جیاوازی ئێمە و ئەوان

جیاوازی ئێمە و ئەوان
نیاز حاجی نووسەر:
لافاو ئافاتێکی سروشتیە و کەس دەسەڵاتی بەسەرەوە نیە، بەڵام ساڵانی ڕابردوو بینیمان کە چۆن زۆرینەی میدیاکانی سنووری سلێمانی گاڵتەیان بە هەولێر دەکرد کاتێک نیمچە لافاوێک دروست دەبوو بەهۆی بارانی بەخوڕەوە. تەنانەت کاتێک هەندێک چاڵ لە سنووری هەولێر یاخود دهۆک پڕ ئاو ببووایە، میدیاکان و میدکاران و بەناو ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی بە ناخێکی پڕ کینە و ڕەشەوە دڵی خۆیان بە سنووری پارتی خۆش دەکرد و گاڵتەیان پێ دەکرد، هەموو میدیاکانیان و بەناو نووسەرەکانی خۆیان رادەسپارد بە گاڵتەجاڕیەوە مانشێت بنووسن وەک (دوبەیەکەی کوردستان لافاو بردی)، (هەولێری دەستەخوشکی پاریس ئاو بردی). جەژنیان بوو کاتێک دوو چاڵ لە هەولێر پر ئاو دەبوو تاکو ئیرهابی فکری دەست پێبکەن دژ بە هەولێر و دهۆک.
لەبەرامبەردا با بزانین میدیاکان و رۆژنامەنووس و سیاسیەکان و نووسەران و خەڵکی هەولێر چیانکرد بۆ لافاوەکەی سنووری سلێمانی بە تایبەتی بۆ چەمچەماڵ.
هەموو خەڵکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بە مناڵ و گەورە و پیرەوە، بە میدیاوە، بە چالاکوانەوە، بە رۆژنامەنووس و نووسەرەوە، بە دەزگای خێرخوازی و تیمەکانی فریاکەوتنەوە، هەر هەموویان هەر یەکەو بەپێی توانا و شێوازی خۆی بە هانای چەمچەماڵ و خەڵکی چەمچەماڵەوە چوون. تەنانەت یەک میدیای سنووری هەولێر و یاخود سنووری دهۆک گاڵتەیان بە حالی خەڵکی سنووری سلێمانی نەکرد لەم کارەساتە سروشتیەدا.
لێرەدا بەس جیاوازیەک بکەیت لەنێوان میدیاکانی سنووری هەولێر و سنووری سلێمانی وەک ڕۆژی رووناک بۆت دەردەکەوێت کە کێ کوردپەروەرە و کێ جاشپەروەرە، کێ نیشتیمانپەروەری دەکات و کێ شارچێتی.
ئەم لافاوەی سنووری سلێمانی دووبارە دەریخست کە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لانکەی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەرین، هەر کوردێک لە هەر شارێکی کوردستان لێی بقەومێت، پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەچن بەهانایانەوە.
ئەوان شارچێتی و ئیرهابی فکری دەکەن، ئێمە کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری. ئەوان رق و کینە و زمانپیسی لەناو کورددا بڵاو دەکەن بەرامبەر بە خەلک و شارەکانی تری کوردستان، ئێمە خۆشەویستی وڵات و برایەتی کوردان. ئەوان کۆمەڵێک بەکرێگیراوی ناخ رەشیان داناوە بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی دووبەرەکی لەنێو ماڵی کورددا، ئێمە سەنتەری مرۆڤدۆستی و یەکریزی کورد.
خەڵکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک هەرگیز بە خراپە وەڵامی خراپەیان نەداوەتەوە، هەمیشە بە چاکە وەڵامی خراپەیان داوەتەوە. سادەترین نموونەش یانەی نەورۆزە، کە چۆن کاتی خۆی پشتەوانانی یانەی نەورۆز بە یانەی هەولێر و دهۆک و زاخۆیان وت کۆیلە و سووکایەتیان پێ دەکردن، بەڵام کاتێک لە یانەی نەورۆز قەوما، یەکەم شوێن خەڵکی هەولێر و دهۆک و زاخۆ بەهانایەوە چوون و نەیانهێشت یانەکە ئیفلاس بکات.



