هاوپۆل: وتار

  • قەهرەمان عوسمان : پارتی نەهاتووە بشکێت

    قەهرەمان عوسمان : پارتی نەهاتووە بشکێت

    پارتی نەهاتووە بۆ شکان!

    بەدرێژایی مێژووی پارتی، هەمیشە پارتی قوربانی داوە بۆ ئەوەی دۆزی کورد سەربخات؟! چونکە لای پارتی حیزبایەتی ئامرازە بۆ گەیشتن بە ئامانج و پارێزگاری کردن لێی. کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک خاک، ئامانجن بۆ پارتی نەک حیزبایەتی و دەستکەوتی حیزبی و کەسی.

    پارتی نەهاتووە بشکێت و زۆر کەسیش خۆیان تاقی کردووەتەوە کە بیشکێنن، کەچی ئەوان شکان و پارتی هەر بە پێوەیە.

    ملی ساریجێ و هەندرێن و زۆزک و خواکورک و داستانی کۆڕێ و نەبەردییەکانی پردێ و سحێلا و مەحموودییە، شاهیدن کە چەند نەیار هاتن پارتی بشکێنن، کەچی خۆیان شکان و لەسەر ئەژنۆ هاتنەوە بۆ دەست ماچ کردنی پارتی، و پارتیش هەر بە پێوەیە و دارەبەڕوو ئاسا ڕەگەکانی بە زەویدا ڕووچوون و سەریشی لە تاقی ئاسماندا بەرز بەرز ڕاست وەستاوە.

    پارتی نەشکاوە و بۆ شکان نەهاتووە! پارتی پارێزگاری لە دەستکەوتی گەلی کورد دەکات، و ئەوانەی شکاندن کە دەیانەویست دەستکەوت و مافێکی کورد ( پۆستی سەرۆککۆمار) بە کەسی و حیزبی بکەن و لەسەر کەسێکی تاپۆ بکەن.

    پارتی نەشکا، بەڵکو ئەو دەستانەی شکاندن کە، دەیانەویست مافی گەلی کورد مۆنۆپۆل بکەن و جگە لە بێ بەرهەم بە کەسی تری کوردی ڕەوا نەبینن ئەو پۆستە.

    پارتییەک لە ۱۹٦٦ و ۱۹۸۳ و ۱۹۹٤ بە گەورەکانیان نەشکا بێت، بە ئەوان نەک ناشکێت، بەلکو تەنانەت درزیشی تێناکەوێت.

    پارتی خاوەنی ڕابەرێکە نەک هەر ناشکێت، بگرە درزەکانی نێوان کوردیش چاک دەکاتەوە و هەرگیز لێناگەڕێت کورد و دۆزەکەی بشکێندرێن.

  • د. شێرکۆ تاڵەبانی : ھەر بەڕاست یەکێتی نوێ پێی وایە خەڵک گەمژەیە

    د. شێرکۆ تاڵەبانی : ھەر بەڕاست یەکێتی نوێ پێی وایە خەڵک گەمژەیە

    لەسەر تیرۆرکردنی هاوکار جاف دکتۆر شێرکۆ تاڵەبانی دەڵێت:
    ‌ھە بەڕاست یەکێتی نوێ پێی وایە خەڵک گەمژەیە.

    د.شێرکۆ تاڵەبانی:

    یەکێتی نوێ خزمەت ئەکات بەتیرۆرکردن و شەهیدکردنی دڵسۆزان وخەباتگێڕانی ڕێبازی کوردبوون و کوردایەتی
    ئەمە دووەم کارو کۆتا کاریان نابێت.
    مردن و شەهید کردنمان لەلا باشترە لە بوون بەجاش و نۆکەرایەتی دووژمنان ئەمەش پەڵەیەکی ڕەشی ترە بەناوچاوانی سەرکردایەتی یەکێتی نوێ .

