لەبارەی بە دووسایدكردنی ڕێگەی كفری – سلێمان بەگ، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە

لەبارەی بە دووسایدكردنی ڕێگەی كفری – سلێمان بەگ، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئێستا هەموو كەسێك بێ ئەوەی ئاگادار بێت خۆی دەكاتە خاوەنی پڕۆژەیەك، لە كاتێكدا بە دووسایدكردنی شەقامی كفری بۆ سلێمان بەگ لەسەر داواكاری من بووە، بەڵام خەڵكانێك بەبێ ئەوەی ئاگاداری بن خۆیان دەكەنە خاوەنی ئەو پڕۆژەیە.
ئەمشەو، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند، “ڕێگەی سلێمان بەگ بۆ کفری دەکرێتە دوو ساید، پێم ناخۆشە ئەم بابەتانە بڵاو بکەمەوە، چونکە خزمەتکردنی خەڵک بە ئەرکی سەرشانی خۆم دەزانم، بەڵام بەداخەوە کاتێک پەرلەمانتارێک یان هەرکەسێک دێت خۆی دەکاتە خاوەن پڕۆژەیەک کە ئاگادار نەبووە چۆن کراوە وا دەکات ئیتر هەموو شتێک بڵاو بکەینەوە.”
باسی لەوەش كرد، كە “لەدوای هاتنی شاندێکی کفری و قایمقامی کفری بۆلای ئێمە لە بەغدا بەڵێنم دا داواکانیان جێبەجێ بکەم لەناویاندا چاککردنی ڕێگەی کفری – سلێمان بەگ بوو، بۆیە وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە لەسەر نووسراوی ئێمە ژمارە 287 لە 24ی 3ی 2024وە دوای مانگێک ڕەزامەندیی وەزارەتی شارەوانیم وەرگرتووە و دواتر ڕێگەوبان و دواتریش ڕەوانەكردنی لەمانگی 5 بۆ جێبەجێکردن.”
ئەوەش دەخاتە ڕوو، “هەرچەند هەر کەسێک خوێندەواری هەبێت دەزانێت لە نووسراوەکەدا هاتووە لەسەر داوای جێگری سەرۆکی پەرلەمان کراوە، بەڵام بەداخەوە خەڵكێک پێیوایە خەڵکی ئێمە ئەوەندە سادەن ناوەڕۆکی نووسراوەکە ناخوێننەوە، لەکاتێکدا زۆر کەس وەڵامیان داوەتەوە کە لە نووسراوەکە باسی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەکات، بەڵام خۆشم پێم باشبوو ئەم ڕوونکردنەوە بدەم، دووبارەی دەکەمەوە ئەوەی دەیکەین ئەرکی سەرشانمانە.”