نوێترین زانیاری دەربارەی پێكهاتهی ئەنجوومەنی تێکۆشەرانی پارتی
ئەمڕۆ لە کاتی هەموارکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پارتیدا لە کۆنگرەی چواردەیەم، بڕیار درا بە دامەزراندنی ئەنجوومەنی تێکۆشەران، ئەندامێکی کۆنگرەی ١٤ی پارتیش دەڵێت، ئەم ئەنجوومەنە ڕاستەوخۆ سەر بە سەرۆک بارزانی دەبێت، کە سەرۆک و چەند ئەندامێکی دەبێت، ئەوانە بەشدارن لە داڕشتنی سیاسەتی حیزب، چونکە شارەزایی و ئەزموونیان هەیە لە سیاسەت و دەتوانن هاوکاریی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە گشتی حزبیش بکەن بۆ دانانی پلان و ستراتیژی حزب.
لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی دەبنە ئەندام لە ئەنجوومەنی تێکۆشەران، هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی کۆنگرەی ١٤ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەوانەی لە ئەنجوومەنی تێکۆشەران بن، لە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی نین، دەکرێ ئەم ئەندامانە پێشتر لە سەرکردایەتی بووبن یانیش لە مەکتەبی سیاسی بووبن، یاخود لە دەزگایی تربن و خزمەت و ئەزموونیان لە نێو حزبدا هەبێت.
سەبارەت بەوەی کە گرنگیی ئەنجوومەنی تێکۆشەران چی دەبێت؟ ئەو گوتی، بۆ پارتی ئەنجوومەنی تێکۆشەران بە پێویستی دەزانین کە هەبێت، کە سەر بە سەرۆک بارزانی دەبن و ڕاستەوخۆ لەلایەن جەنابی سەرۆک بارزانییەوە پرس و راوێژ وەردەگرن، بۆ بەهێزبوونی پارتی چ لە ناوخۆ و چ لە عێراق و ناوچەکە و نێودەوڵەتیش.
ناوبراو ئاماژەشی دا، ژمارەی ئەندامەکانی دەگاتە ١١ ئەندام و پێدەچێت لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە دابنرێن و هەندێکیش لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە پێشنیاز بکرێن.