سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ چارەسەری کێشەی کارەبا هاتە سەر هێڵ

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ چارەسەری کێشەی کارەبا هاتە سەر هێڵ

دوای سێ ڕۆژ لە کەمکردنەوەی پێدانی کارەبا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ هاتە سەر هێڵ و پەیوەندیی بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە کرد.

لە 8ی 9ی 2026، کۆمپانیاکانی ماس و قەیوان بەبێ ڕەزامەندیی وەزارەتی کارەبا و بە بیانووی نۆژەنکردنەوە، بەرهەمهێنانی کارەبایان لە وێستگەکانی بازیان لە سلێمانی و شەمامک لە هەولێر بە بڕی 550 مێگاوات کەم کردەوە.

کۆژان یاسین، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕووناکی ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان 70%ی شایستە داراییەکانی ئەو دوو کۆمپانیایەی داوە، بەڵام بڕەکەی دیکەی شایستەکان بەهۆی بارودۆخی داراییەوە دواکەوتووە؛ لەبەر ئەوەش کۆمپانیاکان وەک گوشارێک ئەم هەنگاوەیان ناوە.

کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانەوە گوشار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن تاکوو 30%ی شایستە دارایییەکانیان پێ بدات.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕووناکی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم دوو کۆمپانیایە ڕۆژانە بڕی 1,000 مێگاوات کارەبا دەفرۆشنە عێراق و داهاتەکەی ڕاستەوخۆ بۆ خۆیانە نەک حکومەت.

هاوکات ئەمڕۆ عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ هاتووەتە سەر هێڵ و پەیوەندیی بە هەردوو کۆمپانیاکەوە کردووە تاکوو هاووڵاتییان سزا نەدرێن.

عەزیز ئەحمەد دووپاتی کردەوە کە سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەم دوو کۆمپانیایە کۆ دەبێتەوە و بەدڵنیایییەوە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا پێدانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، کۆمپانیاکانی ماس و قەیوان نزیکەی 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button