ئاسایشی دهۆك: رووداوی هێرشكردنه سه‌ر بنكه‌ی ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی دهۆك تیرۆریستی بووە
ئاسایشی دهۆک له‌بارەی رووداوی هێرشكردنه سه‌ر بنكه‌ی ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی شاری دهۆك روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگه‌یاندووە، هێرشێكی تیرۆریستی بووە.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (12ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی پارێزگای دهۆك رایگه‌یاند، كاتژمێر (12:39)ـی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، تیرۆریستێك به‌ناوی (ل. هـ. ج.) هه‌وڵیداوە هێرشبكاته سه‌ر بهرێوەبهرایهتی ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی شاری دهۆك به‌ڵام كارمه‌ندانی بهڕێوەبهرایهتییهكه دەستبه‌جێ به‌رنگاری بوونه‌ته‌وە و تیرۆریسته‌كه‌یان كوشتووە.
له روونكردنه‌وه‌ی به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی ئاسایشی پارێزگای دهۆكدا ئاماژەی بهوەشكردووە، له‌و هێرشه‌دا، كارمه‌ندێكی ئاسایش شه‌هیدبووە و كارمه‌ندێكی دیكه‌ش برینداربووە.
هه‌روەها جه‌ختی له‌سه‌ر دەستپێكردنی لێكۆڵینهوەكان كردووە و ئه‌نجامه‌كه‌شی بۆ رای گشتی ئاشكرادەكهن، هه‌روەها هاووڵاتییانیشیان دڵنیاكردووەتهوە كه دۆخی ئه‌منی شارەكه له‌ژێر كۆنترۆڵدایه و رێگه به‌هیچ هه‌وڵێك بۆ تێكدانی ئارامی شاری دهۆك نادەن.
بەگوێرەی زانیارییەكان ئه‌و كه‌سی هێرشی كردووەته سه‌ر بارەگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی دهۆك، بە ڕەگەز عەرەبە و لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوە لەلایەن هێزەکانی ئاسایش کوژراوە، هەروەها کارمەندێکی ئاساییش به‌ناوی (ئازاد ئیبراهیم) بەهۆی رووداوەکەوە شەهید بووە و كارمه‌ندێكی دیکەش به‌ناوی (زیندان محه‌ممه‌د) برینداربووە.