داستانی خواکوڕک یەکێکە لە شانازی و سەروەرییەکانی مێژووی گەلی کورد، هێمای بەرگری و سەربەخۆییی شۆڕش و تێکۆشانی گەلەکەمان بوو، له داستانی خواکورکدا، دڵسۆزی و بیروباوەڕ و فیداکاریی پێشمەرگە هۆکاری بەچۆکداهێنانی سوپا پڕچەک و زەبەلاحەکەی ڕژێم بوو، چونکه ویستی بەشداریکردنی پێشمەرگە له هێرشەکاندا بە شێوەیەک بوو، تەنانەت جاروبار ئەگەر لە شەڕەکان بەشدارییان پێ نەکرابایه، پێشمەرگە نیگەران دەبوون.
بارودۆخی دوای شەڕی عێراق و ئێران ڕوون بوو، عێراق له شەڕی گەورەی هەشت ساڵە ڕزگاری ببوو و خۆی به سەرکەوتوو دەزانی، بەڵام ئەو بارودۆخە ئابووری، سەربازی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەی دوای شەڕ له عێراق هاتبووه ئاراوه، ئاماژەی گۆڕانکاریی گەورەیان لێ بەدی دەکرا.
هەست دەکرا عێراق پێویستی بەوە بێت ڕووی خۆی بکاته شوێنێک و شەڕێکی دی بەرپا بکات، لەوكاتەدا تورکیا بەهێز بوو، سووریا سوپای هەبوو، تاکه شوێن که عێراق بیری لێ دەکردەوە خاڵی لاوازی هەبێت کوێت بوو. ئەوەی کرد که پێی وابوو دەبێ بیكات،
بۆیه به داگیرکردنی کوێت گۆڕانکاریی گەورە ڕوویان دا.
له خواکوڕک، پێشمەرگە ئەرکی پیرۆزی خۆی بەجێ گەیاند و ئەفسانەی هێز و جەبەڕووتی ڕژێمی تێک شکاند و ڕێی نەدا هێزەکانی ڕژێم بگەنە سێکوچکەی سنوور و ڕێی خەڵکەکە بگرن، ئەو خەڵکەی بەنیاز بوون بگەنه ئێران، هەموویان دەرباز بوون و گورزێکی گەورە لە هێزەکانی ڕژێم درا، دوای ئەمە، هاتنی وەرزی زستانیش مانەوەی لەو بەرزاییانه ئەستەم کردبوو، بۆیه بڕیارمان دا كۆتایی به شەڕ بێنين.
بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد
بەرگی چوارەم _ بەشی دووەم