وەڵامێکی توند بۆ سەعدی ئەحمەد پیرە

وڵامێك بۆ به‌ڕێز سه‌عدى پیرە

محەمەد خورشید

له‌ دوو رۆژ‌ى رابردوودا، سێ چوار جار دیدار و گفتوگۆ و كۆبوونه‌وەت هه‌بوو، لە قسەكانتدا زۆر راستییت شێواند و زۆریشت گوت و وا نه‌بوو، ئه‌وەیشى لێى مایه‌وە پێویستى به‌ راستكردنه‌وەى زمانه‌وانى و مێژوویى و زانیاری هه‌بوو، جا بۆ ئه‌وەى بینه‌ر و خوێنه‌ری بەڕێز و هەروەها برادەرانى خۆشتان لێیان تێك نه‌چێت، هه‌ندێ بابه‌تی ناڕاستت، بۆ راست دەكه‌مه‌وە.

له‌ دیدارت له‌گه‌ڵ برادەرانت له‌ مه‌ڵبه‌ندى 3ی حزبەكەت له‌ 23/8 كه‌ بۆ خۆت و برادەرانیشت وا باشتر بوو بڵاو نه‌كرێته‌وە،‌ چونكه‌ لە لایەكەوە كۆڕێكى نێوخۆیی حزبیى خۆتان بوو و لەلایەك تریشەوە قسەی ناڕاست و هه‌ڵه‌كانیشت دەرنه‌دەكه‌وتن، ئەمە جیا لەوەی بەو بڵاوكردنه‌وەیە‌ مافى وەڵامدانه‌وەشت بۆ هەمووان فەراهام كرد‌.

له‌ دیدارەكەت لەگەڵ كه‌ناڵى رووداویش له‌ هه‌مان رۆژ 23/8دا، بە هەمان شێوە كۆمه‌ڵێ بابه‌تت باس كرد، دیسان ئەوانیش پێداچوونه‌وەى مێژوویى و زمانه‌وانى و… هتدی گه‌رەكه‌، پێشنیار دەكه‌م له‌ مێژوو و ناوهێنان و دەستنیشانكردن كه‌مێك وردتر و بەئاگاتر بدوێیت، ئاخر (ئولف پاڵمه، رەشپێست نه‌بوو سپی پێست بوو، كۆیله‌ نه‌بوو ئازاد بوو، سه‌رۆكى ئه‌مریكا نه‌بوو سه‌رۆك وەزیرانى سوید بوو، رێبه‌رى حزبى دیموكراتى ئه‌مریكا نەبوو هی حزبى سۆسیال دیموكراتى سوید بوو) ئه‌مه‌ رێك ئه‌وەم بیر دەخاته‌وە كابرا گوتبووى: ”الخسن والخسین ثلاثتهم بنات معاویه‌“
له‌ مێژووەكانیش، 16ى ئۆكتۆبه‌رە و 16 ئاب نیه‌، 1977 نیه‌ 1976ە… پێم وابێ لێرە بەدواوە لە هەڵەكانت بگەڕێم باشترە، چونكە ئەم هەموو راستكردنەوەیە، كاتی زۆرى گه‌رەكه‌.

به‌ڕێزم: هه‌موو كوردستانیه‌ك و هه‌موو دۆستانمان و هەروەها به‌رژەوەندیى باڵاى ئه‌م نیشتمانه‌، وامان لێ دەخوازن هێزى پێشمه‌رگه‌ یه‌ك بخرێته‌وە،‌ ئاخر چۆن و بۆچی ئه‌مه‌ خه‌یاڵپڵاوە؟ ئه‌ى هاتنى ئه‌م هه‌موو شاند و سه‌ردان و كۆبوونه‌وانه‌ به‌ ئامادەبوونى نوێنه‌رانى خۆتان ماناى چى دەدات؟ یان بندیوارەكانى لاى بەڕێزتان و ئه‌و دەستكه‌وتانه‌ى دەتانه‌وێ به‌ به‌كارهێنانى هێز لاى خۆتان بن، بابه‌تى ترن و ناتانه‌وى هێزى پێشمه‌رگه‌ یه‌ك بخه‌نه‌وە؟