    “ھەر بەڕاست یەکێتی نوێ پێی وایە خەڵک گەمژەیە ”

    ھاوکار جاف فەرماندەیەکی لێھاتووی دژەتیرۆری یەکێتی بوو ، دوای ھەموو ئەو ھەوڵانەی نەیانتوانی بە پلەی بەرزتر و ڤیلاو پارەی زۆر وەک و زۆرێک لەو خۆفرۆشەکانی ئێستا بیكڕن و ڕازی نەبوو تەنانەت ماڵی خۆی گواستەوە بۆ ھەولێر ، بەڵام ھەڕەشەیەکی زۆری لەسەربوو بەردەوام لەلایەن چەند کەسێکەوە کە ناوەکانیان ئاشکرایە ھەڕەشەی جدی و قورسی لێ کراوە و ئەو ھەر نەچووە ژێر دەستیان ،
    بەڵام بە داخەوە بە پلانێکی ترسنۆکانە نامەردیەکی تریان خستە پاڵ کارە گڵاوەکانی تریان بەشێوەیەکی قێزەون دواجار تیرۆریان کرد .

  • شەڕی نێوان باڵ و قۆچەكانی یەكێتی بەردەوامی ھەیە

    شەڕی نێوان باڵ و قۆچەكانی یەكێتی بەردەوامی ھەیە

    شەڕی نێوان باڵ و قۆچەكانی یەكێتی بەردەوامی ھەیە

    ئەرسەلان جاف :

    شەڕی نێوان باڵ و قۆچەكانی یەكێتی بەردەوامی ھەیە، ئەویش دوای رووداوەکانی ٨ـی تەمموزی پارساڵ کە بە کوژرانی موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی دەستی پێکرد، ئەمڕۆش لە ھەولێر بە شەھیدکردنی ھاوکار جاف درێژە بەم تەسفیەیەی نێو ئەو حزبە درا، بە ئامانجکردنی کانی کوردەییەکان و جافییەکان بێ وەفای یەکێتیمان نیشان دەدات .

    ئەم رووداوە گەر سەیر بکەین ، رووداوێکە پێمان دەڵێت کە کەسێک چەندین ساڵ خزمەتی یەکێتی کرد بەڵام وەفای ئەو خزمەتەی لەلایەن قیادەی یەکێتییەوە پێ درایەوە بە کوشتنی و بە ئامانجکردنی تەواوی خێزانەکەی، ئەم رووداوە کە جگە لەوەی تیرۆریستیە ، ھاوکار جاف وێرای خزمەتی زۆری لە ریزەکانی یەکێتی و ھەڵوێستی دژی یەکێتی ئێستا، بە چەند بۆمبێکی چێنراو کرایە ئامانج لە ھەولێر و ژیانی لێ سەندرایەوە ھاوشێوەی موراد کانی کوردەیی.

    بۆیە پێویستە ھەموو لایەک ئەوە بزانن کە لایەنێک بتوانێت خزمەتی خەڵکانێکی خۆی ژێر پێ بخات، دەبێ خەڵکیش چیتر خۆیانی تێدا نەبیننەوە و بێنەوە ھۆش.

  • مەسرور بارزانی : پلانی چاکسازی هەمەلایەنەمان هەیە

    مەسرور بارزانی : پلانی چاکسازی هەمەلایەنەمان هەیە

    ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2022، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر ئاماده‌ی کۆنفرانسی تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بوو و تێیدا گوتارێكی پێشكه‌ش كرد:

    پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

    * ئەم پلانە نەخشەڕێگەیەكی گشتگیرە كە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەسەند كراوە لەپێناو برەودانی زیاتر بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا لە هەموو بوارەكاندا.

    * پاراستن و پەرەپێدانی مافەكانی مرۆڤ بەشێكی گرنگ و سەرەكییە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری پاراستن و داكۆكیكردن لە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێم و بەهێزكردنی بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی و نەهێشتنی توندوتیژی و توندڕەوی و دەمارگیری و جیاكاریی رەگەزی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ بە گشتی.

    * پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پەرەپێدانی كەلتووری پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و پاراستنی ئازادییە تاكەكەسی و گشتییەكان و بەرگریكردن بە بەها دیموكراسییەكان دووپات دەكەینەوە.

    * پلانێكی چاكسازیی هەمەلایەنەمان هەیە، پشت بە خوا و خەڵكی كوردستان و دۆستانمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەربەست و ئاستەنگەكان تێپەڕێنین و بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتری حوكمڕانی هەنگاو بنێین.

