سالار رەواندزی؛ بڕیاری بەستنی کۆنگرەی یەکێتی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر دراوە و مەرکەزییە
فەرماندەیەکی پێشمەرگە و کادرێکی دێرین دانەبڕاوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم چاوپێکەوتنەدا بۆ بازمیدیا باس لە بڕیاری کۆنگرەی یەکێتی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی دەکات و بە بڕیارێکی لەناکاو و میزاجی وەسفی دەکات، پێیوایە ئەگەر ئێستا مام جەلال زیندووببێتەوە ئاهێک بۆ ئێستای یەکێتی و گەنجەکانی هەڵدەکێشیت، لێی رازی نابێت.
بازمیدیا؛ باوەڕتان بەم کۆنگرەی یەکێتی هەیە کە بڕیارە ئەمساڵ ببەسترێت؟
سالار رەواندزی؛ پێشتر باوەڕمان بە کۆنگرە هەبوو، ئێستا باوەڕمان پێی نییە و نەماوە.
بازمیدیا؛ بۆ باوەڕتان بە کۆنگرە نەماوە؟
سالار رەواندزی؛ لە کۆنگرەی پێشوو کە بڕیار لەوە درا دوو هاوسەرۆک هەبێت، ئەم کۆنگرەیە لە فەراغێکی یاسایی دا کرا، ماوەیەکی زۆر بەسەر بەستنی کۆنگرەدا تێپەڕیبوو، هۆکارەکەش ناکۆکی و باڵباڵانی نێوخۆی یەکێتی بوو، بەڵام بە بەهانەی شەڕی داعش، شەڕی ناوخۆ و بابەتی جۆراوجۆە کۆنگرەیان نەکرد.
ئەوەبوو دوای ساڵانێکی زۆر کۆنگرە بەسترا، بەڵام چ کۆنگرەیەک؟، خەڵک هەبوو لە کۆنگرە دەنگی باشی هێنابوو و دەرچوو، بەڵام لەبەر ئەوەی بەدڵی ئەوان نەبوو لابرا و کەسێکی دیکەیان دەخستە جێگاکەی، بەنموونە بەختیار کاوانی، ئەمەش دەرەنجامی ئەو باڵ باڵێنەبوو کە هێشتا هەر مابوو، ئاماژەکان روون و دیاربوون و وەک گۆشتی خێر پۆستەکان دەبەخشرایەوە، بۆیە کۆنگرە نەبوو هەر باڵە و پشکی خۆی بەرکەوتبوو، لەنێو باڵەکانیش کەس هەبووە دەنگی باشگ هێناوە دانەنراوە و کەسی دیکە خراوەتە جێگاکەی، دەرئەنجامی ئەم لەجیاتی دانانە کە بە حەز و ویستی کەسی لە کۆنگرەی رابردوو دانران فەرموو ببینن چ کارەساتێکی لێ دروست بووە.
بازمیدیا؛ کەسی دیاریکراومان هەیە کە لە کۆنگرە بە راشکاوی غەدری لێ کرابێت و بیناسی؟
سالار رەواندزی؛ نموونەمان زۆرن، برای بەڕێزم بەختیار کاوانی یەکێکە لە تێکۆشەرە پارتیزانەکان، بە بنەماڵەش چەندین قوربانیان داوە، ئەگەر بە بابەتی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی بڕوانین و بە رێژەی دەنگیش بێت لە کۆنگرەی رابردوودا، ئەم پیاوە دەنگی زۆری هێنا، بەڵام کەسی دیکە خرایە جێگاکەی.
بازمیدیا؛ ئێوە بەشداری لەم کۆنگرە دەکەن؟
سالار رەواندزی؛ من وەک خۆم نەخێر، لەبری کاک لاهور بڕیار نادەم، بەڵام وەک زانیاری پێموانییە بەشداری بکات.
بازمیدیا؛ باس لەوە دەکرێ کە رەنگە هەمان ئەو رۆژەی بافڵ تاڵەبانی بۆ یەکێتی نوێ کۆنگرە دەبەستێت، هەمان رۆژ لاهور جەنگی کۆنگرە بۆ یەکێتی دەبەستێت، ئەمە تا چەند راستە؟
سالار رەواندزی؛ نەخێر شتی وانییە.
بازمیدیا؛ ئامانج لە بەستنی کۆنگرەی یەکێتی چییە ؟
سالار رەواندزی؛ هیچ لە دۆخی یەکێتی ناگۆڕێ، تەنیا یەکێتی بەرەو هەڵبژاردنێکی نادیار و ناچارەنووس ساز دەڕوات، ئەم هەڵبژاردنەش لەسەر یەکێتی فەرزکراوە کە لە کاتی خۆیدا بکرێت.
پێشتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دیاری کرد، بەڵام لایەنەکان لەسەری کۆک نەبوون، دیارە بە فشاری هاوپەیمانان و عێراق بڕیاری کۆتایی لە ئەمجامدانی هەڵبژاردن درا، کە دەبێت هەڵبژاردن مانگی ٢ی ساڵی ٢٠٢٤ دەکرێت، یەکێتی دەچێتە هەڵبژاردنێکی ناچارەنووس سازەوە.
بازمیدیا؛ ئەم کۆنگرەی کە بڕیارە پێش هەڵبژاردن بکرێت، پێتان وایە گۆڕانکاری لە دەنگەکانی یەکێتی بکات؟
سالار رەواندزی؛ ئەم کۆنگرەیە بۆ دوو مەبەست دەکرێت، یەکەم شەرعیەتدان بە سەرۆک، کە تا ئێستا ئەم بابەتە قسە و باسی زۆری لەسەرە، کە لاهور شێخ جەنگی دەنگی یەکەمی کۆنگرەبووە کە ٩٠٢ دەنگی ئەندامانی کۆنگرەی هێناوە و بووە بە هاوسەرۆکی یەکەمی یەکێتی، بۆیە دەیانەوێ لە رێی کۆنگرەی نوێوە ئەم باسە کۆتایی پێ بهێنن و شەرعیەتی بدەن بە کاک بافێڵ و وەک سەرۆک بیناسێنن، چونکە بەردەوام پرسیار لەلایەن کادران و سەکردایەتیەکانی یەکێتییەوە دەکرا بۆ لاهور جەنگی پشتگوێ خراوە؟، لەکاتێکدا دەنگی یەکەم بووە، بۆیە ئەمان ئێستا کۆنگرە لە پێناو ئەو کۆنگرە دەکەنەوە.
-یەکێتی دەچێتە نێو هەڵبژاردنێکەوە کە خۆی و سەکردایەتی و مەکتەب سیاسییەکانیان و بافڵ تاڵەبانیش لەنێو دۆخێکی نالەباردان لە زۆنی سەوز کە هەر خۆیان ئەو دۆخەیان دروست کردووە، ئەگەرنا پێشتر وا وەسفی حزبەکە دەکرا کە قیادەشی نەبێ، بەڵام قاعیدە (جەماوەر)ی هەیە.
بازمیدیا؛ ئێستا قاعیدەی جەماوەی یەکێتی چۆنە؟ ماوە؟
سالار رەواندزی؛ ئێستا نە قیادە و نە ئەو قاعیدە جەماوەرییە نەماوە، چونکە هیچ کەس ناتوانێت جێگای مام جەلال ناگرێتەوە و سیاستکردنی ئەو لەگەڵ ئەمانەی ئێستا زۆر جیاوازە، چ لە رووی دیموکراسییەوە، یان خۆشەویستی کادر و نزیکایەتی لێیان.
بازمیدیا؛ کادرانی ناڕازی یەکێتی دەڵێن کوڕانی تاڵەبانی وەک باوکیان باوەڕیان بە دیموکراسی نییە، هێندەی باوەڕیان بە خۆسەپێنی و دیکتاتۆری هەیە، چی دەڵێن لەم بارەیەوە؟
سالار رەواندزی؛ پێشتر لەنێو یەکێتی کەسێکی دیاریکراو نەبوو بەتەنیا ئەو خۆی بە ساحیبی ئەم حزبە بزانێت، بەڵکو هەموو خەڵک خۆی بە خاوەنی یەکێتی دەزانی، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، کەسێک خۆی بە خاوەنی یەکێتی دەزانێ و خەبات و خوێنی ئەوانی دی وەلانراوە.
ئێمە ناڵێین خەڵکی نوێ نەیەتە پێش، بەڵام گەورەترین هەڵە کە لەنێو یەکێتی کرا ئەوەبوو کە پێش کۆنگرەی رابردووش خەڵکە تێکۆشەر و خاوەن ئەزمونەکان نێردرانەوە ماڵەوە، ئەوە یەکێک بوو لە زیانەکان لە کۆنگرەی پێشوو.
بازمیدیا؛ بارودۆخی یەکێتی لە دوای کۆنگرە پێتوایە چی لێ بێت؟
سالار رەواندزی؛ من بەباشتر نایبینم، چونکە بەرنامەیان وایە ژمارەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەم بکەنەوە، بەم هەنگاوەش ئەو خەڵکە هێناویانەیە پێش و ئیستا دوریان دەخەنەوە زوویریان دەکەن، بەم کارەش هەر یەک لەوانە کە خاوەنی پێگەی جەماوەری بەهێزن و دەنێردرێنەوە ماڵەوە بۆ هەڵبژاردن زیان لە یەکێتی دەدەن و دەنگ نادەن، ناشتوانی خەڵکەکەی پێشتر کە دورخرابووبەوە بیانهێنیەوە، لەلایەک ئەوە ئێمەین ناڕازین، لە کۆنگرەش پرسمان پێ نەکراوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بڕیاری لێ دراوە، بە بێ ئەوەی ئامادەکاری بۆ بکرێت، لە کاتێکدا دەبێت بەلایەنی کەم لە ماوەی دوو مانگدا جەماوەر و کادیران لە مەکتەب و رێکخستن و مەلبەندەکان کۆبکرێنەوە و بۆچونیان وەربگیرێ، بەڵام هیچ یەک لەمانە نەکراوە.
