مونا قەهوەچی؛ میللەت بەرچاوی روونە و دەزانێ چ لایەنێک حوکمڕانی و خزمەتی باش پێشکەش دەکات
دوای ئەوەی شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا، داوای لە خەڵکی کوردستان کرد بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بکەن بۆ گۆڕینی دەسەڵات و بە ستەمکار ناوی بردن، لەمبارەیەوە مونا قەهوەچی، سکرتێری پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە (بازمیدیا)ی راگەیاند؛لە ٣٢ ساڵی رابردووی حکومرانی هەرێمی کوردستاندا، زۆر قۆناغی گرنگی حکومرانی و دەسەڵاتداریمان بڕیوە، خاوەنی پەرلەمان و حکومەتی خۆمانین، سەڕەرای هەموو لەمپەر و هەوڵ و رێگرییەک لەلایەن ناحەزان و دوژمنانی گەلەکەمان بۆ شکست و هەڵوەشاندنەوەی کۆی پرۆسەی سیاسی و حکومرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەرێبەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی و حزبە دەسەڵاتدارە پێکهێنەرانی حکومەت هەموو ئەو هەوڵانە شکستیان پێهێندراوە و تواندراوە قەوارەی دەستوری و سیاسی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت.
هاوکات گوتیشی؛ وەک پێکهاتەی تورکمان هەموو کات بەشدارییەکی کارا و چالاکمان لە کۆی پرۆسەی حکومرانیدا هەبووە، بەهاوپەیمان لەگەڵ حزبەکانی تر توانیومانە ئەرکی سەرشانی خۆمان بەرامبەر بە خەڵکی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەی تورکمان جێبەجێ بکەین.
سکرتێری پێشووی پەرلەمانی کوردستان
رایگەیاند، چوار ساڵی داهاتوو و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چارەنوسازە و گرنگە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە تێروانینێکی زۆر و هەستیارەوە لەم هەڵبژاردنە بروانن، نەکەونە ژێر کاریگەری هەندێ لێدوان و قسەی بریقەدار و بەڵێنی پوچەوە، پێویستە پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ترۆپکی بەرنامە و ئەولەیەتی حزبەکاندا بێت و هاوڵاتیانیش بە بەرچاویان روونە و دەزانن کێ دەتوانێ حکومرانی هەرێمی کوردستان بکات و خزمەتی هاوڵاتیانی
خۆی بکات.