ئەپیکور داوای گفتوگۆی سێ قۆڵی دەکات

ئەپیکور ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕەخنە لە چەند ڕاپۆرتێكی میدیایی لە بارەی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێی بۆری نەوتی عێراق – توركیا بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەیداوە ڕاپۆرتەكان بە شێویەكی نادروست لۆمەی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوتییان كردووە.

ئەمڕۆ سێشەمە 28ـی ئایار، ئەپیكور لە ڕاگەیەندراوەكەیدا بڵاوی كردووەتەوە و دەڵێت، كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور باوەڕیان وایە، گفتوگۆی سێقۆڵی حكوومەتی عێراق – حكوومەتی هەرێمی كوردستان – كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی وەبەرهێنانی نەوت پێویستی بۆ دۆزینەوەی چارەیەكە كە سوودەكەی لە بەرژەوەندی هەمووان بێت.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەپیكور تەواوی زانیاریی و ڕاپۆرتانە ڕەت دەكاتەوە، گوایە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی وەبەرهێنانی نەوت نەرمی نانوێنن و بوونەتە هۆكارێك بۆ بەردەوامبوونی دۆخی چەقبەستوویی ڕاگیرانی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – توركیا ، ئاماژەیداوە، لە 7تا9ی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەكی هاوبەش لە نێوان كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان و نوێنەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردەی نەوت نەكراوە.

ئەپیكۆر ئامادەیی خۆیی ڕایگەیاندووە بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن لە بارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام بەو مەرجەی دڵنیاییان پێ بدرێت كە شایستەی هەناردەكردن لە ڕابردوو و داهاتوویان پێ بدرێت و شایستەكانیشیان ڕاستەوخۆش خەرج بكرێت.

لە كۆتایی راگەیەنراوەكە ئامادەیی كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكوری ڕاگەیاندووە بۆ بەشداربوون لە هەر دانووستان و گفتوگۆیەك بۆ دەست پێكردنەوەی نەهاردەكردنەوەی نەوت.