زیاتر لە ملیارێك و 305 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەكانی شاری هەولێر خەرج دەكرێت
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ، بڕیاردرا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە ملیارێك و 305 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر.
ئەو گوژمەیە بەپێی چەند فەرمانێكی وەزاری و لەسەر داهاتی شارەوانیی هەولێر بەمەبەستی جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر خەرج دەكرێت.
پرۆژەكانیش بریتین لە دابینكردنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی قیڕ بۆ نۆژەنكردنەوەی شەقامەكان و پرۆسەی خاوێنكردنەوە و قیڕتاوكردنی شەقام و كۆنكرێتكردنی شەقام و كۆڵان، هەروەها دروستكردنی شەقامی نوێ لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر.
شایەنی باسە لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا تەنیا لەسەر داهاتی شارەوانی و ئاو، زیاتر لە 733 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگەی هەولێر لەلایەن شارەوانییەكانەوە جێبەجێ كراون، جگە لەوە چەندان پرۆژەی تری گەورەی خزمەتگوزاریش لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ كراون.