەن.“

هەروەك دانی پێدا ناوە و نووسیویەتی: ”نەوتەکە لای خۆمان بوایە، وەزعەکە زۆر خاستر بوو.“

ئەمە یەكەمین ڕۆژنامەنووسی نزیك لە یەكێتی نییە كە دان بەوەدا بنێت، سیاسەتی تەسلیمكردنەوەی هەموو شتێكی كوردستان بە بەغدا، زەرەر لە خەڵك و قەوارەی هەرێمی كوردستان دەدات، پێشتریش لە 26ی 7ی 2023، سەرتیپ وەیسی كەریم، ڕۆژنامەنووسی نزیك لە یەكێتی، نووسینێكی بڵاو كردبووەوە و رای گەیاندبوو: ”سياسەتی پشتگيری لە رادەستكردنی هەموو شتێك بە بەغدا کوێرانە بوو.“

هەروەك ڕوونی كردبووەوە: ”خەياڵپڵاویيە وابزانی بەغدا ماددە و بڕگەكانی پشكی هەرێم لە بودجە وەك خۆی جێبەجێ دەكات و مووچەی فەرمانبەران بەبێ كێشە دەنێرێت. لە وردەكاریی جێبەجێكردنی ياسای بودجە و كێشەی نەوت جیاوازىی زۆر هەيە لە نێوانیان.“

ئەو ڕۆژنامەنووسەی نزیك لە یەكێتی ئامۆژگاریی خەڵك دەكات بەوەی ”گوێ لە حزبی پۆپۆليست و كۆنە پەرلەمانتار مەگرن، چونكە ئەوان ئاگايان لە وردەكارييەكان نييە و چەواشەکاری دەکەن، چونکە مێزی گفتوگۆ و دەوڵەتی عەمیقەی بەغدا شتێكی ديكەمان پێ دەڵێن.“

لە كۆتاییشدا جەختی كردۆتەوە: ”لە سيستەمی حوكمڕانیی شيعەدا دانوستاندن لەگەڵ حكوومەت بەرهەمی ئەوتۆی نابێت، خەڵكی ديكە بڕیار لەسەر بابەتەكان دەدەن.“