بازمیدیا؛ پێتوایە بەستنی کۆنگرە بە میزاجی شەخسی بووە؟
سالار رەواندزی؛ بەڵێ، بە میزاج بڕیار لە بەستنی کۆنگرە دراوە.
بازمیدیا؛ پێشتر ئاماژەت بەوەدا کە ئەم کۆنگرەیە لە پێناو کۆنگرە دەکرێت، بۆ ؟
سالار رەواندزی؛ بەڵێ وایە.
بازمیدیا؛ لەم کۆنگرەدا شەرعیەتی هاوسەرۆکی لە لاهور جەنگی وەردەگیرێ؟، شەرعیەتی سەرۆک بە بافڵ تاڵەبانی دەدرێ؟
سالار رەواندزی؛ بەڵێ، ئەمجارە لەم کۆنگرەیەدا دەتوانن ئەمە بکەن.
بازمیدیا؛ کە کۆنگرەی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی نەیتوانی دەنگی یەکەم و دووەمیش بهێنێت، پێتوایە بە چ میکانیزمێک ئەمجارە خۆی بکای بە سەرۆک؟
سالار رەواندزی؛ پێشتر ئاماژەم بەوە کرد کە هیچ قسەیەک و بۆچوونێک لە کادیران مەڵبەند و مەکتەبەکان وەرنەگیراوە، کۆمەڵێک دیاریکراوە کە خۆیان هەڵیان دەبژێرن بۆ ئەندامی کۆنگرە و هەم سەرکردایەتی، ئەم سەرکردایەتییە نوێیانەی لەم کۆنگرە دەردەچن لە ژێر هەژمونی خۆیان دەبن و دەنگیان پێ دەدەن، بۆیە ئەم کۆنگرەیو مەرکەزییە.
بازمیدیا؛ هیچ ئومێدێکتان بە یەکێتی ماوە؟
سالار رەواندزی؛ هەموومان سەردەمانێک لە شاخ قوربانیمان داوە، بۆ ئەم گەل و خاکە، راستە لە ژێر ناوی یەکێتی بووە، بەڵام ئێمە ویستوومانە حزبەکەمان بۆ نەوەکانمان بە جوانی بمێنێتەوە، ئێستا ئەو جوانییە نابینین، بۆیە هیچ ئومێدێکمان پێی نییە، چونکە هەنگاو و هەڵوێستێک بۆ ئاشتکردنەوەی جەماوەر و کادیرانی حزبەکە نییە، ئیدی ئەمە کەی پێی دەگوترێ کونگرە؟.
بازمیدیا؛ پێتان وایە جەماوەری یەکێتی دەنگ بە حزبە نوێیەکان بدەن؟
سالار رەواندزی؛ حزبی نوێ دروست بووە، باوەڕ بکەن رەنگە ئەو خەڵکەی ئینتیمایان بۆ حزبەکە نەمابێ و پەنا بۆ حزبە نوێیەکان ببەن و دەنگیان پێ بدەن.
بازمیدیا؛ بەم بارودۆخەی ئێستاوە یەکێتی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، پێتوایە چەند کورسی بەدەست دەهێنێت؟
سالار رەواندزی؛ بارودۆخی دوای کۆنگرە زۆر خراپتر دەبێت، ئەگەر ئێستا ١٨ کورسی هەبێت، ئەوا پێموایە ٨ کورسی زیاتر کەم بکات، ئەوپەڕی ١٠ کورسی بەدەست دەهێنێت.
ئەگەر لەسەر ئەم سیاسەتە چەوتەی ئێستا بەردەوامبن و خەڵک لەخۆیان زوویر بکەن، ئەوا کادر و جەماوەر و شۆڕشگێرەکان دوردەکەونەوە.
بازمیدیا؛ ئەگەر مام جەلال زیندوبێت و ئەم دۆخەی یەکێتی ببینێت، لێی رازی دەبێت؟
سالار رەواندزی؛ رەنگە مام جەلال هەستێتەوە ئاهێک هەڵکێشێت، بڵێت چ کارەساتێکم خولقاندووە بۆ ئەو کوڕە گەنجانەی سەردەمانێک لە شاخ بوون.