به‌رپرسانى پارتى له‌ به‌غدا شەڕى ماف و قوت و بودجەی خەڵكی كوردستان و ناوچه‌ دابڕێنراوەكان و ناوچه‌ داگیركراوەكان دەكه‌ن، نوێنه‌رانى ئێوەش له‌ به‌غدا شه‌ڕى خه‌ڵكى كوردستان دەكه‌ن، پێمان بڵێ نوێنه‌رانى ئێوە له‌ به‌غدا له‌ به‌رژەوەندیی هه‌رێمی كوردستان و خەڵكەكەی چییان كردووە، ئاخۆ جگه‌ له‌ چاوساغى و تێكدانی هەر دەستكەوتێك‌ بۆ كورد و كوردستان، هیچ كردەوەیه‌كى تریان هه‌یه؟ كاتى خۆى به‌ به‌ڕێز مالیكیان گوت: ”هێز به‌رنه‌ سه‌ر كوردستان“ به‌ ئاشكرا باسى نه‌هێشتنى هه‌رێم و له‌تكردنى هه‌رێمیان ئه‌كرد، ئەی هه‌ر خۆت نه‌تگوت ئه‌وەى له‌ به‌غدا دەیكه‌ن كاردانه‌وەى ئه‌وەیه‌ له‌ هه‌رێم دەكرێت؟

له‌بارەى یه‌كلیستییەوە، ئاخر چۆن یه‌كلیستى له‌گه‌ڵ لایه‌نێك دەكرێت كە به‌ ئاشكرا باسى لەتكردنی هه‌رێمی كوردستان و نەهێشتنی ئەم قەوارەیە بكات؟ خه‌ڵكى كه‌ركووك پرسیار دەكه‌ن: حزبێك ئاوا به‌ ئاشكرا خاك و وڵات و شار بفرۆشێت و به‌ ئاشكرا بێته‌ سه‌ر شاشه‌ى (tv) و به‌ زمانى ئینگلیزى! بڵێ 38 ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى واژوى ئه‌م كارەی كردووە، چ پێویست دەكات هه‌ر به‌شدارى هه‌ڵبژاردن ببێت؟

راستیتان دەوێ، ئێوە دەبێ سەرەتا بێن و قه‌ناعه‌ت به‌ خه‌ڵكى كوردستان بهێنن كه‌ به‌ڕاستى پرسى كورد و كوردستان بەلاتانەوە گرنگه‌ ئینجا داواى یه‌كلیستى بكه‌ن، ئاخر له‌ كه‌ركووك خۆتان پارێزگار بوون، زۆربه‌ى دامودەزگاكانتان به‌ دەسته‌وە بوو، به‌ڕێوەبه‌رى پۆلیسی كه‌ركووك به‌ ئێوە درا، كورد و پێشمه‌رگه‌ كه‌ركووكیان دەپاراست، هه‌ر له‌ یه‌ك سه‌نگه‌ر بووین، ئیتر بۆچی خیانه‌تى 16ى ئوكتوبه‌ر كرا و كه‌ركووك رادەستى حه‌شدى شه‌عبى كرا؟ رۆژى 14/10/2017 له‌ رەشاد چیتان كرد و له‌سه‌ر چى رێك كه‌وتن؟ چیتان دەست كه‌وت؟ بەڕاستی هه‌قى خه‌ڵكى كوردستان و به‌تایبه‌تى كه‌ركووكیه‌كانه‌ بزانن چى رووی دا، دەرئه‌نجامه‌كانیش هه‌مووى روونه و پێویست به‌ باسكردن و وەبیرهێنانەوە ناكات.
ئه‌گه‌ر پارتى كار بكات كە پۆستى پارێزگارى كه‌ركووك بۆ كورد بێت جا هه‌ر لایه‌نێك بێت، بۆچی ئێوە پێى ناڕەحه‌ت دەبن؟

به‌ڕێز سه‌عدى پیرە..
ئه‌وە جه‌نابى سه‌رۆكوەزیرانى هه‌رێمی كوردستان نیه‌ كە بووەته‌ هۆى ئه‌وەى فڕۆكه‌ بۆ سلێمانى نه‌یه‌ت، به‌ڵكوو هۆكار، هەڵە و كارە خراپەكانى ئێوە و ئه‌و هه‌را و بگرە و بێنە و بڕۆیەیە كە ئێوە لەو شارەدا دروستتان كردووە، ئـه‌گه‌ر دەشتوانیت هـه‌وڵ بدە چارەسه‌رى بكه‌یت نه‌ك بیخه‌یته‌ ئه‌ستۆى كه‌سـى تر.
سه‌رۆكوەزیرانى هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ ڕوون و راشكاوى له‌ به‌رنامه‌ى (دیدارى خه‌ڵك)دا گرفته‌كانى خسته‌ به‌رچاو و هه‌ر لاى خۆشتان دەنگدانه‌وەى زۆرى لێ كه‌وته‌وە و راستیى بابه‌ته‌كان به‌ ته‌واوى دەركه‌وتن، فارسه‌كان دەڵێن: ”چون آینه‌ رسم تورا بنمود راست، خود شكن آینه‌ شكستن خطاست.“

