هاوپۆل: Uncategorized

  • ڕاگەیاندراوێک لە پارێزگارى هەولێرەوە

    ڕاگەیاندراوێک لە پارێزگارى هەولێرەوە

    ڕاگەیاندراوێک لە پارێزگارى هەولێرەوە..
    “لە بارەى دەستگیرکردن و ئاشکراکردنى تاوانبارانى سووتاندنى بازاڕى لەنگە و قەیسەری”

    بەناوى خوداى بەخشندە و میهرەبان

    دوای ئەوەی لە ماوەى ڕابردوودا چەند ڕووداوێکى ئاگر کەوتنەوە لە شارى هەولێر ڕوویدا، کە دواین ڕووداو ئاگرکەوتنەوەکەى شەوی 2024.5.5ى بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر بوو، سوپاس بۆ “خودا” جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، هەر ئەوکات ڕامانگەیاند، لەو ئاگرانە بە گومانین ڕووداوی سروشتی و ئاسایی بووبێت، هەربۆیە هاوشاریان و هاوڵاتییانى خۆشەویستى شارەکەمان و دوکاندار و کاسبکارانى زیانلێکەوتووى بازاڕەکانمان دڵنییا کردووە، دەست بە ڵێکۆڵینەوە کراوە لە هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە و هەر کاتێک ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە کۆتاهات، هەر کەس و لایەنێک لە پشتەوەى ئەو کارە بووبێت چاوپۆشی لێ ناکرێت و ئەنجامدەری تاوانەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین.

    سوپاس بۆ هەردوو وەزارەتی ناوخۆی حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق و هێزەکانى ئەنجومەنى ئاسایش و دژەتیرۆرى کوردستان و ئاژانسى هەواڵگریى فیدراڵ و ئاسایش و پۆلیسى هەولێر، کە توانیان لە ماوەیەکى کەمدا و بە هاوبەشى لەگەڵ یەکتر ئەو تۆڕە تاوانکاریە تیرۆرستیە ئاشکرا بکەن و دەستگیریان بکەن کە یەکێکیان سەرپەشتیارى تاقمەکەیە بەناوى “هونەر فەخرەدین ئەحمەد” کارمەندی یەکەی حەفتایە و ئەوەی دیکەشیان “محەممەد نەجات حەسەن” ئەفسەری دژە تیرۆرە لە سلێمانی (CTG) و لەلایەن ڕاهێنەرانی چەکدارانی “پەکەکە” ڕاهێنانیان پێکراوە تاکو ئەو کارە تیرۆریستییانە ئەنجامبدەن و زیان بەهاووڵاتییانی شارەکەمان و، شارەکانى دیکە دهۆک و کەرکووک و چەند ناوچەیەکی تر بگەێنن.

    ئامانجى ئەو تۆڕە تاوانکارەی “پەکەکە”، کە بەشێوەیەکى بەرنامە بۆ داڕێژراو و رێکخراو تێکدانى ئارامى و ئاسایشى هەولێرى پایتەخت و لێدان لە ئابووریی و بڕینی سەرچاوەی قووتی هاووڵاتییانى شارەکەمان بووە، جگە لەوەش لە دانپێدانانەکانیان ئاشکرایان کردووە لە بەرنامە و پیلانیان دابووە وێڕاى سووتاندنی بازاڕەکانی لە نگە و قەیسەری، شوێنى دیکەى هەولێریش بە هەمان شێوە بسووتێنن، لەوانە (بازاڕى میللی و شوێنى بازرگانى و کێڵگەى کشتوکاڵى و پاڵاوگە و شوێنە گەشتیاریەکانى شەقلاوە و سیروان مۆڵ و هێڵى گواستنەوەى کارەبا).

    ئەو گرووپە تیرۆرستییە، مەرامیان بوو گورزی کوشندە لە ئابووری هەموو خەڵک بدەن و دەست لە هیچ بازاڕ و شوێنێکى هەولێرى پایتەخت نەپارێزن و زیانى گەورە بە ژێرخانی ئابووری شارەکەمان بگەیەنن، بەڵام سوپاس بۆ خودا، کە توانرا بە لێهاتوویی و چاوکراوەیی هێزە ئەمنیەکان هەر زوو ئەو دەستە ڕەشە نەگریسە ئاشکرا بکرێت و تاونباران و ئەوانەشى لە پشت ئەو کارە تیرۆرستییە قێزەوەنە بوون ڕووى ڕەشیان بدۆزرێتەوە و بە سزایی عادیلانەى خۆیان بگەن.

