بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک کاتدا بارانی بە لێزمە دەبارێت و هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت، لە هەندێک ناوچەی شاخاوی بەفر دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ دەبێت لە ئێوارەدا دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور.
کەشناسی پێشبینی کردووە، سبەى چوارشەممە هەرێمى کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى شەپۆلێکی بارانبارین، کە کاریگەرى دوو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست و دەریای سوور، کاریگەرى ئەم شەپۆلە بارانبارینە تاوەکو رۆژى پێنجشەممە لەسەر ناوچەکەمان بەردەوامى دەبێت.
لە راپۆرتی پێشبینییەکانی کەشناسی ئاماژە بەوەکراوە، ئاسمان لەکاتەکانى بەیانی نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، سەرەتا نمە باران لەسەر ناوچەشاخاوییەکان و بەشەکانى رۆژئاواى هەرێم و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى دەست پێدەکات، پاشان کاریگەرى بارانبارین درێژدەبێتەوە بۆ سەر تەواوى ناوچەکەمان، ئاستى دابارین مامناوەند دەبێت و لە هەندێک ناوچەش بەتایبەتى لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى هەندێک کات لێزمە باران دەبێت، لە کاتى بارانبارین هەورە تریشقەى لەگەڵ دەبێت و لەسەر لووتکەى شاخە بەرزە سنوورییەکان بەفرێکى کەم دەبارێت، پلەکانى گەرما بەگشتى کەمێک نزمدەبێتەوە.