مەسرور بارزانی: بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین

مەسرور بارزانی: بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژیی کۆمپانیای تۆیۆتا لە هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد.
دەقی گوتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:
بەرێزان میوانانی ئازیز، زۆر زۆر بەخێر بێن. سوپاسی ئامادەبوونی بەڕێزتان دەکەم و زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ بەیەکەوە لەگەڵ ئێوەین بۆ دانانی بەردی بناغەی هەندێ پرۆژەی گرنگی کۆمپانیای تۆیۆتا عێراق کە بێگومان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بووژانەوەی ئابووری لە ناوچەکە دەبێت.
سوپاسی بەڕێز کاک سەردار بیبانی سەرۆکی کۆمپانیاکانی سەردار گروپ و تۆیۆتا عێراق دەکەم بۆ ئەو کارە جوانانەی کە دەیکات لە بواری وەبەرھێنان، پیشەسازی، بازرگانی و ئێستا گەشتوگوزاریش.
دانانی ئەم جۆرە پرۆژانە، دروستکردنی ئەم جۆرە پرۆژانە لە ھەرێمی کوردستان، لە ھەولێر بە تایبەتی، رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دروستکردنی ھەلی کار بۆ گەنجەکانمان. کە بێگومان وزەیەکی زۆری گەنج لە کوردستاندا ھەیە کە بتوانن کار بکەن لە کەرتی تایبەت و تواناکانی خۆیان پێشبخەن. و بێگومان بە دروستکردنی ئەم جۆرە پرۆژانە شارەزاییەکی نوێش دێتە ھەرێمی کوردستان کە گەنجەکانمان دەتوانن سوودی لێ ببینن.
ھەروەھا سوپاسی وڵاتی ژاپۆن دەکەم بۆ پشتیوانی و پاڵپشتییان بۆ جێبەجێکردنی ئەم جۆرە پرۆژانە کە بێگومان کاریگەرییەکی زۆری ھەیە و توانای ئەوان و زانای ئەوان توانیویەتی کە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئێمەش سوودی لێ ببینین و ئەم جۆرە پرۆژانە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرنامەی لە سەرەتاوە ئەوە بووە کە ھەلی کار بۆ گەنجەکانمان دروست بکات و گرنگی زیاتر بە کەرتی تایبەت بدەین. کە کەرتی تایبەت یارمەتیدەر بێت لە بووژانەوەی ئابووری لە ھەموو سێکتەرەکان لە ھەرێمی کوردستاندا. بێگومان سەردار گرووپ، تۆیۆتا عێراق، بەشێکی گرنگ و سەرەکیین لە یارمەتیدانی پرۆژەکانی حکوومەت بۆ سەرخستنی ئەم ئەجێندایە.
دروستکردنی ھەولێر مۆتۆر سیتی، ئەمە بەشێکی زیادەشە لەم پرۆژانە کە لە رووی گەشتوگوزارییەوە دەتوانێت بە ھەزاران خەڵک بھێنێتە ھەرێمی کوردستان. جگە لەوەی کە ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ گەنجەکانمان بۆ ئەو خەڵکانەی کە تامەزرۆی لێخوڕینی سەیارەن و دەیانەوێت بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵیش ئەم کارە بکەن، ئەم دەرفەتەیان بۆ دەڕەخسێت. ھیوادارم دواتر ئەو بەڕێزانەی کە دێن و لێرە سوود لەو بەشە وەردەگرن، رەچاوی بابەتی سەیفتی بکەن و خۆپارێزی لە خوا نەخواستە رووداوی نەخوازراو.
ئێمە زۆر ھەوڵمان داوە لەگەڵ وڵاتانی دۆست کە یارمەتیمان بدەن لە ھێنانی بەشێک لە کارەکانیان لە رووی پیشەسازییەوە یان ھاندان و پشتیوانیکردنی ئەجێندای حکوومەت لە پەرەپێدانی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان. بەوەی کە بەشێک لە کۆمپانیاکانی خۆیان لە بەستنەوەی پارچەکان بەیەکەوە، بەشەکان بەیەکەوە یانیش لێکدانەوەی ئۆتۆمبێل و ئەم جۆرە شتانە لێرە یارمەتیمان بدەن. پێشخستنی بەشی پیشەسازی کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر دروستکردنی ھەلی کار بۆ زۆر لەو گەنجانەی کە ئێستا حەز دەکەن لە بواری جیاوازدا کار بکەن. ئێمە سوپاسی ھەموو ئەو وڵاتانە دەکەین و بەردەوام دەبین لە ھاندانیان بۆ یارمەتیدانی ئێمە لە سەرخستنی ئەم بیرۆکەیە.