    لێرەوە جارێکى دیکە، دەستخۆشی لە هێزە ئەمنیەکانى هەردوو وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراقى فیدراڵ دەکەین و هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەشمان دڵنییا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین و بە پشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵیان، داواش لەو کاسبکار و دوکاندارانە دەکەین کە بەهۆى ئەو ڕووداوە تیرۆرستییەوە زەرەرمەندبوونە، لە نزیکترین بنکەکانی پۆلیس و لە دادگا سکاڵا لە سەر ئەو تیرۆرستانە تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی باجی قورسى ئەو زیانانە بدەن کە بە قوت و ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانیان گەیاندووە.

    لە ئێستاشدا وێڕاى نۆژەنکردنەوەى بازاڕى لەنگەى شارى هەولێر کە لە قۆناغى کۆتایدایە، لە هەردوو بەشى بازاڕی قەیسەری، قەیسەریی کۆن و قەیسەریی نوێ، لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بە گوژمەی (پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر، نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە لە رێگەی دوو کۆمپانیاوە و بەکارکردنى سێ شیفت و بە شەو و رۆژ نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە بەردەوامە، هەموو هەوڵێکى خۆشمان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەى لە نزیکترین کاتدا و بەر لەوادەى تەواوبوونى ماوەى پڕۆژەکە، نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە بە کۆتابێت و لە زووترین کاتدا ئەوبەشەى بازاڕى قەیسەرى بە ڕووى هاوڵاتییان بکرێتەوە و کاسبکار و دوکاندارانى زیانلێکەوتووش بگەڕێنەوە سەرکار و کەسابەتى خۆیان.

    ئومێد خۆشناو
    پارێزگارى هەولێر

  • به‌ فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری گرنگ له‌ هه‌ولێر درا

    به‌ فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری گرنگ له‌ هه‌ولێر درا

    به‌ فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری گرنگ له‌ هه‌ولێر درا

    ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30-6-2024، به‌ سه‌رپه‌رشتی دكتۆر ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژكارانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و جێگرانی پارێزگار و قایمقامی قه‌زای ناوه‌ند و سه‌رۆكی شاره‌وانی و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتیی‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌ دیوانی پارێزگای هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

    له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ راسپارده‌ و فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی گرنگ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر درا و كه‌ كاریگه‌رییان ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی كه‌مئاوی له‌ به‌شێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی پێویست له‌ بواره‌كانی دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و قیرتاوكردنی رێگه‌وبانه‌كان و هه‌روه‌ها كۆكردنه‌وه‌ی زبڵ و خاشاك و گرنگیدانی زیاتر به‌ ژینگه‌ی پارێزگای هه‌ولێر.

    هه‌روه‌ها له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر‌ راسپارده‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری هاووڵاتییانی شاری هه‌ولێر كرایه‌وه‌، له‌مپێناوه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان راسپێدران ته‌واوی هه‌وڵه‌كانیان بۆ خزمه‌تكردنی زیاتر هاووڵاتییان چڕبكه‌نه‌وه‌.
    پاڵپشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ پارێزگای هه‌ولێر دووپاتكرایه‌وه‌، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ به‌رده‌وامی هه‌ماهه‌نگییه‌كان له‌نێوان فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌پێناو خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی وه‌رزی گه‌رما و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان.

    ئاماژه‌ به‌ به‌رده‌وامی لێخۆشبوونی قه‌رزه‌كانیی سه‌ر هاووڵاتیان كرایه‌وه‌، وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی هاووڵاتییان و كاسبكاران.

    پرسی گه‌شتوگوزاریش ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، له‌مڕووه‌وه‌ داواكرا ته‌واوی ئاسانكاریی بۆ هاتنی گه‌شتیاران بۆ نێو شاری هه‌ولێر بكرێت و كه‌ سوودی بۆ ئابووری و بازاڕی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پاڵپشتی خۆی بۆ بره‌ودان به‌و كه‌رته‌ دووپاتكرده‌وه‌.