    * دەمانەوێت خزمەتكردنی هاووڵاتییان و پاراستنی مافەكانیان سەنتەری گرنگیپێدان و ئامانجی لەپێشینەی حكومەت بێت.

    * پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ بەشێكە لە پرۆسەی چاكسازیی كابینەی نۆیەم.

    * بە بەراورد بە زۆر لە وڵاتان هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی بەرزدایە، بە تایبەتی لە بوارەكانی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، یاسای پاراستنی مافەكانی منداڵان، یاسای رۆژنامەگەری و چەندین یاسای دیكە.

    * حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی زۆری ناوە بۆ سووككردنی ئازارەكانی كەسوكار و قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش، هەروەها ڕۆڵێكی گرنگ و بەرچاوی هەبووە لە ئازادكردنی ڕفێندراوانی ئێزیدی و پێكهاتەكانی تر لەدەست تیرۆریستانی داعش و بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش وەك تاوانی جەنگ.

    * حكومەتی هەرێم بە پشتیوانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش پرۆژەیاسایەكی پێشكەش بە پەرلەمان كرد بۆ دامەزراندنی دادگایەكی تایبەتمەند بە دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەكانیان، دادگای باڵای بەناو ئیتیحادیی عێراق پرۆژەیاساكەی ڕەت كردەوە كە ئەمەش پێشینەیەكی نوێ و جێی سەرسوڕمان بوو كە ڕێگە لە دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش بگیرێت.

    * پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ، داڕشتنی میكانیزمێكە بۆ پێداچوونەوە بە تەواوی یاسا بەركارەكان و گونجاندنیان لەگەڵ ڕێككەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان.

    * حكومەتی هەرێم نموونەیەكی سەركەوتووە لە برەودان بە دیموكراسی و داكۆكیكردن لە بەها دیموكراسییەكان، لەوانەش مافی ئازادیی ڕادەربڕین.

  • گوتاری بەڕێز مەسرور بارزانی له‌ ئاهه‌نگی دەرچوونی قوتابیانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین

    گوتاری بەڕێز مەسرور بارزانی له‌ ئاهه‌نگی دەرچوونی قوتابیانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین

    ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی ئەیلوولی 2022، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچووانی قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین لە شاری هەوڵیر بەڕێوەچوو و تێیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد.

    پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

    • جێی خۆیەتی لێرە یادی هەردوو پڕۆفیسۆری شەهیدی زانست، دکتۆر کاوان ئیسماعیل و دکتۆر ئیدریس حەمەخان بەرز رابگرین.

    • ئەم زانکۆیە هەمیشە و بەردەوام جێگەی گرنگیدان و بایەخی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بووە کە لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە و لە بارودۆخی سەختی ئابووریی ئەو کاتە، جەنابی سەرۆک بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی زانکۆی سەلاحەددینی کرد بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە پرۆسەی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەکانمان.

    • ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ چاکسازیکردن و یارمەتیدانی کەرتی پەروەردە و خوێندن و خوێندنی باڵا و گەشەپیدانی زیاتری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.

    • یەکێک لە گەورەترین وانەکان، ئەو وانەیە کە مرۆڤ لە ژیان فێر دەبێت، ئەو وانەیەش بۆ ئێمەی خەڵکی کوردستان وانەیەکی ئاسان نەبووە و نییە، وانەیەکی سەخت و دژوارە، ئێوە بینیتان کە لە ماوەی ڕابردوو بە بیانووی جیا جیا بەبێ پاساو پەلاماری وڵاتەکەمان دەدرێ، پێشێلی سەروەریی خاکەکەمان دەکرێ، پێشێلی مافە دەستوورییەکانمان دەکرێ، ئێمە وەڵامی ئەم جۆرە هەڵوێستانە بەوە دەدەینەوە کە خۆمان بەهێز بکەین، وڵاتەکەمان بەهێز بکەین، بەهێزبوونی وڵاتەکەی ئێمە بەهێزبوونی تاکە تاکەی ئێوەیە، تاکوو ئێوە بتوانن زیاتر خۆتان بەزانست، بەخۆشەویستی وڵات، بەلێبووردن بەپێکەوەژیان بەهیزتر بکەن وڵاتێکی بەهێزترمان دەبێت و ئێمە دەتوانین ڕووبەڕووی هەموو ئەو لەمپەرانە ببینەوە کە دەخرێنە سەر ڕێگامان.

