سه‌رۆك بارزانی : دەبێت هه‌ڵبژاردن بكرێت، هیچ بژاردەیه‌كی دیكه‌ نییه‌

سه‌رۆك بارزانی : دەبێت هه‌ڵبژاردن بكرێت، هیچ بژاردەیه‌كی دیكه‌ نییه‌ ، هیچ بیانو و هۆكارێك بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن نییه‌.

سەرۆک مەسعود بارزانی چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ ماڵپه‌ڕی ئەلمۆنیتۆر لە بارەگای سەرەکی خۆی لە هەرێمی کوردستان / پیرمام کردووە .

سەرۆک مەسعود بارزانی سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێم ١٢.٦، ئاماژە به‌وە دەكات، ئەم پرسە بەشێوەیەکی نا دادپەروەرانە لە رابردوودا لە دژی هەرێمی کوردستان بەکارهاتووە، من ناڵێم بڕیاری بودجە لە سەدا سەد بە دڵی ئێمە نییە، بەڵام بڕوام وایە هەنگاوێکی ئەرێنییە.

هه‌روەها سه‌رۆك مەسعود بارزانی گوتی: لە ٢٠٠٧ـه‌وە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ ئەوەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای نەوت لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا خۆیان لەم پرسە دزیووەتەوە و تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجام، بەڵام لەگەڵ ئەم کەشە ئەرێنییە ئێستا هاتۆتە پێش، بڕواموایە کەشێکی لەباردەبێت بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای نەوت وپرسە یاسا هەڵپەسێردراوەکانی دیکە.

له‌بارەی به‌ڕێوەچوونی هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا سه‌رۆك مەسعود بارزانی گوتی: دەبێت هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە، ئەگەرنا دامەزراوەکانی حکومەت یاسایی خۆیان لەدەست دەدەن.

سەرۆک دەشڵێت: گەشبینم بە کۆبوونەوەی حزبەکان لە پەرلەمان ڕۆژی دووشەممە بۆ قسەکردن لەسەر پرسەکان.

سەرۆک بارزانی دووپاتیشیكردووەتەوە، هیچ بژرادەیەکی دیکە نییە، هیچ بیانویەک و هۆکارێکیش بۆ دواخستی هەڵبژاردنەکان نییە. ئەگەر هەر حزبێکی سیاسی هەوڵی دروستکردنی بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکان بدات، ئەوا خۆیان توشی دابڕان دەکەن. هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.

له‌بارەی گرنگی ناوچەکە بۆ ئەمریکا سه‌رۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا، ڕەنگە پرسە لەپێشینەییە هەنووکەییەکانی ئەمریکا گۆڕابن، کە چین و ئۆکراینا لە سەرووی ئەجێندای ئاسایشی نیشتیمانی ئەو وڵاتەدابن بەڵام، ئەمە ئەوە ناگەیێنێت ئەمریکا شتەکان لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهەند وەرناگرێت.

هه‌روەها سەرۆک بارزانی بە ماڵپەڕەکەی گوتووە : ناتوانیت دۆخی ئێستا لەگەڵ دۆخی سەردەمانی پێشوو بەراوردبکەین، بەڵام ئەمریکا هێشتا بە گرنگییەوە لە ناوچەکە دەڕوانێت.

سەرۆک بارزانی گوتیشی، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا کە دۆستێکی باشی ئێمەیە، هەفتەی ڕابردوو سەردانی عێراقی کرد.

سەرۆک بارزانی ئه‌وەی خسته‌ڕوو، ئۆستن جەختیکردەوە ئەمریکا گرنگی بە ناوچەکە دەدات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان بەردەوام دەبێت.

له‌باره‌ی داعشه‌وە سه‌رۆك بارزانی هۆشداریدا كه‌ هێشتا هەڕەشەیەکی بەردەوامە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button