گرفتى هه‌بوونى (پەكەكە) گرفتێكه‌ بۆ هه‌موو ناوچه‌ سنوورییه‌كانى هەرێمی كوردستان، هەر له‌ پارێزگاى دهۆكه‌وە تا پێنجوین و..هتد. به‌ڵام كێ بردینیە‌ ئاغجه‌له‌ر و شوان و كفرى؟ كێ بوو كردینیە هاوپه‌یمان له‌ شه‌ڕى ناوخۆ له‌ دژى پارتى؟ تۆ راست دەكەیت، به‌ هه‌موو هێز و هاوپه‌یمانیكردن له‌ مێژووى خۆتاندا له‌ 1964 و 1966 و له‌ هه‌كارى و مفاوەزاتى 1983 و جه‌وله‌كانى شه‌ڕى ناوخۆ و خیانه‌تى 16ى ئوكتۆبه‌رى 2017 هه‌وڵتان دا پارتى له‌ناو ببه‌ن، به‌ڵام پێتان نه‌كرا.
كۆبوونه‌وە و سه‌ردان و هه‌وڵتان له‌گه‌ڵ دەوڵه‌تى توركیاش زۆرە و پێویست به‌ تۆمه‌ت به‌خشینه‌وە به‌ كه‌سى تردا ناكات، په‌یوەندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ به‌رەى توركمانى و له‌ دواى دروستبوونیان و هه‌وڵه‌كانتان له‌ باڵاترین دەسه‌ڵاتى نێو یه‌كێتى و ئه‌و به‌ڵگه ‌و ڤیدیۆیانه‌ى بڵاو كرانه‌وە، تا ئێستا ماون كه‌ چى دەوترا و چۆن دەست ماچ دەكرا!

پارتى دیموكراتى كوردستان، گرفتى سه‌رەكیى له‌گه‌ڵ دوژمنانى كوردستانه‌ له‌ هه‌ر كات و سات و هه‌ر شوێنێكدا،‌ خه‌باتى 77 ساڵه‌ى پارتى روونه‌ و لەم‌ ماوەیە‌ى دواییدا جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى زۆر به‌ روونى سه‌بارەت به‌ مێژووى پارتى له‌ هه‌ر 6 به‌رگه‌كه‌ى كتێبى (بارزانى و بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى كورد) بێ په‌ردە و رووتوش به‌ به‌ڵگه‌ى ته‌واوەوە شته‌كانى روون كردووەته‌وە، نازانم تۆ بۆچی یەكێتی دەخه‌یته‌ ئه‌و به‌رەیه‌ی پارتى گرفتى سه‌رەكیى له‌گه‌ڵ هه‌یه؟
‌پارتى و مێژووى پارتی، شاهیدن چه‌ند جار لێخۆشبوون دراوە و چه‌ند جاریش پاڵپشتى كراون.

دوا قسه‌كانت له‌سه‌ر ئامارى مه‌ڵبه‌ندى 3 راستگۆترین به‌شى قسه‌كانت بوو كه‌ خۆت دانت پیا نا كه‌ رەوشەكەتان زۆر خراپه‌ و دەبێ هه‌وڵ بدەن بیگۆڕن، ئێ پرسیارەكه‌ ئه‌وەیه،‌ ئه‌ى ناپرسى بۆچی ئامارەكانتان و دەنگدانه‌كانتان و كۆنگرەكانتان و ناڕەزایه‌تیه‌كانتان و دابه‌شبوونه‌كانتان و دیدارى سه‌ركردایه‌تیى نێوخۆتان و دەركراوتان ئه‌وەندە به‌ خراپى باسى دۆخى خۆتان دەكه‌ن؟

له‌ كۆتاییدا دەڵێم بۆ به‌ردەوامبوون و پێكه‌وەیى و پاراستنى ئه‌م هه‌رێمه‌ و دەستكه‌وته‌كان و به‌فیڕۆنه‌چوونى ڕەنج و فیداكاری و خوێنى شه‌هیدانى كوردستان، به‌دیلى پارتیتان نییه‌ و پێویسته‌ خۆ له‌م شێوازە قسه‌ى زبر و ناوهێنان و به‌كه‌سیكردنەی گرفته‌كان بپارێزن، خواى گه‌ورە ریێ راست نیشانی هەموان بدات.