لە لایەکی ترەوە کوردستان لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە شوێنێکی ھەڵکەوتووە، لە بەستنەوەی چەندین بازاڕی گەورەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە لایەک تورکیا و لە لایەک ئێران و لە لایەک وڵاتانی تری عەرەبی. کە کوردستان کەوتووەتە ناوەڕاستی ئەم مارکێتە گەورانە کە دەتوانێت یارمەتی بدات لە پێشخستن و بەیەکەوە بەستنەوەی ئابووری ئەم وڵاتانە و حەتا نزیککردنەوەی گەلەکان لە ناوچەکە بەیەکەوە. کوردستان دەکرێت ئەم دەورە گرنگە ببینێت و تا ئێستاش ئەو دەورەی بینیوە. من دەستخۆشی لە کۆمپانیای تۆیۆتا عێراق دەکەم بۆ ئەو کارە ناوازەی کە دەیکەن، و سوپاسیشیان دەکەم بۆ وەبەرھێنان و کارە یەک لە دوای یەکەکانی کە دەیکەن لە خزمەتی عێراق و بە تایبەتی ھەرێمی کوردستان.
لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم باسی بابەتێکی تر بکەم. ھەروەک دەزانن ئەمڕۆ دواوادەی ئەرکی ھێزە ھاوپەیمانەکانە دژی داعش کە بۆ یارمەتی عێراق ھاتبوون و ئەمڕۆ ئەرکی ئەم ھێزانە بە کۆتایی دێت. لێرەوە دەمەوێ بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە سوپاسی ھەموو ھاوپەیمانان، ئەمریکا و ھەموو وڵاتانی ئەوروپی و ھەموو ھاوپەیمانان بکەم کە یارمەتی ئێمەیاندا لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، لە شکستپێهێنانی داعش، و لە هاوکاریکردنی باشترکردنی تواناکانی ھێزی پێشمەرگە. پاراستنی ھەرێمی کوردستان و پاراستنی ھەموو عێراق ئەرکێکی پیرۆز بووە کە ئەوان یارمەتی ئێمەیان داوە و لێرەوە ئێمە سوپاسیان دەکەین. و پێزانینمان ھەیە بۆ ھەموو قوربانییەکانیان، بۆ ھەموو زەحمەت و ماندووبوونیان، بۆ ھەموو ئەو پاڵپشتییەی کە ساڵانی ەابردوو پێشکەشی ئێمەیان کردووە. و بێگومان ئەو ھاوکارییە و ئەو پاڵپشتی و پشتیوانییەمان لەبیر ناچێتەوە. جارێکی تریش بە ناوی ھەمووتانەوە سوپاسی ئەو ھێزە ھاوپەیمانانە دەکەم.
کۆتایی ھێنانی ئەرکی ھێزی ھاوپەیمانان مانای کۆتایی ھێنانی پەیوەندی نییە لەگەڵ ئەم دۆستانەمان، بەڵکو شێوازی پەیوەندییەکان دەچێتە بوارێکی تر و بە جۆرێکی تر دەبێت. ھەم لە رووی ئابوورییەوە، ھەم لە رووی کولتووری و سیاسییەوە، ھەم لە رووی ئەمنی و سەربازیشەوە، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی و ھێزەکانی ھاوپەیمان بە جۆرێکی تر بەردەوام دەبێت. کە ھەرێمی کوردستانیش وەکو بەشێکی چالاک و کاریگەر لە حکوومەتی عێراق دەتوانێت بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانی ئەم جۆرە پەیوەندییانە.
لەوانەیە زۆر لە دوژمنان و ناحەزان پێیان وابێت کۆتایی ھێنانی ئەرکی ھاوپەیمانان مەترسییەکی زیاتر دەخاتە سەر ھەرێمی کوردستان. کە بێگومان ھێشتا مەترسی تیرۆر ماوە، ئەوە نییە بڵێین ئێمە ھیچ مەترسییەک یان ھیچ تەحەدایەکی ئەمنی نەمابێت؛ بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە کە ھەم ھێزەکانی عێراقی ئێستا تواناکانیان باشترە لە جاران، ھەم ھێزی پێشمەرگە، ھێزێکی تۆکمە و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر جۆرە ھێرشێک یان مەترسییەک کە ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان ببێتەوە. بۆیە من جارێکی تریش دڵنیاتان دەکەمەوە کە ھێزەکانی ئێمە ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر ھێرشێک یان ھەر مەترسییەک کە خوا نەخواستە روو لە ھەرێمەکەمان و لە عێراقیش بکاتەوە.