  • کتێبێکی سەرۆک بارزانی لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتییدا خەڵاتی دووەم باشترین كتێب بەدەست دەهێنێت

    کتێبێکی سەرۆک بارزانی لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتییدا خەڵاتی دووەم باشترین كتێب بەدەست دەهێنێت


    لە پێشبڕکێی (خەڵاتی نێودەوڵەتیی پەرتووک) کە ساڵانە لەلایەن (American Book Feast) رێك دەخرێت و خەڵات دەبەخشێتە باشترین کتێب لە هەموو بوارەکاندا، ئەمساڵ لە بواری مێژووی گشتی، کتێبێکی سەرۆک بارزانی کە بە زمانی ئینگلیزی چاپ کراوە و تایبەتە بە بیرەوەرییەکانی لەسەر رووداوە مێژوییەکانی چەندین دەیەی رابردوو، خەڵاتی دووەمی لەو پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەدا بەدەست هێنا.

    پێشبڕکێی (خەڵاتی نێودەوڵەتیی پەرتووک) نزیكەی 15 ساڵە ئەو خەڵاتە بە باشترین کتێبەكانی ساڵ لە هەموو ژانرەکان دەبەخشێت.
    لە ساڵی 2010وە ئەو خەڵاتە بە چەندین كتێب لە سەرجەم بوارەکان لە سەرانسەری جیهان دراوە.

    بۆ ئەمساڵ، لە بواری مێژووی گشتییدا، كتێبەکەی سەرۆك بارزانی بە ناونیشانی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، شۆڕشی گوڵان – بەرگی چوارەم – بەشی یەکەم و دووەم)،
    لەلایەن داڤان یەحیا خەلیل نووسەری کوردی دانیشتووی بەریتانیاوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی، لەو پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەدا خه‌ڵاتى دووه‌می لەو بوارەدا بۆ ساڵی 2024 بەدەست هێنا.

    شایەنی باسە ئەمە یەکەمین جارە كتێبی سەرکردەیەکی کورد لە‌ پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیی كتێبدا لەسەر ئاستی جیهان، ئەو خه‌ڵاتە به‌ده‌ست بهێنێت.
    بە گوێرەی رێکخەرانی ئەو پێشبڕکێ جیهانییە لە بواری نووسین و چاپەمەنییدا، بۆ پێشبڕکێی ئەمساڵ ئەو كتێبانەی خەڵات كراون کە لە ساڵانی (2022، 2023، 2024) چاپ کراون.

    لەبارەی خەڵاتەکەیانەوە، جێفری کین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (American Book Feast)، کە رێکخەری خەڵاتە نێودەوڵەتییەکەیە، رایگەیاند، ئەمساڵ بە هەزاران ناونیشانیان پێشکەش کراون و تەنیا ژمارەیەکی کەم پاڵێوراون بۆ خەڵاتەكان.

    هەروەها جێفری کین دەڵێ: “ئەم خەڵاتکردنە ئامانج لێی پاڵپشتیکردن و پشتگیرییە بۆ جیهانی کتێب، هەروەها هەوڵێکیشە تاوەکوو سەرنجی خوێنەر رابکێشن و بگەڕێنینەوە بۆ جیهانی کتێب.”

    ئەم پێشبڕکێیە كە لەژێر ناونیشانی (خەڵاتی نێودەوڵەتیی پەرتووک – International Book awards)دایە، ساڵانە بە بەشداری پێكردنی یەك ملیۆن ناونیشانی پەرتووك لە جیهاندا، رێك دەخرێت.

    لەنێو كتیبە براوە و خەڵاتكراوە یەكەم و دووەمەكانی ئەمساڵدا، وێڕای كتێبەكەی سەرۆك مەسعود بارزانی، هەریەك لە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، کە کتێبێکی تایبەت بە بیرەوەرییەکانی بڵاو کردەوە، لەگەڵ کتێبی ژیاننامەی گۆرانیبێژ و پێشکەشکاری ناسراوی ئەمریکی ڤێنیسا ولیەمس، لەگەڵ کتێبی ژیاننامەی ئاکتەری ناسراوی ئەمریکی بۆب ئۆدینکێرکیش هەبوون.

