سیپان شێروانی : دادگای باڵای فیدراڵی خەریكە ئەركە دەستورییەكانی سەرۆككۆمار زەوت دەكات كەچی سەرۆك كۆمار هەر بێدەنگە

سەرۆككۆمار لەنێوان شەونخونی و ڕۆژنوستنیدا.

سیپان شێروانی ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی:
ماددەی 67ی دەستور
((سەرۆككۆمار سەرۆكی وڵاتە و ڕەمزی یەكپارچەی وڵات تمثیلی سەروەری وڵات دەكات و شەونخونی دەكات بۆ پابەندبوون بە دەستور، پارێزگاری لە سەربەخۆیی وڵات و یەكپارچەیی دەكات بەپێی ئەحكامەكانی ئەم دەستورە))

سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی:
((ئەرکی ئێستای دادگای فیدراڵی تەنها جێبەجێکردنی دەستوور نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان و پاراستنی یەکپارچەیی عێراقە، ئەمەش ئەرکێکی قورسە)).

سیپان شێروانی لەبارەی سەرۆککۆمار دەڵێت: بەپێی ماددەی 67ی دەستور بێت سەرۆككۆمار دەبێت شەونخونی بكات بۆ زامنكردنی جێبەجێكردنی دەستور بەڵام لە راستیدا نەك شەونخونی نەكردووە بەڵكو پێدەچێت بە ڕۆژنوستنی كردبێت چونكە نەك گەرەنتی جێبەجێكردنی دەستور و مافەكانی هەرێمی زامن نەكردووە بەڵكو بە ڕۆژی ڕووناک دادگای باڵا خەریكە ئەركە دەستورییەكانی سەرۆككۆمار زەوت دەكات كەچی سەرۆك كۆمار هەر بێدەنگە، هەروەك لە سەرەوە ئاماژەم پێدا بەپێی ماددەی 67 ئەركی پاراستنی یەكپچارەیی عێراق كە ئەركی سەرۆككۆمارە ، كەچی سەرۆكی دادگاكە لە لیدوانێكدا ئەم ئەركەی بە ئەركی دادگای باڵای ناوبرد كەچی فەخامەتی سەرۆككۆمار هەر بێدەنگە، بۆیە پێدەچێت فەخامەتی سەرۆككۆمار لەجێی شەونخونی، ڕۆژنوستنی بكات بۆیە نەك لەسەر مافی هەرێم و دەستور بەڵكو لەسەر مافی خودی خۆشی بێدەنگە!

لەسەر ئەوەی خەڵک دەپرسن بۆچی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزیرە کوردەکان دەستلەکارناکێشنەوە، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: خەڵكی دەپرسن بۆچی پەرلەمانتاران و وەزیرانی كورد لە بەغدا دەستلەكار ناكێشنەوە بەڵام كەس ناپرسێت بۆچی سەرۆككۆمار دەستلەكارناكشێتەوە؟

سەبارەت بە ئەندامانی پارتی نووسیویەتی: وێڕای ئەوەی بۆ ئێمەی پارتی هیچ بژاردەیەك هێلی سور نییە و دەستڵەكار كشانەوە یەكێكە لە بژاردەكان بەڵام ئەگەر نەك تەنیا پارتی هەر 63 پەرلەمانتاری كورد بكشێنەوە ئەوا 63 جێگرەوە دەچنە جێگەیان بەڵام
سەرۆككۆمار یەك كەسە و پارێزەری دەستور و یەكپارچەیشە، دەستەلەكار كێشانەوەی ڕیسەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەكاتەوە بەخوری، هەموو پرۆسەی سیاسی عێراق دەخاتە بەردەم قەیرانێكی قوڵەوە و زۆر قوڵتر لەو قەیرانانەی دادگای باڵا بۆ هەرێمی كوردستانی دروستكردوون.

سیپان شێروانی ئەوەشی نووسیوە: چونكە ئەوەی سەرۆككۆمار لە هەموو پۆستێكی عێراق جیادەكاتەوە ئەوەیە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار پێویستی بە 220 كورسی هەیە، دڵنیام قەد و قەد ئەم ژمارەیە بە چوارچێوە كۆنابێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارێكی نوێ، بۆیە ئەگەر فەخامەتی سەرۆككۆمار نییەتیشی نەبێت لەپێناو مافە دەستورییەكان و مووچە و بودجەی كورد دەستلەكاربكێشێتەوە ئەوا با هەر وەك كارتی فشار ئەرك بكێشێت و هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە بكات ئینجا دەبینین چۆن پلاندانەرانی دژی هەرێم ئیفلیج دەكرێن و ڕۆناكی لە قوڵایی تاریكیدا بەدەردەكەوێت،

لەكۆتاییدا ئەم پارچە شعرەی شاعێری گەورەی كورد و سلێمانی شێركۆ بێكەس پێشكەش دەكەم بە فەخامەتی سەرۆككۆمار:

من خۆم بووم خۆم
سێدارە هەڵوەشاوەکەم
سەر لە نوێ دروستکردەوە و
بە شانی خۆم هێنامەوە
بەر دەم بەغدا
من، خۆم بووم خۆم
ماری سڕ بووی ئەم عێراقەم
سەر لە نوێ گەرم کردەوە
تا پێوەم با

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button