وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگادارییەکی گرنگ بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی ڕاگەیاند و دەڵێت: ١٣٠٠ دەرچووی دیکەی دوانزەی ئامادەیی ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکان گەڕایەوە.
هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕاشیگەیاندووە : ژمارەیەک لە دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەی کە پێشتر لە ئەنجامەکانیان نووسرا بوو (وردبینی دەکرێت)، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ناویان گەڕایەوەو لە ئێستادا دەتوانن شوێنی وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێی کۆنمرەکانیان وەربگرنەوە.
د. خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئەو دەرچووانەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کە پێشتر لە ئەنجامەکانیان نووسرابوو وردبینی دەکرێت، لە ئێستادا بەپێی کۆنمرەکانیان ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە و دەتوانن لە وێبسایتی regayzanko.com لە شوێنی وەرگرتنیان دڵنیا ببنەوە کە ژمارەیان نزیکەی (١٣٠٠) وەرگیراوە.
هەروەها گوتیشی : داوا لەو دەرچووانە دەکەین لە هەفتەی داهاتودا پەیوەندی بکەن بەو کۆلێژ و بەشانەی کە ناویان لێی گەڕاوەتەوە، بۆ ئەوەی مامەڵەی خۆتۆمارکردن ئەنجام بدەن.
بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون وتیشی: لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوی ئەو دەرچووانەش ڕادەگەیەنرێت کە لە ڕێگەی فۆڕمی ڕاستەوخۆ داواکارییان پێشکەش کردبو بۆ وەرگرتنیان لەو کۆلێژ و بەشانەی کورسی بەتاڵیان ماوەتەوە، زیاتر وتیشی: تایبەت بە دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوە ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.