    • لێرەدا جێی خۆیەتی سەرەخۆشیی لە کەسوکاری ڕووداوی دوێنی بکەم، تەمەنای چاکبوونەوەی زووش بۆ بریندارەکان دەخوازم.

    • ئەو پەلامارانەی کە دەکرێنە سەر خاکەکەمان، بەداخەوە بەهیچ شێوەیەک چارەسەری هیچ كێشە و گرفتێک ناکات.

    • ئێمە گەلێکی ئاشتیخوازین، نامانەوێت کێشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ یان بۆ هیچ ناوچەیەکی تر دروست بکەین. پەیامی ئێمە پەیامی ئاشتی و ئازادییە، پەیامی پێکەوەژیانە، پەیامی ڕێزگرتنە لەیەکتر لەسەر بنەمای ڕێزی بەرانبەر.

    • ئێمە دەمانەویت وڵاتەکەمان بەرەو پێشەوە ببەین، ئێمە دەمانەوێت بژیین.

    • داوا دەکەین، ئەوانەی یارمەتیمان دەدەن سوپاسیان دەکەین، ئەوانەشی ناتوانن یارمەتیمان بدەن لەمپەڕ نەخەنە سەر ڕێگەی پێشکەوتنمان، چونکە ئێمە بڕیاری ژیانمان داوە. بڕیاری ئەوەمان داوە وڵاتەکەمان ئاوەدان بکەین، بڕیاری ئەوەمان داوە نەوەکانمان بەهێز بکەین بە چەکی زانست، بڕیاری ئەوەمان داوە ئێمە بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر هەنگاو بنێین.

    • ئێمە سەرکۆنەی هەموو ئەو پەلامار و دەستدرێژییانە دەکەین کە دەکرێنە سەرمان.

    • داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەین کە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژی و پەلامارانەی دەکرێنە سەرمان، دابنرێن.

    • داواتان لێ دەکەم ئەم کوردستانە ئەمانەتە بەدەستی ئێوەوە، بیپارێزن، وانەی خۆشەویستی بۆ وڵات، وانەی پارێزگاریکردن لە وڵات بکەنە پیشەی خۆتان، ئەم وانەیە نەک تەنها خۆتانی پێ دەوڵەمەند کەن و فێربن، بەڵکوو خەڵکانی تریش فێر بکەن.

    • ئێوە ئایندەی وڵاتەکەمانن، کوردستان دەکەوێتە دەستی ئێوە، دڵنیام لە دەستێکی ئەمیندا دەبێت.

  • سەلماندت کە ئاغا و کوێخا نیت، بەڵکو خزمەتکاری میللەتی خۆتی.

    سەلماندت کە ئاغا و کوێخا نیت، بەڵکو خزمەتکاری میللەتی خۆتی.

    سەلماندت کە ئاغا و کوێخا نیت، بەڵکو خزمەتکاری میللەتی خۆتی.

    قەهرەمان عوسمان :

    ئەم سەردانەی ئەمڕۆی بەڕێز کاک مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت ببێتە وانەیەک بۆ تەواوی کاربەدەست و بەرپرسانی پارتی، چی ئەوانەی لە نێو حزبن و چی ئەوانەشی کە لە حکومەت کار دەکەن.
    پێویستە دەرگاکانیان بخەنە سەر پشت، و بەپیر داواکاری خەڵکییەوە بچن، چیتر باوی ئەوە نەماوە لە ئۆفیسەکانیان و لە نێو ئۆتۆمبیلە جام ڕەشەکانیانەوە سەیری خەڵکی بکەن. بە کردار وەک جەنابی سەرۆکی حکومەت دەبێت بیسەڵمێنن کە “ئاغا و کوێخا نین، و خزمەتکاری میللەتی خۆیانن” و گوێ لە گلەیی و ڕەخنەی هاووڵاتییان بگرن.

