ڕاگەیەندراوێک لە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران
سەرەتای دروستبوونی کێشەی مووچە لەهەرێمی کوردستاندا لەوە دەستیپێکرد کە لایەنێکی سەرەکی و پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن کەوتن و ئەوان ڕێنیشاندەری ناحەزانی هەرێمی کوردستان بوون بۆ دروستکردنی فشار بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران.
لەم کاتەدا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئامادەیە تەنها لەسەدا ٥۹ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات ئەویش دوای یەک مانگ لە دواخستنی،کە مووچەی پێشمەرگە و شەهیدان و بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا نییە، ئەمەش بۆ دروستکردنی فیتنەو جیاکاری و سوکایەتییە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لەم کاتەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بەڕێز سەرۆک وەزیران سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
ئەوانەی لەدەرەوەی نیەتی نیشتیمانی و پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان موزایەدە و قسەی دیکە دەکەن ئەگەر ڕاست دەکەن با بفەرمون لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕە مووچەیە خۆیان دابەشی بکەن،چونکە ئێمە نەسوکایەتی قبوڵدەکەین و نەجیاکاری لەنێوان فەرمانبەرانمان دەکەین.
دوپاتیشیدەکەینەوە داکۆکی لەسەرجەم مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین و پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانمان و جیاکاری و سیاسەتی برسیکردن بەهەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە دژی دەوەستین.
پێشەوا هەورامانی
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان