د. باخان ئازاد، بۆ بازمیدیا: ئەندامێکی کۆماندۆ هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەم و 10 دەفتەر دۆلاری دزیوین و ماڵەکەی شێواندووین
ئەو خانمە پزیشکەی رۆژی هەینی رابردوو لە لایەن هێزێکی یەکێتی لە سلێمانی دەست بەسەر کرا، بازمیدیا وەک یەکەم میدیای کوردی هەواڵەکەی بڵاوکردەوە، بۆ بازمیدیا رایگەیاند: “ئەو کەسەی ئەندامی هێزی کۆماندۆی یەکێتییە و رۆژی هەینی هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەم، بەداخەوە جارێکی دیکە و لە کاتژمێر 10:56 خولەکی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەدا هەڵیکوتایەوە سەر ماڵەکەمان و بڕی 10 هەزار دۆلاری دزیوین و ماڵەکەی هەموو شێواندووین”.
ئەوەشی راگەیاند: “ئامانج لە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی سێ شتە، بۆ کوشتنمان، یان دەستدرێژی کردنە سەرمان، یان دزی، ئێمە واتە من و خوشکەکەم و دوو منداڵەکەم ئەو شەوە لە ماڵەوە نەبووین، بۆیە ماڵەکەی شێواندوین و دزی لێکردووین، رەنگە هۆکاری هەڵکوتانەکەی کوشتنمان بووبێ یان دەستدرێژیکردن، بەڵام لەبەر ئەوەی لەماڵ نەبووین ئەوەی پێنەکراوە”.
سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، د.باخان ئازاد دەڵێت: “بۆ تۆمارکردنی سکاڵا چوومە بنکەی پۆلیس، بەڵام دادوەر گوایە لەبەر هەستیاری کەیسەکە رایگەیاند کە سبەت قسەی لەسەر دەکات، هەروەها پەیوەندیم بە هێزەکانی ئاسایشەوە کرد، گوتیان دەبێت پۆلیس ئەم کەیسە چارەسەر بکات و پەیوەندی بەوانەوە هەیە، ئەو کەسەی هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی من سەر بە هێزی کۆماندۆیە و هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی پارێزگاری لێ دەکەن، فەرمانی گرتنی هەیە و جێبەجێی ناکەن”.
ئەو پزیشکە باسی لەوە کرد، کە رۆژی هەینی رابردوو پاش ئەوەی ئەو کەسەی سەر بە هێزی کۆماندۆیە هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەی، ئێمە هێزەکانی فریاکەوتنمان بۆ بەهاناوە چوون ئاگادار کردەوە، منیان بردە بنکەی ئەزمەڕ و سکاڵایان لەسەر ئەو کەسە لێ وەرنەگرتم، گوتیان دڵی گەرم بووە و کوڕێکیان برینداربووە، لە کاتێکدا برینداربوونی کوڕەکەیان بەهۆی رووبە رووبوونەوەی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس بووە، نەک لە رووبە رووبوونەوەی داعش و بەرگریکردن لەم نیشتمانە.