    هەروەها زۆر پێویستە لەمەودوا گلەیی و داواکاری هاووڵاتییان بگەیننە جەنابی سەرۆکی حکومەت و چیتر ڕاستییەکان ئاوەژۆ نەکەن، چونکە ئەگەر تا ئێستا شاردنەوەی ڕاستییەکانیان بۆ چوو بێتە سەر، دەبێت بزانن کە لە مەودوا خەڵکی ڕاستەوخۆ گلەیی و گازندە و داواکاری خۆیان دەگەیننە جەنابی سەرۆکی حکومەت و ئەو سەرۆک حکومەتەی کە ئەمڕۆ بۆ گوێ گرتن لە ڕەخنە و داواکارییەک چووە ماڵی جووتیارێک، بەیانیش بۆ هەمان مەبەست ئامادەگی تێدایە بچێتە ماڵی کرێکار و کاسب و کەناسێکی ئەم وڵاتەش.

  • كاردانەوە و گوشارە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ڕیفراندۆمی کوردستان چی بوون

    كاردانەوە و گوشارە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ڕیفراندۆمی کوردستان چی بوون

    كاردانەوە و گوشارە نێودەوڵەتییەكان

    لە کتێبی بۆ مێژوو سەرۆک مەسعود بارزانی دەربارەی ڕیفراندۆمی کوردستان و گوتارەکەی لە پەرلەمانی ئەوروپا نووسیوویەتی :

    پاش ئەوەی هەرێمی كوردستان 25ـی ئەیلوولی وەك ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم دیاری كرد، هەوڵمان دا پەیامی گەلی كوردستان و هۆكارەكانی وەرگرتنی ئەو بڕیارە بۆ لایەنە عێراقییەكان و نوێنەرانی وڵاتان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دراوسێكان شیی بكەینەوە. لە مانگی حوزەیران و تەممووز و ئابی 2017ــدا لەگەڵ ژمارەیەكـی زۆر لە باڵیۆز و كۆنسوڵی وڵاتان و میوانە بیانییەكان كۆبوونەوەم هەبوو. هەروەها لە ناوەڕاستی مانگی ئابیشـدا شاندی دانوستانكاری هەرێم سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەرۆك وەزیران و لایەنە شیعی و سوننەكان بە وردی باسی ئەو پاڵنەرانەیان كردبوو كە هانی گەلی
    كوردستانی داوە بۆ ئەوەی بەرەو ڕیفراندۆم هەنگاو بنێن.
    من خۆم سەردانی ئەوروپا و چەند وڵاتێكی عەرەبیم كرد. ڕۆژی سێشەممە 11ـی تەممووزی 2017 لە پارلەمانی ئەوروپا وتارێكم پێشكەش كرد. لە سەرەتای وتارەكەمدا ئەندامانی ئەو شاندەم ناساند كە لەگەڵ من سەردانی پارلەمانی ئەوروپایان كردبوو و ئاماژەم بەوەدا كە ئەم شاندە هەڵگری پەیامی خەڵکی کوردستانە و پێکهاتووە لە، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و نەجمەدین کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و محەمەد هاودیانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسـلامی و محەمەد سـەعدەدین، نوێنەری تورکمان و وەحیدە یاقو هورمز، نوێنـەری کریستیانەکان و
    شێخ شامۆ، نوێنەری ئێزدییەکان.