  • له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق خۆپیشاندان له‌دژی نه‌بوونی كاره‌با و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌رده‌وامه‌

    له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق خۆپیشاندان له‌دژی نه‌بوونی كاره‌با و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌رده‌وامه‌

    له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق خۆپیشاندان له‌دژی نه‌بوونی كاره‌با و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌رده‌وامه‌

    هاووڵاتییانی شاره‌كانی ناوەڕاست و باشووری عێراق به‌هۆی نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزارییە سه‌ره‌تاییه‌کان لە خۆپیشاندان بەردەوامن و له‌به‌رامبه‌ر جێبه‌جێنه‌كردنی داواكارییه‌كانیان تا دێت ناڕه‌زاییه‌كان فراوانتر ده‌بێت.

    ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ دانیشتووانی به‌شێك له‌ شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و داواده‌كه‌ن گرفتی بێ كاره‌بایی و بێ ئاوی چاره‌سه‌ربكرێت به‌ تایبه‌ت له‌ وه‌رزی گه‌رمای هاوین كه‌ ساڵانه‌ ئه‌و كێشانه‌ دووباره‌ده‌بێته‌وه‌.

    به‌ گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كان له‌ هه‌ریه‌ك له‌ شاره‌كانی دیوانییه‌، كه‌ربه‌لا، زیقاڕ، به‌سڕه‌ و به‌شێك له‌ ناوچه‌كانی شاری به‌غدای پایته‌ختی عێراق خه‌ڵك هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و گله‌یی له‌ ده‌سته‌وه‌ستانی به‌رپرسانی ئیداری پارێزگاكانیان ده‌كه‌ن و ئاماژه‌ش به‌وه‌كه‌ن نوێنه‌ره‌كانیان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وه‌ك پێویست به‌رگری له‌ مافی هاووڵاتییان ناكه‌ن.

    هاووڵاتییانی ناڕازی باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن سه‌ره‌ڕای ده‌نگی به‌رز و بێزاركه‌ری موه‌لیده‌ و وێستگه‌كانی كاره‌با و دووكه‌ڵ به‌سه‌ر شاره‌كانه‌وه‌، كه‌چی له‌ خزمه‌تگوزاری كاره‌با بێ به‌شن و هۆشداری له‌وه‌ش ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر به‌ ئاشتیانه‌ داواكارییه‌كانیان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ره‌نگه‌ خۆپیشاندانه‌كان سه‌ربكێشێت بۆ توندوتیژی.

  • تەقینەوەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی لە ئانوسات دایە

    تەقینەوەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی لە ئانوسات دایە

    🔶یەکێتی کەوتۆتە دۆخێکی سەخت..!

    🔶بۆچی بافڵ تاڵەبانی یاداشتەکەی سەرکردایەتی یەکێتی قبوڵ نەکرد؟

    🔸تەقینەوەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی لە ئانوسات دایە

    سەرچاوەیەکی ئاگادار بە بازمیدیای ڕاگەیاند دوابەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دوورخستنەوەی بافڵ تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆکی یەکێتی و بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕازی لەناو سەرکردایەتی یەکێتی ، لە لایەکی دیکە جوڵەی سەرکردە کۆنەکانی ئەو حزبە کە لەدوای کۆنگرە دوورخرانەوە ، کێشە و ناکۆکییەکانی گەیاندۆتە لێواری تەقینەوەیەکی دیکە.

    هەر بەپێی زانیارییەکان پێش دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان ، سەرکردایەتی یەکێتی پێشنیاری دواخستنی هەڵبژاردنی بۆ سەرۆکی یەکێتی کردووە بەهۆی بارودۆخی ناوخۆی ئێستای یەکێتی، کە تورەبوونی جەمسەرەکانی یەکێتی لە یەکتر و زیزبوونی تێکۆشەرە دێرینەکان و خەڵکی سلێمانی و پرسی دورخستنەوەی بافڵ تاڵەبانی لە دەستەڵات، ئەمەش سەرکردایەتی یەکێتی ناچارکردووە ئەم داواکارییە بەرز بکاتەوە بۆ بافڵ تاڵەبانی و بە ڕاپۆرتێک وردەکارییەکانی بۆ بخەنەڕوو ، ئەو مەترسیە گەورەیەی سەر یەکێتی بۆ بافڵ تاڵەبانی ڕوونبکەنەوە.

    لە ڕاپۆرتەکە ئاماژەی پێدراوە “دۆخی ناوخۆی یەکێتی باش نییە، لە پێناو بەرژەوەندی حزب داوا دەکەین کە هەڵبژاررنی پەرلەمان دوابخرێت تاکو یەکێتی کاری زیاتر بکات لەسەر چاکبوونەوەی دۆخە چەقبەستووەکەی”، بەڵام هەرزوو ئەم پێشنیارە لەلایەن خودی بافڵ تالەبانییەوە ڕەتکراوەتەوە و گوێی پێنەدراوە چونکە پێی وایە کەسی یەکەم هەر خۆیەتی و هەموو سەرکردایەتی و ئەنجوومەنەکانی یەکێتی و سکرتاریەتی جەلال تاڵەبانی دەسەڵاتی کارتۆنیان هەیە لە بەرامبەر بافڵ تاڵەبانی، بۆیە دۆخی ناوخۆی یەکێتی لە لێواری تەقینەوە دایە ، هۆشداریەکەی سەرکردایەتی یەکێتیش کەوتە ژێر پێی بافڵ تاڵەبانی.

    ئەمڕۆ کە وادەی هەڵبژاردنی کوردستان دیاریکرا ،هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە زۆر ڕوون نییە ، بەڵام لە هەردوو ئەگەری بەدڵ بوونی وادەکە یاخود نا ، بەڵام بەپێی ڕای زۆرینەی چاودێران ئەوەی بەشێکی سەرکردایەتی یەکێتی پێشنیاری کردووە هەر ڕوودەدات بەهۆی بافڵ تاڵەبانییەوە یەکێتی دووجار سزا دەدرێت ، جارێکیان لە لایەن خەڵک ، جارێکیشیان لە لایەن تێکۆشەر و سەرکردە ناڕازییەکانی ئەو حزبە و کێشەناوخۆییەکان….

  • بابەتی بێناونیشان 6164

    سه‌رۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازى له‌ ئەنجومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە دەکات

    پاش نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشەممە 6/26 مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ئەنجومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كرد.

    شاندەکە کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجەکانی دروستبوونی ئەنجومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە و هەروەها ژمارەیەک داواکاییان لە پێناو باشتر خزمەتکردنی خەڵکی پارێزگاری هەڵەبجە خستەڕوو ، کە یەکێک لە سەرەکیترین داواکارییەکانیان ، تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بوو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە. ئاماژەشیان بەوە دا کە کاتی خۆی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی ، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی دا کە مایەی پێزانینە.

    شاندەکە سوپاسی سەرۆکی حکومەتیشیان کرد کە لە دوا سەردانیدا بۆ هەڵەبجە، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە دەرکرد .

    سه‌رۆكی حکومەت دووپاتی کردەوە کە خزمەتکردنی هەموو کوردستان و بەتایبەتیش هەڵەبجە وەک سیمبولی قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین و هەرچی لە تواناماندا بێت، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هەڵەبجە دەیکەین.

    سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، وەکوو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە دەکات و لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە پەیوەندی بەردەوامدایە تا ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکەن کە مافێکی ڕەوای خەڵکی هەڵەبجەیە.

  • ئەنجومەنی وەزیران باشترکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و دوایین پەرەسەندنەکانی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات

    ئەنجومەنی وەزیران باشترکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و دوایین پەرەسەندنەکانی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات

    ئەنجومەنی وەزیران باشترکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و دوایین پەرەسەندنەکانی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات

    ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی حوزەیرانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

    لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ڕاپۆرتێک لەبارەی ڕەوشی ئێستای خزمەتگوزاریی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاوین و هەوڵەکانی وەزارەت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارەیی کارەبا لەم وەرزەدا لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا خرایەڕوو.

    وەزیری کارەبا ئاماژەی بە پلان و بەرنامەکانی وەزارەتەکەی کرد بۆ زیاترکردنی بڕی کارەبای بەرهەمهێنراو لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا ، ئەمەش ئەنجامی چاکسازییکردن لە سێکتەری کارەبا بووە.

    وەزیری کارەبا باسی لە هۆکار و ئەگەرەکانی کەمیی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا لە وەرزی هاویندا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە خواستی کارەبا لەم مانگەدا 4800 میگاواتە بەڵام بەرهەمهێانی کارەبا 3989 مێگاوات بووە کە دابەشکراوە بەسەر شارەکاندا و بە تێکڕا نزیکەی 13 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دابینکراوە لەم مانگەدا، لە هەمان کاتدا وەزیری کارەبا هۆکارەکانی کەمی کارەبای خستەڕوو کە بریتین لە کەمی غازی سروشتی پێویست بۆ بە بەگەڕخستنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و گەشەی ساڵانەی هاوبەشانی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا.

    لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، وەزیری کارەبا چەند پێشنیارێکی خستەڕوو بۆ باشترکردنی ئەم خزمەتگوزارییە.

    ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبای ئاراستەی وەزارەت و لایەنەپەیوەندیدارەکان کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکاریی پێویست.

    لە تەوەرێکی دیکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێکی وەزیری کارەبای پەسەندکرد سەبارەت بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %20 ی پارەی کەڵەکەبووی کارەبای هاووڵاتییان و بڕیاردرا تا 2024/7/31 ڕێژەی داشکاندنی سەرەوە بەردەوام دەبێت .

    بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە ڕاپۆرتێک لەلایەن پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی ئەمساڵی حەج و ڕێکارەکانی وەزارەت لەمبارەیەوە .

    هەروەها بابەتی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک لە حاجیانی هەرێمی کوردستان .

    وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەیدا بەوەی کە ژمارەی حاجیانی هەرێم 4685کەس بوون و وەزارەت لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج وبەرپرسی نووسینگەی حەج لە پارێزگاکان وئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم، بەرپرسیاربوون لە سەلامەتی و هاتوچۆ و گواستنەوەی حاجیان بۆ سعودیە وبەدواداچوونی دابینکردنی شوێنی حەوانەوەیان و نانخواردنیان و سەلامەتی و سەرپەرشتیکردنیان، هەروەها تیمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ، هاوەڵی حاجیانی هەرێم بوون بۆ پاراستنی سەلامەتی تەندروستیان، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم پاڵپشتی داراییشی تەرخانکردبوو بۆ حاجیان.

    سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ژمارەیەک لە حاجیانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران دڵگرانیی و سەرەخۆشی وهاوخەمی لەگەڵ بە بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبووان دەربڕی و وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینیشی ڕاسپارد کە بە هەماهەنگی وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان، لە هۆکارەکانی گیان لە دەستدانی ئەو حاجیانە بکۆڵنەوە و هەموو ڕێکارێک بگرنەبەر بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە لە ساڵانی داهاتوو.

    هەر سەبارەت بەم بڕگەیە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی خستەڕوو سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستیی حاجیانی هەرێم لە ساڵی 2024 ئەویش لە ڕێگەی دابینکردنی ستافێکی تەندروستی لە پزیشکانی پسپۆڕ وکارمەندانی تەندروستی کە هاوسەفەری حاجیان بوون بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە حاجیان.

    لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوە ، گفتوگۆ لەبارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مووچەی هەرێمی کوردستان و ڕێکار و میکانیزمی جێبەجێکردنی پابەندییەکان لە بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ کرا، لەوانە لیستی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێم، پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم ، بەبانکیکردنی مووچە ، بابەتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی یەکگرتووی سەرجەم دامەزراوەکان، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی مانگانەی هەرێم و بابەتی ڕێکخستنەوەی مینحەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.

    ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، کورتەیەکیان دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکانی بابەتەکانیان خستەڕوو .

     

    ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە کە خوازیاری چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە، سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە پێویستە بەردەوام بن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاکی هەرێم لە کاتی خۆیدا و بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە. سەبارەت بە مووچەی مانگی پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنیەکانیش، داواکرا کە وەزارەتی دارایی عێراق، بە زووترین کات مووچەکانیان خەرج بکات بە تایبەتیش کە لە دوا هەنگاودا، حکومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرجەم داتا و زانیاری پێویست ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کردووە و هیچ بيانوویەک بۆ نەناردنی مووچەکانیان نەماوە، ئەنجومەنی وەزیران هەروەها وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد پەلە بکەن لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 6 بۆ بەغدا و هەروەها ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ ئەژمێری وەزارەتی دارایی عێراق.

    لە کۆتاییدا سەبارەت بەدیاریکردنی ڕۆژی 2024/10/20 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێشوازی کردن لەو فەرمانە هەرێمییە، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری پێشوازیکردنەکەی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ، پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا.

  • وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دژی تاوانێكی پە*كە*كە و گرووپەكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان هاتە دەنگ

    وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دژی تاوانێكی پە*كە*كە و گرووپەكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان هاتە دەنگ

    وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەخنە لە پە*كە*كە و گرووپەكانی سەر بەو حزبە لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا دەگرێت و رای دەگەیەنێت كە ئەو حزبە منداڵان چە*كدار دەكات و لە شە*ڕەكاندا بەكاریان دەهێنێت.

    بەپێی راپۆرتی ئەمساڵی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان، پە*كە*كە و گرووپەكانی پاشكۆی لە ڕۆژئاوای كوردستان، لە چە*کدارکردنی منداڵان و بەکارهێنانیان لە شە*ڕ و ململانێکان بەردەوامن.

    وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا لە ڕاپۆرتەکەی دەڵێت: لە سەرەتای ساڵی 2018وە چاودێرانی نێودەوڵەتی، راپۆرتیان لەبارەی چە*کدارکردنی منداڵان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سووریاوە کردووە.

    راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و گرووپەکانی سەر بە پە*کە*کە لە رۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت گرووپی (جە*وانێن شۆ*ڕشگێڕ)ی سەر بە یە*پە*گە و هەروەها یە*پە*ژە، رۆڵێکی فراوانیان هەیە لە چە*کدارکردنی کوڕان و کچانی رۆژئاوای کوردستان و بەکارهێنانیان لە شە*ڕەکاندا.

    لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە: گرووپی جە*وانێن شۆ*ڕشگێڕی سەر بە پە*کە*کە، راهێنانی سەربازی بە کچان و کوڕانی تەمەن 12 ساڵان دەکەن و هەندێکشیان رەوانەی قەندیل دەکرێن و لەوێ مەشقیان پێدەکرێت.

    لەگەڵ ئەوەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە هە*سەدە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ڕێككەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ راگرتنی دیاردەی چە*کدارکردنی منداڵان لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام گرووپەکانی سەر بە هە*سەدە لە چە*كداركردنی منداڵان بەردەوامن.

    بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان كە مانگی رابردوو بڵاو كرایەوە، پە*کە*کە و گرووپەکانی سەر بە پە*کە*کە بەوە تۆمەتبار كراون كە لە ساڵی 2023، 231 منداڵیان لە سووریا کردووەتە چەک*دار. راپۆرتەکە باس لەوە دەکات چۆن گرووپەکانی سەر بە پە*کە*کە منداڵان ناچار دەکەن بچنە ریزی رێکخراوەکانیانەوە و دواتر بەزۆر دەکرێنە چەکدار.

  • سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان بەنداوی چەمرگەی کردەوە

    سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان بەنداوی چەمرگەی کردەوە

    سەرۆکی حکومەت بەنداوی چەمرگەی کردەوە

    سەرۆکی حکومەت: زۆر گرنگە سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت و ئاوی ژێر زەوی زۆر بەکار نەهێنین، چونکە بە داخەوە خەریکە ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان، بە ڕێژەیەکی مەترسیدار دەچێتە خوارەوە
    ئەمڕۆ سێشەممە 6/25، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکدا، (بەنداوی چەمرگە)ی لە سنووری قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردەوە.  دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی بەنداوەکە، سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا باسی لەوە کرد کە لە کابینەی نۆیەمدا، گرنگییەکی زۆر بە بابەتی پاراستنی سامانی ئاو و دروستکردنی بەنداو و پۆند دراوە و لەم ڕووەوە، چەند پڕۆژەیەکمان لە سەر تاسەری کوردستان ئەنجامداوە و بەردەوامیش دەبین کە بێگومان سوودێکی زۆر و جۆراوجۆری دەبێت .  سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بەنداوانە لەلایەکەوە دەتوانن ئاو گلبدەنەوە و دەکرێ بۆ مەبەستی بەكارهێنانی كشتوكاڵی سوودێکی زۆریان لێ وەربگیرێت و هەندێكجاریش بەنداوە گەورەكان بۆ بابەتی بەهەرمهێنانی وزە و کارەباش بەکار دەهێنرێن . هەروەها لە ڕووی گەشتیاریشەوە دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە دەبەخشن و خەڵک کاتێکی خۆشی تێدا بەسەر دەبەن. لە لایەکی دیکەش بەنداوەکان دەتوانن مەترسی دروستبوونی لافاو و زیانگەیاندن بە زەوی و زار کەم بکەنەوە . سەرۆکی حکومەت جەختیشی لەوە کردەوە کە زۆر گرنگە سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت و ئاوی ژێر زەوی زۆر بەکار نەهێنین ، چونکە بە داخەوە خەریکە ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان، بە ڕێژەیەکی مەترسیدار دەچێتە خوارەوە. گوتیشی سامانی ئاو و سامانە سروشتییەکان تەنیا هی ئێمە نین بەڵکو هی نەوەکانی داهاتووشن ، بۆیە دەبێ پارێزگاری لێ بکەین . سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە بە پێی بەرنامەی حکومەت کارمان کردووە کە باشترین شێوە، سوود لە سامانی ئاو وەربگرین. جێی دڵخۆشیە کە بەنداوی چەمرگە تەواو بووە و لە زۆر شوێنی دیکەش ، بەنداوی دیکە هەن کە تەواو دەبن و هەندێکیشیان تەواو بوون و دروستكردنی ئەم بەنداوانە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستیانە سوود لە سامانی ئاو وەربگیرێت.  بەنداوی چەمەرگە بە گوژمەی چوار ملیار و سێسەد ملیۆن دینار لە سەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە توانا و شارەزایی ناوخۆیی و بە پێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان دروستکراوە. بەرزی بەنداوەکە 17.5م و درێژییەکەشی 262 م .

  • سەرۆکی حکومەت سایلۆی قوشتەپەی کردەوە

    سەرۆکی حکومەت سایلۆی قوشتەپەی کردەوە

    سەرۆکی حکومەت سایلۆی قوشتەپەی کردەوە

    سەرۆکی حکومەت :

    * لە گفتوگۆ و پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تا گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو وەربگرێت.

    * بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکەین و بە هاوکاری کەرتی تایبەتیش ، کار دەکەین بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراک.

    ئەمڕۆ سێشەممە 6/25، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە، سایلۆی قوشتەپەی لە قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردەوە.

    لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی حکومەت بەشەکانی سایلۆکەی بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە چاودێری وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کرد. پاشان لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگی دروستکردنی سایلۆکان کرد وەک بەشێک لە کارنامەی حکومەت لە بواری گرنگیدانی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ و جووتیارانی هەرێمی کوردستان و کارکردن لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان و خوشحاڵین کە ئێستا لە زۆربەی شارو شارۆچکەکان کۆگای وەرگرتنەوەی گەنم و دانەوێڵە هەیە.

    سەرۆکی حکومەت گوتیشی کشتوکاڵ بنەما و شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستانە و ئێمە دەمانەوێت جووتیارەکانمان دڵنیابن کە بەرهەمەکانیان بەفیڕۆ ناچن .

    ئەمساڵ بیستمان ڕێژەی بەرهەمی دانەوێڵەمان زیاتر بووە و لە گفتوگۆ و پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تا گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو وەربگرێت کە تا ڕاددەیەکی بەرچاو هەندێک شتیان قبوڵ کردووە بەس لە ئاستی پێویستی ئێمەدا نەبووە.

    سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە جووتیارانی کوردستان دەکات و بە هاوکاری کەرتی تایبەتیش ، کار دەکەین بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.

    سایلۆی قوشتەپە بە تێچووی بیست و یەک ملیار و دووسەد و حەفتا و شەش ملیۆن و هەشتسەد و سی و پێنج هەزار دینار لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە و توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنم و دانەوێڵەی هەیە.