مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .

لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی عێراق و پرۆسەی سیاسیی و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاووتوێ کران.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان. جەختیش لەوە کرایەوە کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک، کە کاری لە پێشینەی خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکانی عێراق بێت بەبێ جیاوازی و چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بکات لە سەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور و ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ پێکهێنانی حکومەت لە نێوان لایەنەکاندا کراوە، بەتایبەتی ڕێزگرتن لە پرنسیپەکانی ھاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا. سەرۆکی حکومەت جەختی لە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەیەکی نزیک و گونجاودا کردەوە و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاریکاری و کارئاسانییەک دووپات کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بە پرۆسەی بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا بۆ بازاڕەکانی دەرەوە، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست پێدەکات و بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بەروبوومی ناوخۆیی و پشتیوانیکردنی جووتیارانی کوردستان. لەم ڕووەوە، سەرۆکی حکومەت سوپاسی هەماهەنگیی و هاریکاريی دەیڤد هانت کونسوڵی گشتیی بەریتانیای لە هەرێمی کوردستان کرد.