    دواتر بە نوێنەرانی ئەوروپام ڕاگەیاند، کە ئێمە دەمانەوێت ڕێمان بدەن دەربارەی دوو تەوەر بۆچوونی خۆمان بگەیێنین، یەکێکیان لە بارەی ڕیفراندۆمەوەیـە کە بڕیاری لێ دراوە و ئەوەی دیکەشیان لە بارەی تیرۆرەوەیە. ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە سەد ساڵ زیاترە هەموو هەوڵێکمان دا تا بتوانین شەراکەتێکی ڕاستەقینە بنیات بنێین و بەم دواییانەش عێراقێکی فیدراڵی دیموکراتی دروست بکەین، بە داخەوە هیچ ئەنجامێکی
    نەبوو.
    لە درێژەی قسەكانمدا باسی مێژووی ژیانی گەلی كوردستانم كرد لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و باسی خواستی ڕاستەقینەی كوردستانیانم کرد و گوتم: ئەگەر ئێمە پێوەندیی خۆمان لەگەڵ بەغدا دابەش بکەین، دەتوانین بڵێین بۆ دوو قۆناغە و یەکەمیان لە یەکەم جەنگی جیهانەوەیە بۆ ٢٠٠٣ و، دووەمیان لە دوای ٢٠٠٣وەیە تا ئێستا؛ کە قۆناغی یەکەم حوکمی سوننەکان بوو و قۆناغی دووەمیش شیعەن حوکمی عێـراق دەکەن. ڕەنگە زۆر جار وا وێنا کرابێ کە ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، ئاسایشی ناوچەکە تێک بچێت، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە و مەترسیی ئەوە هەیە ئەگەر ئەمە نەبێت(ڕیفراندۆم)، ئەوا ناوچەکە بەرەوڕووی
    کێشەی گەورە و تێکچوونی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی ببێتەوە.

    زۆربەیان باسی ئەوەیان دەكرد كە لە ڕێگای دیالۆگ و دانوستان كێشـەكانتان لەگەڵ بەغدا چارە بكەن. لە كۆتاییەكاندا كە هەموو لایەك لە جیدیبوونی هەرێمی كوردستان بۆ سازدانی ڕیفراندۆم گەییشتن، ئیدی گوشاری زۆریان بۆ هەرێم هێنا كە نابێ ڕیفراندۆم بكرێت و دەستبەرداری ڕیفراندۆم بن. بەبێ ئەوەی ئەلتەرناتیڤێكی گونجاو پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی لەبەرانبەریدا خەڵكی كوردستان دەستبەرداری ئەو مافەی خۆی ببێـت. ئەو گوشـارانە لە حاڵێكدا بوون كە ڕیفراندۆم لە قەزیەیەكی سیاسییەوە ببووە بابەتێكی نیشــتیمانی و نەتەوەیی و كەوتبووە دەستی خەڵكی كوردستانەوە. چیتر قەزیەی لایەنێكی سیاسی یان كەسێك نەبوو تا بتوانرێ بە ئاسانی بڕیاری ئەوە بدرێت كە ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرێت.

  • چاڵاکوانێک :  دەنگێک دوژمن دژی بێت بێ شک دەنگێکی حەقە

    چاڵاکوانێک : دەنگێک دوژمن دژی بێت بێ شک دەنگێکی حەقە

    ئەو دەنگەی ئێکسپایەربوونی نییە و لە ھیچ ھەڵبژاردنێک ناچێت و بەسەرناچێت دوای چەند ساڵێک، دەنگی مێژوویی ڕیفراندۆمە .

    ئەگەر تا یەک تاکە کوردی ڕیفراندۆمچی و قوتابی ڕێبازی بارزانی نەمر مابێ ئەنجامەکەی بە زیندوویی دەمێنێتەوەو نامرێ.

    دەنگێک دوژمن دژی بێت، بێ شک دەنگێکی حەقە و دەستکەوت و تێکشکاندنی ئیرادەی دوژمنە ، لە کوێی دونیا ھەبووە دوژمن دڵی بە دەستکەوتی دژەکەی خۆی خۆشبێت بۆ داواکردنی مافی ، چۆن دوژمن کە چەندین ساڵ چەوساندوویەتیەوە پشتیوان دەبێت!!، تا بۆ ڕیفراندۆمی ئێمە سەرچۆپی بگرێت، دوژمن کاری بەربەست و وەستانەوەیە دژی ھەنگاوە باشەکان.

