هادی عامری کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی ئەرێنی بوو

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی هادی عامری ناوەرۆكی كۆبوونه‌وەی لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی ئیدارەی دەوڵه‌تی له‌گه‌ڵ شاندی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بڵاوكردەوە.
ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وەی فراوانی سه‌ركردەكانی هاوپه‌یمانی ئیدارەی دەوڵه‌ت، له‌گه‌ڵ شاندی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی فازڵ میرانی له‌ به‌غدا له‌ ئۆفیسی سه‌رەكی هادی عامری و به‌ ئامادەبوونی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و موحسین مه‌ندەلاوی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و ژمارەیه‌ك له‌ سه‌ركردە دیارەكانی هاوپه‌یمانی ئیدارەی دەوڵه‌ت به‌ڕێوەچوو.
به‌ گوێرەی زانیارییه‌كانی نووسینگه‌ی هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح، له‌ كۆبوونه‌وەكه‌دا پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عێراق و دۆسییه‌ی هه‌ڵبژاردن گفتوگۆیان له‌بارەوە كرا.
له‌ راگه‌یه‌ندراوەكه‌دا ئه‌وەش خراوەته‌ڕوو، له‌ كۆبوونه‌وەكه‌دا تاووتوێی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوەكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرا و جه‌ختیش له‌ چارەسه‌رییه‌كان به‌ پێی دەستوور و به‌رژەوەندی نیشتمانی كرایه‌وە.
جه‌خت له‌ زمانی دیالۆگ و یه‌كخستنی بۆچوونه‌كان، له‌پێناو سه‌قامگیری پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق كرایه‌وە
بە گوێرەی زانیارییەکان، شاندی پارتی بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پابەندبوونی حکومەتی عێراقی بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێکردنی یاسای بودجە و بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی هەرێـمی کوردستان  و رێککەوتن لەسەر وادەی تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا گفتوگۆ دەکات.
هاوپه‌یمانی ئیدارەی دەوڵه‌ت له‌دوای كشانه‌وەی رەوتی سه‌در له‌ په‌رله‌مانی عێراق، له‌نێوان چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگی (نوری مالیكی، هادی عامری، قه‌یس خه‌زعه‌لی، عه‌مار حه‌كیم، حه‌یدەر عه‌بادی و بزووتنه‌وەی بابیلۆن هێزه‌ شیعه‌كانی دیكه‌) و پێكهاته‌ی كورد (پارتی و یه‌كێتی) و پێكهاته‌ی سوننه‌كان (هاوپه‌یمانیی سیادە و عه‌زم) پێكهاتووە و هه‌موویان حكومه‌تی ئێستای عێراقیان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی پێكهێناوە.