ئەو برینەی یەکێتی لە جەستەی ھەڵەبجەدا بەجێی ھێشت
فەرسەت سەید شکور:
16ی 3 ڕۆژێکی پڕ ئازار و کارەساتە بۆ گەلی کوردستان، لەو رۆژەدا دڕندانە ھەڵەبجەی شەھید کیمیاباران کرا، تاوانێک کە ھەموو بیرھاتنەوەیەکی بەدوایدا، کوولانەوەی ئازارەکانییەتی، (پێنچ ھەزار) ھاوڵاتی کوردی شارەکە بەبێ تاوان بوونە قوربانی ئەم کردەوە قێزەونە نامرۆڤایەتییە!
بەڵام لە دوای ئەو وادەی کە (یەکێتی) حوکمی ئەم شارە بریندارەی کردووە لەبری دۆزینەوی چارەسەر و ساڕێژکردنی زامەکانی خەڵکەکەی، کاریان لەسەر قوڵ کردنەوە و کوولانەوەی برینی ھەڵەبجەییەکان کردووە، بە نموونە لەو ساتەوەی کە (یەکێتی) باڵادەستە بە ئێستاشەوە، بووەتە سەرئێشەیەکی گەورە، چونکە ھەڵەبجە لە ھیچ ڕوویەکەوە بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە نەبینووە، خەڵکی شارەکە بەردەوام گلەیی و توڕەیی خۆیان لە حاکمانی شار و ناوچەکە بە گشتی دەردەبڕن.
راستییەکی مێژووییە کە ئەو کاتەی (ڕژێمی بەعس) ھەڵەبجەی کیمیاباران کرد، بە سزادانی تاوانباری سەرەکی ئەم کردارە دەکرا ئاھێک بە دڵی زیانمەندان و کوردانی ھەموو دونیا بە گشتی بکرابایەوە بەڵام ئازادکردنی (تارق ڕەمەزان) فڕۆکەوان بە فەرمانی (مام جەلال) و یەکێتی بە گشتیی ھێندەی دیکە بووە برینێکی سەخت و دژوار لەنێو دڵی ھەڵەبجەییەکاندا.
لە گەرمەی شەڕی ئێران-عێراقدا یەکێتی سوپای پاسدارانی ھێنایە نزیک ھەڵەبجە، کە ئەوە دیارترین ھۆکار بوو بۆ ئەوەی ڕژێمی بەعس ھەڵەبجە کیمیاباران بکات، ئەم تاوانە بەشێکی زۆری بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی یەکێتییەوە چونکە دەکرا ژیرانەتر لەو دۆخەدا مامەڵەی بکردایە، و خەڵکی شارەکەی بەم شێوەیە نەکردایە قوربانی سیاسەتەکانی خۆی و بەرژوەندییەکانی.
پاش 35 ساڵ لە کیمیابارانی شارەکە تا ئێستا ھەڵەبجە بە ھەموو شێوەیەک سزادەدرێت، نەک خزمەتگوزاریی، لە شارەکەدا نییە بەڵکو بۆچوونی ڕای ئازادیش قبوڵکراو نییە و ھەر کەسێک بۆچوونی جیاوازی ھەبێت، دەستگیردەکرێت.