عێراق بەرپرسە لە دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان، دەبێت مامۆستایان دروشم دژی عێراق بەرزبکەنەوە

بەرپرسی یەکێتی مامۆستایان: عێراق بەرپرسە لە دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان، دەبێت مامۆستایان دروشم دژی عێراق بەرزبکەنەوە

ئەحمەد گەرمیانی، بەرپرسی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە بازمیدیای گوت: ئێمە لە یەکەم رۆژەوە وتومانە بایکۆتی دەوامکردن هیچ ئەنجامێکی نابێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێی ئەو پارەیەی لە بەغداوە بۆی رەوانە دەکرێ مووچە دابەش دەکات، ئەمە هەموومان دەیزانین.

بەرپرسی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە حکومەتی عێراق لە دواکەوتنی مووچە بەرپرسە، بەپێی یاسای بوودجەی گشتی عێراق کە مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی تێدایە، دەبێت مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستتەوەستان بوەستێت، هەموو توانای خۆی دەبێت بەکاربهێنێت، پێشتریش دیتوومانە کە بە هەموو توانایەوە هەوڵی داوە و لە دانووستان و گفتوگۆکانیدا جەختی لەسەر کردووەتەوە.

ئەحمەد گەرمیانی بە بازمیدیای راگەیاند: مامۆستایان لە خۆپیشاندانەکانیان ئەگەر دروشمێک دژی عێراق هەڵگرن و داوای لێ بکەن کە بێتە پێشەوە و مووچە و بوودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێێت، بێگومان ئەمە دەنگەکان یەک دەخات لە دژی نەیارانمان لە بەغدا، کە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمن.

بەرپرسی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێ: ئێمە یاداشتێکمان بەرزکردووەتەوە تا مووچەی وەزارەتی پەروەردە پێش بخرێت، بەنمونە مانگی هەشت پێویست بوو کە یەکەم شوێن بین مووچەی دابەش بکرێت، پێویستە تەرفیعات دەست پێ بکاتەوە و کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بە گرێبەست بکرێت، پێویستە هەوڵەکان بۆ کردنەوەی درگای قوتابخانەکان لەو سنوورە چڕ بکرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button