بەڕێزان، ئێمە جگە لە بابەتی ئەمنی و ئەو تەحەدایانەی کە رووبەڕوومان بووەتەوە، چەندین تەحەدای تریشمان ھەیە. کە یەکێکیان تەحەدای ئابوورییە بە تایبەتی دوای ئەو شەڕ و پێکدادانەی کە لە ناوچەکەدا ھەبووە بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق کردووە. ئێمە لێرە پێویستە بە ھەموو جۆرێک ھاوکاری یەکتر بکەین و ھەموو ھەوڵێکیش دەدەین لە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیش ھەموو تواناکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی ئەو تەحەدایانەش ببینەوە و ئەو قەیران و بارودۆخە نەخوازراوەی کە ئێستا تێیدا تێدەپەڕین، ئەوانەش ئینشائەڵڵا چارەسەر بکرێن. ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ھەرچی لە تواناماندا بێت بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵی بەردەوام دەبین. و چاوەڕێی ئەوەش دەکەین کە حکوومەتی فیدراڵیش بە ئەرکی خۆی ھەستێت لە جێبەجێکردنی دەستوور و لە بابەتی دادپەروەری و ھاوکاریکردنی ھەموو بەشەکانی عێراق بە شێوەیەکی یەکسان.
ئێمە بەردەوام دەبین لە ھاوکاریکردن لەگەڵ یەکتر و ئەوەی لەسەر ئێمەشە لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی تری کوردستانی و داوایان لێ دەکەین کە ئەوانیش بە ئەرکی نیشتیمانی خۆیان ھەستن و ئەو بەرپرسیارەتییەی کە دەکەوێتە سەر شانی ئەوان، ئەوانەش بەجێبگەیەنن و زووتر ھەنگاوی خێراتر بھاوێژن بۆ ئەوەی کە پەرلەمانی ئێمە کارا بکرێتەوە؛ چونکە کاراکردنی پەرلەمان یەکەم ھەنگاوە بۆ پێکھێنانی حکوومەت کە زۆر زۆر دواکەوتووە.
خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ئەوەیە حیزبە سیاسییەکان زیاتر بیر لە بەرژەوەندی نیشتیمانی خەڵکی کوردستان بکەنەوە نەک بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و تاکەکەسی. ئێمە ئامادەین، لە رۆژی یەکەمیشەوە ئامادە بووین، ئێستاش داواکارین کە ھەموو ھێزە سیاسییەکان بە تایبەتی ئەوانەی کە توانیویانە بەشێک لە دەنگی ھاووڵاتییان بەدەستبھێنن و متمانەی خەڵکیان پێدراوە، ئێستا بەرامبەر بەو خەڵکە بەرپرس بن و بێن لە پەرلەمان ئەرکی خۆیان ببینن، پەرلەمان کارا بکەنەوە.
زۆر ئەرکی ترمان ماوە کە پێویستی بە ھاوکاری و ھەماھەنگی حکوومەت و پەرلەمانە لە دەرکردنی یاساکان، رێخۆشکردنی ئیشوکارەکان، یارمەتیدانی زیاتری خەڵک، و باشترکردنی کار و خزمەتگوزارییەکان بۆ ھەرێمی کوردستان. جارێکی تر داوایان لێ دەکەینەوە کە پەلە بکەن لە پێکھێنانی حکوومەت و ئێمە ھەمیشە ئامادە بووین و ئێستاش ئامادەیی زیاتریشمان تێدایە.
جارێکی تر سوپاسی ئامادەبوونی ھەمووتان دەکەم و دەستخۆشی لە کاک سەردار، لە تۆیۆتا عێراق، لە ھەموو ئەو بەڕێزانەی کە ماندوو بوون بەم پرۆژانەوە دەکەم. ھیوادارم ھەمیشە سەرکەوتوو بن و لە سەرکەوتنی بەردەوامدا بن، کوردستانیشمان ھەر ئاوەدان بێت. زۆر زۆر سوپاس.