    زۆر سوپاس سەرۆک بە پشتیوانی گەل دەنگی سەربەخۆخوازانی کوردستانت لەم سەرزەمینەی زەوی بۆ ئەم سه‌ر زەمین گەیاند، ئەوانەی تا دوا چرکە لەگەڵ ڕیفراندۆم نەمانەوە، دوورنییە سبەی گەر ببینە دەوڵەت بە ١٨٠ پلە بگۆڕێن و بڵێن ئێمەش دەنگمان دا به‌ به‌ڵێ، دەبێ بەش و شەراکەتمان ھەبێ لە وڵات، ئەوە گەورەیی و نەمری ئەنجامی ڕیفراندۆمە.

    زۆ سوپاس سەرۆک بارزانی کە واتکرد دوای سەد ساڵ لە زوڵم و ستەم بەرامبەر گەلەکەت، ھەست بە بوونی خۆمان لە دونیای ناوەوەو دەرەوە بکەین، داوای سادەترین ماف بکەین کە ئەویش وەک گەلانی جیھانی بژین.

    (چاڵاکوانێک)

  • کاتی ڕیفراندۆم بۆ گونجاو بوو ؟

    کاتی ڕیفراندۆم بۆ گونجاو بوو ؟

    ناسیح عەبدولڕەحیم ڕەشید:

    ئەو کاتەی ڕیفراندۆم کرا باشترین کات بوو بۆ هەڵسەنگاندنی ئینتمای نەتەوەیی و نیشتمانی تاکی کورد.

    چونکە خەڵک لە خراپترین بارودۆخی ئابووری نەبوونی مووچە و بێکاری و بێ بازاڕی ، بێ پارەیی ، ناکۆکی حزبی و سیاسی لە ترۆپکدابوو بەڵام هەموو ئەمانە نەیانتوانی چۆک بە ئیرادەی کوردی ڕەسن دابدەن
    بەهەموو توانای جاشی ناوخۆی و ئیقلیمی ( ئێران، عێراق ، تورکیا ) و نێودەوڵەتی ( ئەمریکا و بەریتانیا و ئەوروپا ) نەیانتوانی نەخێر لەهیچ کوێدا سەربکەوێت.

    ئیعلامی دژە کورد و دژە سەربەخۆیی و دژە ڕیفراندۆم لە ترۆپکی هێز و توانای خۆیدابوو
    نەبوونی و بێ پارەیی هەبوو کە باشترین دەرفەتبوو بۆ کڕینی وەلائی خائین و کوردفرۆش و دژە کورد تەنها توانیان کەمینەیەک بکڕن کە هیچ کاریگەریەکی نەبوو .

    بەڵام بۆ هەموو پولەکی و خۆفرۆشەکان سەلما کە تاکی کوردی ڕەسەن هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگری بکات لە خەونی دەوڵەت و سەربەخۆیی .

    لە خراپترین بارودۆخی ژیانیشدا دەستبەرداری خەونی نەتەوەیی و سەربەخۆیی نابێت ،ئەوانەشی خراپی بارودۆخ و نەبوونی مووچەیان کردبووە بیانوو هیچ نەبوون جگەلە خیانەتکاران کە دوای دۆڕانیان لە ڕیفراندۆم هاتن بە ۱٦ـی ئۆکتۆبەر قەرەبووی جاشێتی خۆیان بۆ قاسم سولەیمانی سەلماند.

  • وەیسی سەعید وەیسی بۆ یوسف محەمەد:  تۆ بڕوات بە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان نییە

    وەیسی سەعید وەیسی بۆ یوسف محەمەد: تۆ بڕوات بە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان نییە

    بۆ یوسف محەمەدی داخ لەدڵ

    وەیسی سەعید وەیسی :

    نووسینەكەتم بینی، راستیت دەوێ ئەو نووسینەت، نووسینی سیاسیەكی هۆشیار و خەمخۆر و دیموكراتخواز نیە بەڵكو ڕێك ناختی پێشانداوە كە وەك دوژمنێك دژی شۆڕش و پێشمەرگە و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و دژی پارتی.

