وەزارەتی دارایی ئاگادارییەكی لەبارەی بڵاوبوونەوەی دیناری ساختە بڵاوكردەوە


ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاگادارییەكی لەبارەی بڵاوبوونەوەی دیناری ساختە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند كە پێویستە هاوڵاتییان ئاگاداری بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە بن لە کاتی مامەڵەکردندا.

وەزارەتی دارایی لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، ماوەیەکە بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و وەزارەتی دارایی و ئابوورییش داوا لە هاوڵاتییان دەکات زیاتر چاوکراوە بن لە کاتی مامەڵەکردن بە جۆرەکانی دراو، تا تووشی زیان نەبن.

ئاماژەی بەوە داوە كە لەم چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتیی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی خولی هۆشیاری بۆ خەزنەداری بانکەکان کردووەتەوە تا زیاتر چاو کراوە بن لە کاتی مامەڵەکردن بە دراوەکان، بڕیاریشە خولی هۆشیاری بۆ فەرمانگەکان و نووسینگە و کۆمپانیاکانی ئالوگۆڕی دراو بکرێتەوە تا هەمووان زیاتر بە ئاگا بن لە بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە و مەترسییەکانی.
لە ماوەی ڕابردووشدا لە لایەن هێزە ئەمنیەیکانەوە دەست بەسەر بڕێکی زۆر دراوی عێراقیی ساختەدا لە جۆری ٢٥ هەزاری و ٥٠ هەزاری و دۆلاری ئەمریکیی ساختەدا لە جۆری ٥٠ دۆلاری و ١٠٠ دۆلاریدا گیراوە و ڕێکاری یاسایی پێویست لەمبارەیەوە گیراوەتەبەر.