نەسیحەتێكی کوردانە و برایانە بۆ هەموو حزبەکان

بەهمەن کاک عبداللە:سێ مانگە بەخۆتان و تاران و بەغدا و دادگا و کۆمسیۆنەوە ئیستفزازی پارتی دەکەن، پارتیش بەیەك بەیاننامە گوتی هەڵبژاردن ناکرێت .

پارتی گوتی نەمیشێ ، هەر هەموتان گوتتان دەمیشێ

نەسیحەتێكی کوردانە و برایانە بۆ هەموو حزبەکان

ئەگەر زۆر دور نەڕۆینە قوڵایی مێژوو ، تەنها لە دوای ڕاپەڕینەوە دەست پێبکەین ، هەر هەموو حزبەکان لە پێش هەمویان یەکێتی ، تو پیرۆزیەکانتان چ ڕێگەیەك ماوە دژی پارتی تاقی نەکەنەوە ، ئادەی پێم بڵێن چ سودێکتان بینی .

شەڕی ناوخۆ شەرە جنیۆی ڕاگەیاندن پەنابردن بۆ هێزی دەرەکی ، موئامەرەی پەرلەمان و یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم ، خۆپیشاندان و ڕاپەڕین و هەڵپەڕین ، بارەگای پارتی سوتاندن ، بڕینی موچەو بوجەی خەڵکی کوردستان ، ڕاکێشانی دەستی بغداد ، ڕاکێشانی دەستی ئێران و شکست هێنان بە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم ، تەسلیم کردنی ٥۱٪ ی خاکی کوردستان ، ڕاکردنی هەموتان بۆ بغداد بۆ پاکانەکردن لەو کاتەی حەشد بەرەو هەولیر و دهۆک هێرشی دەکرد ، ۳۲ ساڵ ڕاکردن لەبەرپرسیارێتی لەکاتی قەیران و خۆ بەشەریککردنی دەستکەوتەکان ، پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی بۆ لاوازکردنی هەرێم و پیاهەڵدانی دادگای فیدراڵی و تەنانەت پێدانی مژدەی بەهەشت بەسەرۆکی دادگا ، ئامادەکاریتان بۆ هەڵبژاردن بەبێ پارتی …. چەندان شتی تر

سوێنتان دەدەم چ سودێکتان بۆ خۆتان و خەڵکی کوردستان بەدەستهێنا جگە لەزەرەر ، ئەرێ ئێوە حزبن هەموتان سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی و هەندێکتان ئەنجومەنی شوراشتان هەیە هیچ کات ئەو پرسیارەتان لەخۆتان کردوە ئەنجام چیتان بەدەستهێناوە ، خۆتان بچووک کردەوە و پارتی هەر بەگەورەترین مایەوە

ئەی هیچکات بیرتان کردوەتەوە ئەو چەند ساڵەی کە ڕێککەوتنی ستراتیژی و هاوپەیمانی کوردستانی هەبوو چەند دەستکەوتی گەورە بۆ کوردستان و چەند پۆست و دەستکەوتی حزبیتان بۆخۆتان و حزبەکانتان بەدەستهێنا ، بەوێژدانتان پارتی بەنۆ کورسی و دوازدە کورسی سەرۆك کۆمار و سەرۆکی حکومەتی هەرێم دوساڵ و سەرۆکی پەرلەمانی بەیەکێتی نەدا ؟ بەیەک تلفونی کاك نەوشیروان پارتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و گرنگترین وەزیری بەگۆڕان نەدا ؟ پارتی گرنگترین وەزیری بەیەکگرتووی ئیسلامی نەدا ، کۆمەڵی ئیسلامی وەزیری نەبوو لەبغداد و لەهەرێم ، کورد دەستور و چەندین دەستکەوتی گەورەی بەدەست نەهێنا ؟

هیچ کات سەرکردایەتی و ئەنجومەنی شوراو ڕاوێژکارەکانتان یان تەجروبەی ڕابردوی سەرکردەکانتان لەگەڵ پارتی پێی نەگوتوون ئەوەی بەقسەی خۆش و بەنەرم و نیانی دەتوانن لەپارتی وەربگرن بە عینادی و موئامەرە بەدەستی ناهێنن ؟

هەمووتان سێ مانگە بەخۆتان و تاران و بەغدا و دادگا و کۆمسیۆنەوە بەجۆرەها شێوە ئیستفزازی پارتی دەکەن و پیلان دادەڕێژن و دەڵێن هەڵبژاردن دەکەین بەبێ پارتی و کۆتایی سەردەمی پارتی هات و نازانم چی و چی دەکەین ، پارتیش بەیەك بەیان نامەی نەرم و لەسەرخۆ گوتی هەڵبژاردن ناکرێت .

یەك چاوپێکەوتنی ۱۷ دەقیقەیی سەرۆک و دوو مانۆڕی دوو باڵەکەی هەڵۆکە لەئەمریکا و بەغداد دیسانەوە وەک ڕابردوو هەموو ڕیسەکەی لێکردنەوە بەخوری وڕەنجەڕۆی کردن و بایدن و سودانی و سەرکردەکانی عێراقیش هەمان قسەی سەرۆک دوبارە بکەنەوە .

ئیتر بەسە تکایە ئەو میللەتە شایەنی ئەو هەموو خراپە و ناڕەحەتیە نیە ئەو میللەتە زور ماندوو بوو کاتی ئەوەیە بحەسێتەوە و دور بێت لەململانێی بێ سود و موزایدەی پڕو پوچ و شەڕە جنێو ، لەجیاتی ئەو تەنازولاتەی هەموتان بۆ بغدا و دادگا کردوتانە وبۆ خەلکی ترتان کردوە بەئامانجی لاوازکردنی پارتی ، وەرن دەستی برایەتی و هاوکاری ڕاکێشن بۆ پارتی دڵنیابن ئەوەی لای پارتی دەستتان دەکەوێت لەهیچ جێیەک دەستتان ناکەوێت ، با ئەو میللەتەش تۆزێك بحەسێتەوە .

بهمن کاك عبداللە احمد