    نووسینەكەت رقاوی و نامەوزون و ناشێیانەیە. سەیرە كەسێك لافی سیاسەت لێ بدات و پارلەمانتار بووبێت ئەوەندە بێئاگا و سەتحی بێ لەمەڕ معادەلاتی سیاسیی عێراق و مێژووی سیاسی و جووڵانەوەی رزگاریخوازی كورد. یوسف محەمەد لافی دیموكراتیەت و عەدالەت لێ مەدە، چاك دەزانین لە رووی فكریەوە سەرت لە كام ئاخوڕی ئایدیۆلۆژیی ناوە كە جگە لە ماڵوێرانی و دواكەوتوویی و توندوتیژی و تیرۆر هیچی بۆ گەلانی ناوچەكە بەدینەهێناوە. هەر بۆیەش لەوكاتەی كوردستان لەژێر پەلاماری داعش بوو، تۆ و هاوبیرەكانت بە مەسافەیەكی دوور لە گەلی كوردستان وەستابوون و تەماشاکەری دڕندەیی داعش بوون، بە قسەشبێ بە دەمتاندانەهات جارێك پشتی پێشمەرگە بگرن و سەركۆنەی دڕندەیی داعش بكەن. ئەگەر گەلی كورد بە گوێی ئێوەی نامۆ و ناكامڵی كردبا دەبوایە هەر زوو تەسلیمی داعش ببوایە.

    نووسینەكەت دوژمنكارانەیە بەرانبەر مێژوو و شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان، وەك دوژمن نووسیوتە، تۆ بڕوات بە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان نیە، پتر بڕوات بە پیلان و مەرام و ئامانجەكانی دوژمن و داگیركاران هەیە. ئاخر دوژمنیش حەزی لەوە نەبووە و نیە كورد خاوەن ئیرادە بێ و مقاوەمە بكات و چەكی هەبێت. هەر بۆیەشە كە لە بەغدا بووی تۆ و تاقمە دۆڕاوەكەی لەگەڵت لە عەرەبە شۆڤێنییەكان زۆر زیاتر دژی مافەكانی گەلی كوردستان وەستابوون. لەوێ لەبری بەرگریكردن لە كوردستان، ڕێپێشاندەری نەیاران بوون بۆ زەربەلێدان لە كەرامەت و پێگە و دەستكەوتەكانی هەرێم. لە مێژووی كورددا جاش و خۆبەبچووكزان لە هەموو تەرز و جۆرەكان زۆر هەبوون كە سەرئەنجامیان سەرشۆڕی بوو، بۆیە چاك بزانە جاشایەتی لە نەوعی تۆش زۆر لەوەی ئێستا هەی ڕووڕەشتر و دۆڕاوتر دەکات.

    ئەمە لە بەختی خەراپی كوردە، گومناوێکی هەڵتۆقیوی بێ ڕیشەی بێ ئەزموون كە نازانێ ئازار و مێژووی كورد چیە و بڕواشی بە دۆزی گەلەكەی نیە، دەرفەتی پێ بدرێت و پێ بنێتە ناو سیاسەت و بەشێك لە قەدەری گەلی بكەوێتە دەست. دەشزانم ڕاسپاردنی تۆ بۆ كایەی سیاسی لە لایەن كارەكتەرە هەرە سەرەكییەكەی براكوژی و، ڕۆڵپێدانت تەنیا بۆ بێنرخكردن و بچووككردنەوەی پۆستی سەرۆك پارلەمان و بێ نرخكردنی بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو. ڕاستە بۆ ماوەیەكی كاتی ئەو هەدەفەتان پێكا بەڵام چونكە بچووك و ناپێگەیشتوو و نامۆ بووی دواجار خۆت و حزبەكەشت رەنجەڕۆ كرد و مایەپووچ لێی دەرچوون.

    لاپەڕە و قۆناغ و هۆكار و ئەكتەرە دەست سوورەكانی شەڕی ناوخۆ بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكران و، هەوڵە بێشومارەكانی سەرۆك بارزانیش بۆ ڕێگەگرتن لە شەڕ و براكوژی دیارن. هەڵسەنگاندنی خەڵكی بێ قەزییە و ڕقئەستوور هیچ بایەخێكی نیە و لە راستیدا تۆی نامۆ لە پەراوێزی پەراوێزەكاندای و، لەو مەقامەدا نیت هەڵسەنگاندن بۆ مێژوو بكەی و، تەوسیە و ئامۆژگاریت هەبێ.