ئایدن مەعروف؛ نابێ ئەم غەدرەی بەغدا لە خەڵکی کوردستانی دەکات قبوڵبکرێت

ئایدن مەعروف بۆ بازمیدیا ؛ نابێ ئەم غەدرەی بەغدا لە خەڵکی کوردستانی دەکات قبوڵبکرێت

ئایدن مەعروف، وەزیری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (بازمیدیا)ی راگەیاند؛ بەغدا سیاسەتێکی هەڵە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی پەیڕەو دەکات، بابەتی مووچە و بوودجە و قوتی خەڵکی کردووەتە بابەتێکی سیاسی، دەبێت لەگەڵ کێشەی سیاسی لەیەکی جیا بکاتەوە، دەیەوێت بە مەبەستی فشارکردن لەسەر هەولێر و هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنێت، ئەم کارەش لە دەرەوەی یاسا و دەستوور و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤە.

وەزیری پێکهاتەکان گوتیشی؛ لە رابردووش دا حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە، کە مەبەست لێ چارەسەرکردنی گرفتەمان بووە، هەرچەندە هەرێمی کوردستان هەموو جارێک پابەندی رێککەوتنەکان بووە، بەڵام حکومەتی عێراق نیەتی باش نییە و جێبەجێ نەکردوون، ئەو ئیدارەش ئێستا لە بەغدا هەیە کەوتووتە ژێر کاریگەری هەندێک لایەنی سیاسی.

ئایدن مەعروف یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێویست دەزانێت، کە پێکەوە هەڵوێستێکی نیشتمانیان هەبێت و رێگربن لەم غەدرەی بەغدا بەرامبەر خەڵکی کوردستان و قوتیان دەیکات، دەڵێ “نابێ ئەم زوڵمە قبوڵ بکرێت”.