ئەمشەو چوارشەم 21ی شوباتی 2024، پێكهاتەكانی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی رێكخست و لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وێڕای ئەوەی بڕیارەكە لەلایەن پێكهاتەكانەوە بە “نادەستووریی” وەسف كرا، هاوكات ئاماژەیان بۆ ئەوەیش كرد كە ئەم پرسە دەبەنە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان.
لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، محەمەد ئیلخانی سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، مایەی نیگەرانی ئێمەیە لەسەر سكاڵایەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكەی، 11 كورسی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشایەوە، كە ئەمەیش هەڵەیەكی مێژوویی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو پاشگەزبوونەوەیە لە بنەماكانی پێكەوەژیان و شەراكەت و مافی مرۆڤ كە لە رێككەوتنە سیاسییەكانی دوای راپەڕینەوە چەسپێنراوە.
ئیلخانی زیاتر گوتی، ئەوەی ئەمڕۆ بڕیارێكی تەواو سیاسی بوو لەپێناو لایەنێكی سیاسی كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا تووشی لاوازی و دۆڕان بوون و لە درێژەی قسەكانیشدا دووپاتی كردەوە كە ” وەك پارت و لایەنە سیاسییەكانی پێكهاتەكان “توركمان، كلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن” داوا لە سەرۆك بارزانی دەكەین، ئەم نادادپەروەرییە رەت بكاتەوە و هاوكات ئاماژەیشی دا كە تەنیا سەرۆك بارزانی بە درێژایی مێژووی سیاسی هەمیشە داكۆكیكاری مافی پێكهاتەكان بووە.
ئیلخانی دووپاتی كردەوە، بە هەموو لایەكتان رادەگەیەنین، ئێمەی پێكهاتەكان پاشگەزنابینەوە لە سیاسەت و ستراتیجیەتمان، بەردەوام دەبین لە خەباتی دیپلۆماسیمان لە پێناو خزمەتكردنی نیشتمان و دەنگی خۆشمان دەگەیەنینە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان.