ژیان لە پەراوێزی پەراوێزەکان

ژیان لە پەراوێزی پەراوێزەکان
زکری مووسا
نۆ ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی گەلی کوردستاندا تێدەپەڕێت. جێگەی داخی قووڵە کە بەشێکی زۆری ئەوانەی تا ئێستاش دژایەتیی ڕیفراندۆم دەکەن، یان لەژێر کاریگەریی ناڕوونی و کینەی سیاسیی ئاراستەکراودان، یان لە بنەڕەتدا بڕوایان بەو مافە ڕەوایە نییە کە گەلی کوردستان (ھاوشێوەی تەواوی گەلانی جیھان) ھەیەتی، یانیش لە جەوھەری بابەتەکە نەگەیشتوون و تەنیا لە سۆنگەی دەرئەنجامە کاتییەکانەوە ھەڵسەنگاندن بۆ ڕووداوە مێژووییەکان دەکەن.
١. سیستەمی جیھانی لەسەر بنەمای سەروەریی دەوڵەتان و دابەشبوونی جوگرافیی سیاسی دامەزراوە. ئەم سیستەمە نە لەسەر بنەمای یۆتۆپیا و خەیاڵپڵاویی چەپ و دیموکراتیی گەلانە، نە لەسەر تێڕوانینی جەمسەربەندیی نالۆژیکی. بەڵکو کۆمەڵە یاسایەکی ئاسنینن کە سنوور، سەروەری و ھاووڵاتیبوون تێیدا قسەی یەکەم و کۆتایی دەکەن. لەناو ئەم ھاوکێشەیە جیھانییەی دەسەڵاتدا، گەلی کوردستان لە پەراوێزدا ژیاوە و بەپێچەوانەی ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆی، ناسنامەی بیانیی بەسەردا سەپێنراوە. ئەندامبوون لە دونیایەکدا کە ناسنامەکەت تێیدا فەرامۆش کرابێت، پڕییەتی لە نامۆبوون. ڕێک وەک ئەوەی ئەندامێک بێت لە خێزانێکی نامۆ، نەک خێزانی ڕەسەنی خۆت. ئەم دابەشکارییە نادادپەروەرانەیە ڕەنگدانەوەی بەسەر تەواوی ڕەھەندە ورد و درشتەکانی ژیانی تاکەکەسی، ناسنامە و ویژدانی بەکۆمەڵی نەتەوەکەمانەوە بووە. لەسەر ئەم بنەمایە، داواکردنی سەربەخۆیی و جەختکردنەوە لە ناسنامەی جیاواز، ڕەواترین داواکاریی مرۆڤەکانە و ھیچ ئارگومێنت، کۆسپ و بەربەستێک ناتوانێت لە گەورەیی و ڕەوایەتیی ئەم داوایە کەم بکاتەوە.
٢. ھەر بۆچوونێک کە پێی وابێت ڕیفراندۆم ھەڵە بوو چونکە نەیارانی گەلی کوردستان دژی وەستانەوە، لە بنەڕەتەوە دوورە لە لۆژیکی سیاسی. نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان لە ھیچ خولەکێکدا ئامادە نەبوون و نین ئەو مافە ڕەوایە پێشکەشی گەلی کوردستان بکەن. چ لۆژیکێکی سیاسی ڕێگە بە نەتەوەیەک دەدات تەنیا ئەو ھەنگاوانە بنێت کە نەیارە مێژووییەکانی ئارەزووی دەکەن؟
٣. سزادانی گەلی کوردستان مێژوویەکی سەدساڵەی ھەیە و بە ھیچ شێوەیەک لە دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆمدا کورت نابێتەوە. ئێمە ھەڵگر و میراتگری زامە قووڵەکانی جینۆساید، ئەنفال، کیمیاباران، ئاوارەیی و کۆچی زۆرەملێین. پرسیارە جەوھەرییەکە ئەوەیە: ئایا لە کاتی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستاندا ڕیفراندۆم کرابوو؟ ئایا کاتێک سیستەمی نێودەوڵەتی و ھاوکێشە سیاسییەکان بێباکانە دژی مافەکانی گەلەکەمان دەنووسرانەوە، ڕیفراندۆم ئەنجام نادرابوو بۆیە سزا دراین؟
٤. ڕیفراندۆم ئاشتییانەترین، شارستانییانەترین و دیموکراتییانەترین شێوازی ڕادەربڕین بوو بۆ بەدەستھێنانی مافێک کە لە دەقە نێودەوڵەتییەکاندا چەسپاوە. لەم پڕۆسەیەدا ھیچ ئامرازێکی توندوتیژی، چەک، یان نکۆڵیکردن لە مافی ھیچ نەتەوە و دەوڵەتێکی تر بەکارنەھات.
٥. ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی تەواو یاسایی و دەستووری بوو، چونکە ئیرادە و ویستی گەل، سەرچاوەی سەرەکی و بنەڕەتیی ڕەوایەتیدانە بە ھەر کردەیەکی سیاسی.
٦. لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە، مامەڵەی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بەرەو ئاراستەیەکی نادەستووری و نەیارانە ھەنگاوی نا. لە شەڕی دژ بە داعشدا، بەغدا نە ھەرێمی لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە پاڵپشتی دەکرد، نە ڕێگەشی دەدا ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بە ئاسانی بگەنە دەست ھێزی پێشمەرگە. بڕینی بودجەی ھەرێم لەلایەن بەغداوە لە کاتێکدا ڕوویدا کە ھەرێمی کوردستان لە شەڕێکی سەختدا بوو و میوانداریی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی دەکرد. تەواوی ئەم پێشێلکارییانەش لە کاتێکدا بوون کە ھێشتا پرسی ڕیفراندۆم نەبووبووە ڕۆژڤی سیاسی و لەئارادا نەبوو.
٧. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، کورد بە ئارەزوومەندانە بەشداریی لە پڕۆسەی ڕزگارکردنی عێراقدا کرد و بڕبڕەی پشتی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ بوو. لە دیباجەی دەستووری عێراقدا بە روونی ھاتبوو کە پابەندبوون بەم دەستوورە گەرەنتیی مانەوەی عێراقە بە یەکپارچەیی. لە ڕاستیدا، ڕەفتار، سیاسەت و بڕیارە تاییفەیەکانی حکوومەتی عێراق بوون کە گەلی کوردستانیان گەیاندە ئەو قەناعەتە کە ئیدی دەستوور وەک پەیمانێکی بنەڕەتی بۆ وڵات لەلایەن ناوەندەوە کاری پێناکرێت و بڕیاری ڕیفراندۆم بدات.
٨. فاکتەری سەرەکی لە دروستبوونی زەمینەی ڕیفراندۆمدا، سیاسەتە ھەڵەکانی حکوومەتی ناوەند بوو. بەغدا نەیتوانی پابەندی دەستوور بێت و بە چاوی یەکسانییەوە تەماشای تەواوی پێکھاتەکان بکات، بەڵکو ھێزە دەستەڵاتدارەکانی عێراق بەکردەیی لە فیدڕاڵیزم پاشگەز بوونەوە و بەرەو تایفەگەری و مەرکەزییەتی ڕەھا ھەنگاویان نا.
٩. بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڕیارێکی کتوپڕی مانگی حوزەیرانی ٢٠١٧ نەبوو، بەڵکو لە ١٨ی ئایاری ٢٠١٥ لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردەی یەکەمی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لێدرابوو. لایەنەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتبوون کە بەھۆی گەیشتنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا بە بنبەست، دەبێت ھەنگاوی کردەیی بەرەو سەربەخۆیی بنرێت و کۆمیتەیەکی تایبەت پێکبھێنرێت. بەڵام بەداخەوە، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان دوای ڕێککەوتنەکە ئاراستەی پڕۆسەکەیان گۆڕی بەرەو دروستکردنی قەیرانی پەرلەمانی لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم، کە ڕووداوەکانی حوزەیران و ئابی ٢٠١٥ی لێکەوتەوە. ئەمەش پڕۆسەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی دوو ساڵ دواخست و دەرفەتێکی زێڕینی مێژوویی لە گەلی کوردستان فەوتاند.
١٠. سەرەڕای دوو ساڵ دواکەوتنی پرۆسەکە، گەلی کوردستان بە زۆرینەیەکی (زیاتر لە ٩٢%) بە شێوازێکی ئاشتییانە ئیرادە و ویستی ئازادانەی خۆیان بۆ سەربەخۆیی خستەڕوو. دەنگی گەل زۆر زوڵاڵ، ڕوون و پیرۆز بوو. ئاسایی بوو کە دەوڵەتانی میراتگری سایکس-پیکۆ دژی بوەستنەوە. بەڵام تەنیا بابەتێک کە پێشبینینەکراو بوو، ناپاکی ناوخۆیی بوو کە زەبرێکی کوشندەی لە یەکگرتوویی، ئیرادە، ھیوا و خەونە مێژووییەکانی گەلی کوردستان دا.
١١. ڕیفراندۆم و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەل پیرۆزن و ناخرێنە ژێر پرسیارەوە. ھەر جۆرە سووکایەتیکردنێک بەم مافە مێژووییە لەلایەن ھەر تاکێکی کوردەوە، لە ڕاستیدا سووکایەتیکردنە بە ناسنامە، بوونی خۆی و تەواوی گەلی کوردستان. پێویستە ھۆشیاری و بوێریی ئەوەمان ھەبێت کە ڕێز لە خەون و مافە ڕەواکانمان بگرین و ڕاستییە مێژووییەکان وەک خۆیان ببینین.



