سەرۆك بارزانی لەگەڵ ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی سنووری دەڤەری بادینان كۆبۆوە

سەرۆك بارزانی لەگەڵ ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی سنووری دەڤەری بادینان كۆبۆوە

لە درێژەی سەردانەكەیدا بۆ دەڤەری بادینان و كۆبوونەوەی لەگەڵ چینوتوێژەكان ڕۆژی دووشەممە 21ی ئابی 2023 لە قەزای سێمێل سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ڕێكخراوە جەماوەری و پیشییەكان و چالاكوان و میدیاكاران و وەرزشوانان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی سنووری دەڤەری بادینان كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشەكەشی ئامادەبووان كرد و ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و بابەتی هەڵبژاردن و ئەوەی دووپاتكردەوە كە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی گرفتە سیاسییەكان چارەسەر ببن و بە پێویستیشی زانی كە بۆ ئەوەی یەكبوون و یەكڕیزی بێتە ئاراوە، لایەنە سیاسییەكان كۆسپ بۆ ئامانجە ستراتیژییەكان و دۆزی ڕەوای میللەتەكەمان دروست نەكەن. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن، متمانە و دەنگی گەلی بە پێوەری سەرەكی بۆ حوكمداری لەقەڵەم دا.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی مێژوویی لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ لە بیست ساڵی ڕابردوو باس كرد. هەروەها هێمای بە پابەندنەبوون بە دەستوور و ڕێزنەگرتن لە ڕێككەوتنەكان و هەوڵەكان بۆ دروستكردنی كۆسپ بۆ هەرێمی كوردستان دا و ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو هەوڵانە دەبنە مایەی قووڵتربوونی كێشەكان و هیچ ئەنجامێكیشی نابێت. هەر پەیوەست بەم تەوەرەوە سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەو ڕۆژە نەما كە كەسێك یان لایەنێك بیر لەوە بكاتەوە كیانێ هەرێمی كوردستان نەهێڵێت كە بە خوێن و فرمێسكی میللەتەكەمان دامەزراوە.

لەدرێژەی وتەكەی دا سەرۆك بارزانی باسی لە هەوڵ و پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێم كرد و ڕایگەیاند كە حكوومەت كار و بەرنامەی بنەڕەتیی باشی ئەنجام داوە بۆ نەهێشتنی هۆكارەكانی كۆچ و بێكاری و هەروەها دۆزینەوەی سەرچاوەی تری داهات و ژیان بۆ هاووڵاتیان و بایەخێكی زۆری بە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و ئاوەدانكردنەوەی ئەو شوێنانەی داوە كە بە هۆكاری ئەمنی دەستی ئاوەدانكردنەوەی نەگەیشتووتێ و داواشی كرد هەموو لایەك هاوكاری حكوومەت و پاڵپشتی بن چونكە حكوومەت هی خۆتانە و موڵكی گەلە.

لە كۆتایی وتەكەی سەرۆك بارزانی دەرگەی گفتوگۆ كرایەوە و ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە داواكاری و پرسیار و پێشنیارەكانیان خستەڕوو و سەرۆك بارزانیش وەڵام و بەرچاوڕوونیی پێویستی دایەوە.